چیرۆكی ئەو گەنجەی بە بەخشینی گورچیلەیەك ژیانی منداڵێكی ڕزگاركرد

0
16872

SNN-عەلی حەمە سەعید
دوای ئەوەی خێزانێكی دانیشتووی ناحیەی خورماڵی سەر بە پارێزگای هەڵەبجە منداڵێكی تەمەن 11 ساڵیان توشی سست بوونی گورچیلەكانی دەبێت و هەوڵێكی زۆر دەدەن بۆ پەیداكردنی گورچیلە بەڵام هەوڵەكەیان بێهودە دەبێت، دواتر گەنجێك بە بەخشینی گورچیلەیەكی خۆی بە بێ‌ بەرامبەر ژیانی ئەو منداڵە ڕزگار دەكات.

هۆگر تەیمور، برای ( بژار تەیمور) كە نەشتەرگەری چاندنی گورچیلەی بۆ كراوە بە SNNی ڕاگەیاند: بژاری برام ماوەی سێ‌ مانگە بەدەست چەند نەخۆشییەوە دەیناڵاند تا دواجار بردمانە نەخۆشخانە لەلایەن پزیشكی پسپۆڕەوە پێمان ڕاگەیەندرا كە هەردوو گورچیلەی سستبوون و دەبێت بە زووترین كات نەشتەرگەری چاندنی گورچیلەی بۆ ئەنجام بدرێت، ئەم هەواڵە ئێمەی توشی شۆك كرد ڕاستەوخۆ بیرمان لەوە كردەوە چۆن بتوانین گورچیلەی بۆ پەیدا بكەین.

ئاماژەی بەوەشكرد، دوای چەندین هەوڵ و خزمان و كەسوكار كەوتنە ئەوەی كە بەهەر جۆرێك بێت گورچیلە بۆ بژار پەیدا بكەین، هەر لەو چوارچێوەیەشدا بە ناچاری بانگەوازماكرد بۆ فرۆشتنی ئەو خانووەی كە شوێنی نشیتەجێبوونمانە لە ناحییەی خورماڵ تا بتوانین گورچیلەیەك (لە بازاڕی ڕەشدا) بكڕین، بەڵام خانوەكەشمان هێندە پارەی نەكرد تا گورچیلەیەكی پێدابین بكەین كە لەگەڵ گورچیلەكانی بژاردا بگونجێت، بۆیە بەردەوام لەڕێگەی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانەوە داوای هاوكاریمان لە هاوڵاتیان دەكرد.

باسی لەوەکرد، بەر لە چەند ڕۆژێك سەر لەبەیانی بوو تەقەی دەرگای حەوشە هات وامان زانی كڕیارێكە و دەیەوێت بێت خانوەكەمان لێبكڕێت، بەڵام بینیمان گەنجێكی تەمەن 24 ساڵە و سەروسیمایەكی جوانی هەیە و مۆڵەتی خواست بێتە ژوورەوە كەمێك گفتوگۆ بكات لەگەڵ باوكمدا، دوای دانیشتن بە باوكمی وت: “من ناوم (بەڕێز نیعمەت)ە و هاتووم تا پێتان بڵێم ئامادەم گورچیلەی خۆم ببەخشمە بژار ئەگەر لێم قەبوڵ بكەن”.ئەم وتەیەی ئەو گەنجە ئێمەی بردە دنیایەكی دیكەوە و وامان دەزانی خەون دەبینین، بۆیە بە بێ‌ دوڵی باوكم بەڵێی بۆ كرد، بڕیارماندا خێرا دەست بكەین بە ئەنجامدانی پشكنین بزانین ئاخۆ گورچلەی ئەو گەنجە بۆ ئەم برایەی ئێمە دەگونجێت.

هۆگر بە دەم گێرانەوەی چیرۆكەوە ئەوەی وت: “دوای ئەنجامدانی پشكنین بۆ ئەو گەنجە تەمەن 24 ساڵە، لەلایەن پزیشكە پسپۆڕەكەوە پێمان ڕاگەیەندرا كە گورچیلەی (بەڕێز) بۆ ( بژار)ی برام دەگونجێت و هیچ كێشەیەكی نییە، ئەم هەواڵە زۆر دڵخۆشی كردین بەجۆرێك كە ناتوانین دەری ببڕین، بۆیە هەر ئەوكاتە بڕیارماندا كە ئێمە تا ئێستا چوار برا بووین (بەڕێز)یش هاتە ناو خێزانەكەمانەوە و بووینە پێنج برا، هەر دوێنیش هاتینە نەخۆشخانەی فاروق و لەوێ‌ دەستمانكرد بە ئەنجامدانی پشكنین و دواتر بە ڕەزامەندی هەردوو دایك و باوكی ( بەڕێز) نەشتەرگەرییەكەمان بەسەركەوتووی بۆ بژاری برام ئەنجامدا و ئێستا تەندروستی هەردولایان بەرەو باش بوون دەچێت.

سوەیلە محەمەد، دایكی (بەڕێز نیعەمەت) بۆ SNN ئەوەی خستەڕوو بەڕێزی كوڕم هەفتەی پێشوو هاتەوە لە نزیكمەوە دانیشت و پێی وتم كە دەمەوێت كارێكی خێرخوازی ئەنجام بدەم، منیش زۆرم پێخۆش بوو بەڵام هەرگیز بیرم لەوە نەدەكردەوە كە ئەندامێكی جەستەی ببەخشێت بە كەسێكی دیكە كە نایناسین و ناشزانین خەڵكی كوێن، بۆیە وتم فەرموو بزانم چ خێرێك دەكەی بە ترسێكەوە وتی دەمەوێت (گورچیلەیەكم ببەخشم) لێم دوبارە كردەوە هەمان ئەو قسەیەی كرد.

من زۆرم بەلاوە سەیر بوو، چونكە هەرگیز بە بیرمدا نەهاتووە ( بەڕێز) ئەو كارە بكات، بەڵام لە دوای گفتوگۆیەكی زۆر ئەو سور بوو لەسەر ئەوكارەی چونكە دیاربوو لە تۆڕە كۆمەڵایەتیەكان باوكی( بژار)ی بینیبوو كە گریاوە و حاڵی زۆر پەرێشان بووە ئەم كوڕەی منیش بەڵێنی داوە هاوكاری ئەو باوك و كوڕە بكات، بۆیە منیش بەناچاری ڕازی بووم بەو كارە بەڵام بەو مەرجەی سوێند بخوات كە تەنها مەبەستی خێرخوازییە و بە پارە نایدات بەو خێزانە، ئەویش لەوە دڵنیای كردمەوە منیش ڕازی بووم، ئێستا زۆر هەست بە خۆشی دەكەم كە كوڕەكەم بەوكارە هەستاوە و ژیانی منداڵێكی ڕزگار كردووە و خێزانێكی دڵخۆشكردووە.

 

بەشی بکە لە
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this