نێچیرڤان بارزانى به‌بۆنه‌ى 45 مین ساڵیادی دامەزراندنی یەكێتی په‌یامێكى بڵاوكرده‌وه‌

0
472

كه‌مێك له‌مه‌وبه‌ر سه‌رۆکی هه‌رێمی کوردستان به‌بۆنه‌ى (45) هه‌مین ساڵیادى دامه‌زراندنی یه‌کێتیی نیشتمانیی کوردستان په‌یامێكى ئاراسته‌ى هاوسەرۆكان و ئەنجومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندی و مەكتەبی سیاسيى یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان كرد و رایگه‌یاند: یەكێتیى نیشتمانیى كوردستان، بەشێكی گرنگى بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی كوردستانه‌، لەگەڵ پارتی دیموكراتى كوردستان و لایەنەكانی دیكەدا، هاوبەشی سەرەكیبوون لە ده‌سكه‌وته‌كان و پرۆسەی سیاسی و بنیاتنانى دامەزراوەكانی هەرێمی كوردستان.

له‌ به‌یاننامه‌كه‌دا كه‌ ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ بڵاوكراوه‌ته‌وه‌ نێچیرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان رایگه‌یاندووه‌: “به‌ڕێزان هاوسەرۆكان و ئەنجومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندی و مەكتەبی سیاسیى یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، له‌ (45)هه‌مین ساڵیادى دامەزراندنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستاندا، پیرۆزبایی لە ئێوەی بەڕێز و سەركردایەتی و ته‌واوى ئه‌ندامان و جەماوەری یەكێتی دەكه‌م، هیواى سه‌ركه‌وتنتان بۆ ده‌خوازم”.

وتوشیه‌تى: ” یەكێتیى نیشتمانیى كوردستان، بەشێكی گرنگى بزووتنەوەی رزگاریخوازیی كوردستانه‌، لەگەڵ پارتی دیموكراتى كوردستان و لایەنەكانی دیكەدا، هاوبەشی سەرەكی بوونە لە ده‌سكه‌وته‌كان و پرۆسەی سیاسی و بنیاتنانى دامەزراوەكانی هەرێمی كوردستان و لە چەسپاندنی مافەكانی گەلی كوردستان لە دەستووری عێراقدا”.

نێچیرڤان بارزانى ئه‌وه‌شى خستووه‌ته‌ڕوو: ” ئێستاش له‌ كاتێكدا هه‌رێمى كوردستان وه‌ك عێراق و ناوچه‌كه‌، ڕووبه‌ڕووى دۆخێكى هه‌ستیار و ته‌حه‌دیاتى گه‌وره بووه‌ته‌وه‌، له‌ هه‌موو كاتێك زیاتر پێویستیمان به‌ ته‌بایى، كارى هاوبه‌ش و یه‌كڕیزى هه‌یه‌ كه‌ تاکه‌ ڕێگه‌ى سه‌ركه‌وتن و بنه‌ماى هه‌موو ده‌سكه‌وته‌كانه‌‌. له‌ رابردوودا هاوكارى و هه‌ماهه‌نگیى سه‌رۆك مام جه‌لال كه‌ ئه‌مڕۆ به ‌رێزه‌وه یادى ده‌كه‌ینه‌وه‌، له‌گه‌ڵ سه‌رۆك مه‌سعوود بارزانى، سه‌لمێنه‌رى ئه‌و راستییه‌ن”. ‌

ئاماژه‌ى به‌وه‌شكردووه‌: “بۆ سه‌قامگیریى سیاسى و یەكهەڵوێستى لەسەر پرسە سەرەكییەكانی گەلی كوردستان، تێپەڕاندنى سه‌ركه‌وتووانه‌ى دۆخه‌كه‌، پاراستنى قه‌واره‌ى ده‌ستووریى هه‌رێمى كوردستان و ده‌سته‌به‌ركردنى مافه‌ ده‌ستوورییه‌كانى گه‌لى كوردستان، سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان له‌گه‌ڵ هه‌موو لایه‌ن و پێكهاته‌كان له‌ هه‌وڵه‌كانى به‌رده‌وام ده‌بێت، چاوه‌ڕێى هەڵوێستی كوردستانیانه‌ش له‌ هه‌مووان دەكەین”.

له‌ كۆتایى قسه‌كانیدا سه‌رۆكى هه‌رێم روونیشیكردووه‌ته‌وه‌: “له‌م یاده‌دا دروود بۆ گیانى شه‌هیدانى یه‌كێتیى نیشتمانیى كوردستان و ته‌واوى شه‌هیدانى كوردستان كه‌ گیانیان له‌پێناو ئازادیى گه‌له‌كه‌یاندا به‌خشى، سه‌رى ڕێز و نه‌وازش له‌ به‌رده‌میاندا داده‌نوێنین و سڵاو و ڕێز بۆ خانه‌واده‌ سه‌ربه‌رزه‌كانیان ده‌نێرین”.

بەشی بکە لە
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this