هەواڵ
وه‌زاره‌تی‌ دارایی واده‌ی‌ هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی‌ پاشه‌كه‌وتی‌ موچه‌ ڕاده‌گه‌یه‌نێت
وه‌زاره‌تی‌ دارایی هه‌رێم ڕونكردنه‌وه‌ له‌باره‌ی‌ زیادكردنی‌ پاره‌ی‌ ته‌رخانكراو له‌به‌غداوه‌ بۆ موچه‌ی‌ فه‌رمانبه‌ران ده‌دات، به‌گوێره‌ی‌ زانیارییه‌كانیش، ئه‌گه‌ر ئه‌و پێشنیازه‌ی‌ كراوه‌ بۆ زیادكردنی‌ 317 ملیار دیناره‌كه‌ ئه‌وا پاشه‌كه‌وتی‌ موچه‌ی فه‌رمانبه‌ران هه‌ڵده‌وه‌شێته‌وه‌.

ئه‌حمه‌د حاجی ڕه‌شید ئه‌ندامی لیژنه‌ی‌ دارایی له‌ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌ران له‌په‌یجی‌ تایبه‌تی‌ خۆی له‌تۆڕی‌ كۆمه‌ڵایه‌تی‌ فه‌سیبوك نوسیویه‌تی‌:"ڕێكه‌وتنێكی‌ نهێنی‌ هه‌یه‌ كه‌ هه‌رێم خۆی نه‌وته‌كه‌ی‌ بفرۆشێت و مانگانه‌ 454 ملیار دیناریش بۆ موچه‌ی‌ فه‌رمانبه‌ران و شه‌ش ملیار دینار بۆ پێشمه‌رگه‌ له‌به‌غداوه‌ ڕه‌وانه‌ی‌ هه‌رێم بكرێت".

له‌و ڕوه‌شه‌وه‌ سه‌رچاوه‌یه‌ك له‌وه‌زاره‌تی‌ دارایی و ئابوری‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم ئه‌وه‌ی‌ بۆ SNN ڕونكرده‌وه‌، تائێستا له‌لایه‌ن به‌غداوه‌ ئاگادارنه‌كراونه‌ته‌وه‌ بۆ زیادكردنی‌ پاره‌ی‌ ته‌رخانكراو بۆ موچه‌ی‌ فه‌رمانبه‌رانی‌ هه‌رێم.

وتیشی‌:"ئه‌گه‌ر پشكی‌ هه‌رێم له‌مساڵدا بكرێته‌ 454 ملیار دینارو شه‌ش ملیار دیناریش بۆ پێشمه‌رگه‌ ته‌رخان بكرێت، ئه‌وا ده‌توانرێت پاشه‌كه‌وتی‌ موچه‌ی‌ فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم هه‌ڵبوه‌شێنینه‌وه‌".

به‌وته‌ی‌ سه‌رچاوه‌كه‌ی‌ وه‌زاره‌تی‌ دارایی، "بۆ دابینكردنی‌ موچه‌، ئێستا مانگانه‌ وه‌زاره‌تی‌ دارایی پێویستی‌ به‌ 725 ملیار دینار هه‌یه‌، ئه‌گه‌ریش 150 ملیار دیناری دیكه‌ی بۆ زیادبكرێت، پاشه‌كه‌وت لاده‌برێت، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا پێویسته‌ یه‌كێك له‌و پێشنیازانه‌ بۆ پشكی‌ هه‌رێم له‌پڕۆژه‌ بودجه‌ی‌ 2019 یه‌كلابكرێته‌وه‌".

ئه‌و سه‌رچاوه‌یه‌ جه‌ختیكرده‌وه‌، "دابینكردنی‌ موچه‌ی‌ فه‌رمانبه‌ران پشت به‌دوو سه‌رچاوه‌ ده‌به‌ستێت كه‌ بریتین له‌داهاتی‌ وه‌زاره‌تی‌ سامانه‌ سروشتیه‌كان و ناردنی‌ پاره‌ له‌به‌غداوه‌، ئه‌گه‌ر یه‌كێك له‌و سه‌رچاوانه‌ زیادبكرێت، ئه‌وا به‌دڵنیاییه‌وه‌ پاشه‌كه‌وتی‌ موچه‌ی‌ فه‌رمانبه‌ران هه‌ڵده‌وه‌شێته‌وه‌".


SNN:

سامان به‌ختیار

 هەفتە پێشتر - Jan 12 2019 10:29AM
Print Friendly and PDF

بابەتی زیاتر
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ
نرخە جیهانیەکان
بۆ بەئاگابوون لە دواین زانیاریەکان
   
Tel: (+53) 320 0475
© Copyright 2018 SNN. All Rights Reserved.