هەواڵ
وەزارەتی پێشمەرگە لەبارەی جموجۆڵی داعش لەناوچەكانی هەرێم دێتەدەنگ
وەزارەتی پێشمەرگە لەسەر مەترسییەكانی زیادبونی جموجۆڵی تیرۆرستانی داعش دێتەدەنگ، ئەمینداری گشتی ئەو وەزارەتەش جەختدەكاتەوە، لەناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی سوپاو حەشدی شەعبی جموجۆڵەكان زیادبوون، ڕاشیدەگەیەنێت: هیچ جموجۆڵێكیان لەسنورەكانی پێشمەرگە نییە، بەغداش بۆ دروستكردنی هەماهەنگی نەهاتۆتەپێشەوە.

فەریق جەبار یاوەر، ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە، بە SNNی ڕاگەیاند: لەدوای دەرچوونی بەیاننامەی كۆتاییهێنان بەداعش لەلایەن حكومەتی عیراقەوە، بەئاشكرا ڕەتمانكردەوە كە داعش كۆتایی هاتبێت، بەڵكو تەنها لەشارە گەورەكان كۆتایی پێهێندراوەو شێوازی كاری تیرۆریستی خۆی بۆ گروپی بچوك بچوك دەگۆڕێت و جموجۆڵەكان دەستپێدەكاتەوە، ئێستاش لەسەرجەم ناوچەكان زیادیكردووە بەتایبەت دوای شەڕە گەورەكانی سوریاو بەرتەسككردنەوەی ناوچەكانی ژێر دەستی داعش.
سەبارەت بەهەماهەنگیان لەگەڵ هاوپەیمانان بۆ ڕووبەڕووبونەوەی چەكدارانی داعش، جەبار یاوەر وتی: "دوو هەفتە جارێك كۆبونەوەیەكی بەرفراوان لەگەڵ نوێنەرانی هاوپەیمانی بۆ شەڕی دژ بەداعش دەكەین، دەرخستەیەك لەلایەن ژووری ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكانی وەزارەتی پێشمەرگەوە دەخرێتەڕوو، دەربارەی هەموو كردەوە تیرۆرستییەكان، گفتوگۆش لەبارەی چۆنیەتی بەرەنگاربوونەوەو كۆتایی پێهێنانیان دەكرێت".
بەرپرسەكەی وەزارەتی پێشمەرگە، ئاشكراشیكرد: جموجۆڵە تیرۆریستییەكان لەو ناوچانەن كە لەژێر دەسەڵاتی سوپاو حەشدی شەعبی و پۆلیسی فیدراڵیدان، هیچ جموجۆڵێكی ئەوتۆیان نییە لەو ناوچانەی لەژێر كۆنترۆڵی پێشمەرگەدان، بۆ لەناوبردنیشیان لەناوچە جێناكۆكەكان داوای گەڕانەوەمان بۆ میكانیزمی هاوبەشی پێش ساڵی 2014 كردووە، بەتایبەت بۆ ناوچەكانی پارێزگای كەركوك و دیالەو سەڵاحەدین و هەولێرو موسڵ، كە هێزو ئۆپەراسیۆن و بازگەی هاوبەشمان هەبوو، بەڵام حكومەتی عیراق بۆ ئەو هەماهەنگییە نەهاتۆتە پێشەوە".


SNN:

ڕەنج تاڵیب

 هەفتە پێشتر - Nov 9 2018 11:13AM
Print Friendly and PDF

بابەتی زیاتر
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ
نرخە جیهانیەکان
بۆ بەئاگابوون لە دواین زانیاریەکان
   
Tel: (+53) 320 0475
© Copyright 2018 SNN. All Rights Reserved.