داهاتووی ژینگەی دەریاچەی دوکان مەترسیی لەسەرە

0
1089

SNN- راپۆرتی محەمەد مستەفا

بەهۆی نەبوونی ریسایکلینی ئاوەڕۆ لە سنووری ئیدارەی راپەڕین، ماوەی چەندین ساڵە ئاوی قورسی هەریەک لە قەزاکانی رانیە و پشدەر و ناحیەکانیان دەڕژێنە ئاوی دەریاچەی دوکان، هەرچەندە لە ئێستادا پشکنینەکان دەریانخستەوە کە ئاوی دەریاچەکە شیاوە بۆ خواردنەوە و پاکە، بەڵام شارەزایانی بواری ئاو پێیانوایە لە داهاتوودا ئەم کارە مەترسی بۆ سەر ژینگەی دەریاچەکە دروستدەکات کە سەرچاوەی ئاوی خواردنەوەی بەشی زۆری دانیشتوانی سنوری پارێزگای سلێمانییە .

“ئاوەڕۆی رانیە و قەڵادزێ ریسایکلین ناکرێت و راستەوخۆ دەڕژێتە ئاوی دەریاچەی دوکان و زێی بچووکەوە “

سەلام عومەر بەڕێوەبەری ئاوی راپەڕین بە SNN ی راگەیاند “ماوەی چەندین ساڵە ئاوی قورسی قەزای رانیە و ناحیەکانی راستەوخۆ دەڕژێنە دەریاچەی دوکان و هاوکات ئاوەڕۆی قەزای پشدەر و ناحیەکانیشی دەڕژێنە ئاوی زێی بچووک و لەوێشەوە بۆ دەریاچەی دوکان، بێئەوەی هیچ یەکەیەکی ریسایکلینی ئەو ئاوە قورسە لەسەر ئاوەڕۆکانی سنوورەکە بوونی هەبێت، ئەم کێشەیەش حکومەتی هەرێم لێی بەرپرسیارە” .

بەڕێوەبەری ئاوی راپەڕین وتیشی: “ئەرکی حکومەتی هەرێم لەم گرفتە بریتییە لە دروستکردنی یەکەی ریسایکلینی ئاوی قورس بۆ ئاوەڕۆی قەزا و ناحیەکانی سنووری ئیدارەی راپەڕین، ئەم داوایەش چەندینجار ئاڕاستەی حکومەت کراوە، بەڵام حکومەتی هەرێم وەڵامی نەبووە، چونکە بەردەوامیی رژانی ئاوی قورسی سنووری ئیدارەی راپەڕین بۆ دەریاچەی دوکان لە ئێستاشدا نەبێت لە چەند ساڵی داهاتوو کاریگەری خراپی ژینگەیی دەبێت لەسەر ئاوی دەریاچەکە کە سەرچاوەی ئاوی نزیکەی نیوەی دانیشتوانی هەرێم دابیندەکات .”

“لە ئێستادا هەموو پشکنینەکان دەریانخستووە ئاوی دەریاچەی دوکان پاکە، بەڵام پاکیی ئاوەکە بۆ داهاتوو دەکەوێتە مەترسییەوە “

محەمەد تاهیر بەڕێوەبەری بەندوای دوکان بۆ SNN وتی: “ماوەی چەندین ساڵە بە بەردەوامیی پشکنینی جیاواز بۆ ئاوی دەریاچەی دوکان کراوە و نمونەی ئاوەکەی لەزۆر شوێنی دەریاچەکە وەرگیراوە و هەموو ئەنجامی پشکنینەکانیش دەریانخستووە کە لە ئێستادا ئاوی دەریاچەکە پاکە و شیاوە بۆ خواردنەوە و تا ئێستا هیچ زیندەوەرێکی دەریاچەکە رووبەڕووی لەناوچوون نەبۆتەوە، بەڵام ئەمە مانای ئەوە نییە کە مەترسی لەسەر ژینگەی دەریاچەکە بوونی نییە”.

بەڕێوەبەری بەنداوی دوکان دەشڵێت: “زۆریی و کەمیی ئاستی ئاوی دەریاچەی دوکان کاریگەری راستەوخۆی هەیە لەسەر ژینگەی دەریاچەکە، بە نمونە لەکاتی بەرزبوونەوەی ئاستی ئاوی دەریاچەکە ئەگەری رێژەی پیسبوونی ئاوەکە زۆر کەمە، بەڵام دابەزینی ئاستی ئاوەکە مەترسی رێژەی پیسبوونی دەریاچەکە زۆر زیاد دەکات .”

محەمەد تاهیر ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد: رژانی ئاوەڕۆی سنووری ئیدارەی راپەڕین بۆ ناو دەریاچەی دوکان بە بێگومان لە ئایندەدا کاریگەریی خراپی دەبێت، بۆیە پێویستە لەسنووری ئیدارەی راپەڕین یەکەی ریسایکلین لەسەر ئاوەڕۆکان و ئاوی قورس دابنرێت، ئەمە جگە لەوەی کە ئەوان وەک بەرپرسی بەنداوی دوکان دەیان جار داوایان لە بەرپرسانی حکومی کردووە رێگەچارەیەک بۆ ئەم کێشەیە بدۆزنەوە .

“زۆربوونی رێژەی دانیشوانی راپەڕین مەترسی پیسبوونی ئاوی دەریاچەکە زیاتر دەکات “

مامۆستا عەبدولڕەحمان رەسوڵ خاوەن بڕوانامەی ماستەرە لە ژینگەی ئاوی بە SNN ی راگەیاند: ئەو بەشێوەیەکی مەیدانی لێکۆڵینەوەی لە شێوازی پیسبوونی ئاوی زێی بچووک کردووە بەهۆی رژانی ئاوەڕۆی سنووری قەزای پشدەر بۆ ناوی پاشانیش لەوێوە بۆ دەریاچەی دوکان و بۆی دەرکەوتووە کە بەهۆی ئاوی قورسی سنووری قەزای پشدەر چەندین بەکتریای زیانبەخش تێکەڵی ئاوەکە دەبن کە دەکرێت لە داهاتوودا گرفتی ژینگەیی گەورە بۆ دەریاچەی دوکان دروستبکەن .

وتیشی: “زۆربوونی رێژەی دانیشتوانی ئیدارەی راپەڕین لە داهاتوودا دەبێتە هەڕەشەیەکی جددی بۆ سەر ژینگەی دەریاچەکە گەر بێت و ریسایکلین بۆ ئاوەڕۆکانی قەزا و ناحیەکانی سنورەکە دانەنرێت و لە ئێستاشدا لە وەرزی هاویندا بەهۆی کەمبوونەی ئاستی ئاوی زێی بچوک هەڕەشەی پیسبوونی ئاوەکە زۆر زیاترە وەک لە وەرزەکانی تر “.

ئەو مامۆستایە روونیشیکردەوە: راستە لە ئێستادا یەکەی ریسایکلین لەسەر ئاوەڕۆکان بوونیان نییە، بەڵام خۆ دەکرێت هاوڵاتیان خۆیان هۆشیاری ئەوەیان هەبێت ژینگەی دەریاچەکە و ئاوی زێی بچووک بپارێزن وەک ئەوەی مەڕ و ماڵات و ئۆتۆمبێل لەناو سەرچاوەکانی زێی چووک نەشۆن و دەرمانی قڕکەری کشتوکاڵی تێکەڵی ئەو ئاوانە نەکەن، چونکە پیسبوونی دەریاچەی دوکان واتا وەستانی ژیان لە نیوەی کوردستان .

بەشی بکە لە
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this