هەواڵ
مەترسییەكانی داعش سەرهەڵدەداتەوە .. بەسەرجەم هێزەكانەوە ڕوبەڕویان دەبنەوە
مەترسییەكانی تیرۆریستانی داعش ڕوو لەزیادبوون دەكات و لەسنوری پارێزگای نەینەوا كردەوەكانیان دەستپێدەكەنەوە، بەرپرسێكی یەكێتیش ئاشكرایدەكات كە 20 هەزار چەكداریان ماون و لەپاڵ هۆزە سوننیەكان و ناوچە گوندنیشنەكان خۆیان حەشارداوە، ڕاشیدەگەیەنێت كە 60%ی هێزە ئەمنییەكان هەوڵەكانیان بۆ لەناوبردنیان چڕكردۆتەوە.

غەیاس سورچی، وتەبێژی مەڵبەندی نەینەوای یەكێتی، بە SNNی ڕاگەیاند: پێشتر 35 هەزار تیرۆریستی داعش لەناو موسڵ هەبوون، بەڵام دوای دەستپێكردنی ئۆپەراسیۆنەكان و ڕزگاركردنی شارەكە، بەڕەچاوكردنی كوژراوان و بەدیلگیراوەكانیش، نزیكەی 20 هەزار داعش ماون.
وتیشی:" پاشماوەكانی داعش لەناو گوندو لەپاڵ هۆزە عەرەبە سوننەكان و بەشێكی توركمانی سوننە خۆیان حەشارداوەو داڵدەدراون، بۆیە ڕاستە لەرووی سەربازیەوە شكستیهێناوە، بەڵام لەڕووی بیربۆچوونەوە مەترسیان ماوە".
هۆشداریشی لەنانەوەی پشێوی و ئاڵۆزی ئەمنی داو وتی:" لەماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا لەناوچەكانی سەلامیەو حەزەرو نەمرودو سەعدیە لەسنووری نەینەوا، كردەوەی تیرۆرستیان ئەنجامداوە، لەلایەن سوپاو حەشدی شەعبیەوە بەبەردەوامی ئۆپەراسیۆن ئەنجامدەدرێت بۆ لەناوبردنیان، بەڵام بەم جۆرەی ئێستا دۆخەكە بەردەوام بێت، پشێوی لەنەینەوا دروستدەبێت".
ئەو بەرپرسەی یەكێتی ڕەتیكردەوە، داعش بتوانێت هیچ ناوچەیەك داگیربكاتەوەو ئاشكراشیكرد، لێرەو لەوێ پشێوی زۆر دروستدەكەن، ئەو گروپە سوپایەكی دیاریكراوی نییەو بەنهێنی كارەكانیان دەكەن، بەڵام پێشتر كە سوننەكان هاوسۆزیان بوون، دوای دەركەوتنی ڕووی راستەقینەیان، هاوڵاتیان هاوكاری سوپا دەكەن.
لەرووی هێزە ئەمنییەكانیشەوە، غەیاس سورچی وتی:" 60%ی هەموو هێزە ئەمنیەكان و سوپای عیراق و حەشدی شەعبی هێندراونەتە پارێزگای نەینەوا، بۆ ڕوبەڕوبونەوەیان.


SNN:

ڕەنج تاڵیب

 هەفتە پێشتر - Oct 12 2018 9:10AM
Print Friendly and PDF

بابەتی زیاتر
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ
نرخە جیهانیەکان
بۆ بەئاگابوون لە دواین زانیاریەکان
   
Tel: (+53) 320 0475
© Copyright 2018 SNN. All Rights Reserved.