دۆخی دارایی زیانی زۆری بە کەرتی گەشتیاری گەیاندووە

0
618

SNN-سۆران

بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری سۆران رایگەیاندووە، بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و دۆخی دارایی هەرێمەوە، زیانی زۆر بەر کەرتی گەشتیاری کەوتووە و هەلی کاریش لە ناوچە گەشتیارییەکان 50% کەمبووەتەوە.

بارزان محەمەد بەڕێوەبەری‌ گەشتوگوزاری سۆران بە SNNی ڕاگەیاند : “لە دوای 10ی ئازاری ساڵی ڕابردوو ڕۆژانە نزیکەی 5هەزار بۆ 6هەزار گەشتیار سەردانی هاوینەهەوارو ناوچە گەشتیارییەکانی دەڤەری سۆرانیان دەکرد، کەچی ئەمساڵ لەدوای هەڵگرتنی قەدەغەی هاتوچۆ ڕۆژانە ڕێژەیەکی زۆر کەم گەشتیار ڕوویان کردە ناوچە گەشتیارییەکان، دەتوانم بڵێم هاتنی گەشتیاران زۆر کەمبووەتەوە و بەڕێژەی %70دابەزیوە”.

ڕێباز فارس خۆی و خێزانەکەی لەهەولێرەوە هاتونەتە ناوچە گەشتیارییەکانی دەڤەری سۆران، ڕێباز دەڵێت: “من لە هاوین و وەرزی بەهار سەردانی بێخاڵ و گەلی علی بەگ دەکەم، ئەمساڵ بە جیاواز لەگەڵ ساڵی ڕابردوو ناوچە گەشتیاریەکان چۆڵن و هەست ناکەیت کە ئێرە بێخاڵە چونکە هیچ کاتێک لە مانگی ئایار و حوزەیران بێخاڵم ئاوا بە چۆڵی نەبینیوە”.

ئەو گەشتیارە باسی لەوەشکرد کە، من ئێستا کە لەهەولێرەوە هاتومەتە سۆران خەرجیەکانیشم لەچاو ساڵی‌ ڕابردوو کەمکردۆتەوە، چونکە کاتی وەرگرتنی مووچەم نادیارە”.

حسێن بێخاڵی کە خاوەنی چێشتخانەیە لە هاوینەهەواری بێخاڵ بۆ SNN وتی: “بەهۆی کەمبونەوەی ڕێژەی‌ گەشتیاران و ئەو دۆخەی کە ئێستا هەیە، گەشتیار وەکو جاران نان لە چێشتخانەکانی ناوچە گەشتیاریەکان ناخوات، ڕێژەی کرێکار و شاگردمان لە چێشتخانەکەمان زۆر کەمکردووەتەوە، جاران بە 10 کەس پێڕانەدەگەیشتین میوان بەڕێبکەین، کەچی ئێستا بە سێ کەس ئەو چێشتخانەیە بەڕێوەدەبەین و هێشتاش میوان و گەشتیارمان زۆر کەمبووەتەوە”.

وتیشی:” ئێستا لەبڕی قازانج بە ئەستەم دەتوانین بگەینەوە بە دەستمایەی خۆمان، ئەگەر دۆخی ناوچە گەشتیاریەکان بەو شێوە بمێنێتەوە ڕەنگە چێشتخانەکەمان دابخەین”.

دەڤەری سۆران بەهەر چوار قەزای سۆران، چۆمان، ڕواندزو مێرگەسۆر خاوەنی ژمارەیەکی زۆر هاوینەهەوار و ناوچەی گەشتیاری کەرتی تایبەت و گشتیە. بە ڕێژەی %80ی ناوچە گەشتیاریەکانی پارێزگای هەولێر کەوتونەتە دەڤەری سۆران. ناوچەکە خاوەنی هاوینەهەواری‌ بێخاڵ، جندیان، گەلی عەلی بەگ، کانی ماران و گەلی سەکرانن.

بەشی بکە لە
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this