به‌پێدانى سێ مووچه‌ كرێكارانى پاككه‌ره‌وه لەگەرمیان‌ چوونەوە سەر کارەکانیان

0
687

SNN- سیروان حه‌سه‌ن 

بۆ جارى سێهه‌م كرێكارانى پاككه‌ره‌وه‌ له‌ گه‌رمیان له‌به‌ر پێنه‌دانى مووچه‌كانیان مانیان گرت و به‌وهۆیه‌وه‌ كۆڵان و شه‌قامه‌كان خۆڵ و خاشاكى زۆرى هاووڵاتیانى تێدا كۆبووه‌وه‌.

لایه‌نى په‌یوه‌ندیداریش ده‌ڵێت “ئه‌مڕۆ كێشه‌كه‌یان چاره‌سه‌ر كراوه‌ و به‌پێدانى سێ مووچه ‌ده‌ستیان به‌ كاركردن كردووه‌، بڕیاره‌ چه‌ند ڕۆژی داهاتوو ناوچه‌كه‌ پاكبكه‌نه‌وه”.

له ماوه‌ى سێ مانگى رابردوودا بۆ جارى سێهه‌مه‌ كرێكارانى كۆمپانیاى سه‌گرمه‌ كه‌ كارى پاككه‌ره‌وه‌ى شار و ناوچه‌كانى گه‌رمیانیان له‌ ئه‌ستۆدایه‌ له‌به‌ر پێنه‌دانى مووچه‌ى چه‌ند مانگێكیان مانده‌گرن و كار ناكه‌ن.

به‌رزان كه‌ریم بەڕێوه‌به‌رى گشتى شاره‌وانییه‌كانى گه‌رمیان بهSNNى راگه‌یاند: له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان له‌ هه‌وڵدابوون بۆ ئه‌وه‌ى كێشه‌ى پاككه‌وانى كۆمپانیاى سه‌گرمه‌ چاره‌سه‌ر بكه‌ن و ده‌ست به‌كاركردن بكه‌نه‌وه‌ كه‌ له‌به‌ر دواكه‌وتنى مووچه‌ى چوار مانگیان چه‌ند ڕۆژێكه‌ كار ناكه‌ن.

وتیشى: “ئه‌مڕۆ سێ مووچه‌یان بۆ سه‌رف كراوه‌ و ته‌نها یه‌ك مووچه‌یان ماوه‌ و هه‌ر ئه‌مڕۆش ده‌ستیان كردووه‌ به‌ كاركردن، به‌ڵام له‌به‌رئه‌وه‌ى چه‌ند ڕۆژێكه‌ كار ناكه‌ن و خۆڵ و خاشاكى زۆر كۆبووه‌ته‌وه‌، بۆیه‌ كاتى ئه‌وێت بۆ ئه‌وه‌ى وه‌كو پێشووتر ناوچه‌كه‌ پاكبێته‌وه”.

له‌ سنوورى گه‌رمیان ڕۆژانه‌ زیاتر له‌ 500 تۆن و خۆڵ و خاشاك هه‌یه‌ و له‌لایه‌ن كرێكارانى كۆمپانیاى سه‌گرمه‌وه‌ پاكده‌كرێته‌وه‌ كه‌ زۆربه‌یان مووچه‌كانیان 300 هه‌زار دیناره‌.

بەشی بکە لە
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this