پزیشکان و کارمەندانی تەندروستی داوایی گۆڕینی وەزیری تەندروستی دەکەن

0
328
لۆگۆى تۆڕى هه‌واڵى سلێمانى (SNN)

SNN

پزیشکان و کارمەندانی تەندروستی سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەی راپەڕین و گەرمیان، بەیانمایەک بڵاودەکەنەوە تێێدا چەند خاڵێک دەخەنە روو کە گرنگترینیان دەستلەکارکێشانەوەی وەزیری تەندروستی هەرێمی کوردستانە.

دەقی ڕاگەیەندراوەکە:

وەک ئاگادارن وا بۆ ماوەی حەوت رۆژی تەواوە زیاد لە هەزار پزیشک لە پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدرەکانی ڕاپەڕین و گەرمیان، بەهۆی دواکەوتنی مووچە کە مافێکی سەرەتاییانە بایکۆتی ناوەندە تەندروستییەکانیان کردووە و هەر بەوهۆیەشەوە تەواوی نەخۆشخانە و مەڵبەند و بنکە تەندروستییەکان داخراون و ئەمەش مەترسی لەسەر ژیان و گیان و تەندروستی هاونیشتمانیانی ئەم دەڤەرە دروستکردووە بەڵام وەک ئەوەی ئەم ناوچەیە خەم و ناسۆر و جیاکارییانەی دەرهەق بە خەڵکەکەی دەکرێت بەسی نەبووبێت، بۆ بەردەوامی دان بەم کێشانە سەرۆکی حکومەت و وەزیری تەندروستی لە بێدەنگییەکی قوڵدان و بێوەڵامدانەوەی داواکارییەکانمان سەرەڕای بوونی پارەی پێویست بۆ دابەشکردنی وەک مووچە و بێگوێ دانە گرنگی کار و پیشەی پزیشکان بەتایبەت لەم کاتەدا کە بڵاو بوونەوەی کۆرۆنا گەشتۆتە ترۆپکی و مەترسی جدی لەسەر هاوڵاتیان دروستکردووە و ڕۆژ نییە زیاد لە پزیشکێک تووشی ئەم ڤایرۆسە نەبێت، هەر ڕۆژە و بە بابەتێکی لاوەکییەوە خەڵک دەخڵافێنن و داخوازی ئەوەن کێشەی مووچە و قووتی هاوڵاتیان لە بیر بەرنەوە .. بۆیە :

1ـ داواکارین بە گۆڕینی وەزیری تەندروستی بە کەسێکی تر کە توانستی زانستی و بەڕێوەبردنی لە ئاستێکدابێت کە بێ گوێدانە ناوچەگەرایەتی و بیری تەسکی حیزبایەتی بتوانێت خزمەت بە کەرتی تەندروستی بکات لە سەرجەم ناوچەکانی کوردستان بەم دەڤەرەشەوە چونکە لە ئێستادا گومانمان لا دروست بووە کە ئاخۆ تۆ بڵێی کڵێشەی وەزارەتی تەندروستی ئەم ناوچەیەی لەخۆ گرتبێت ! بەو هیوایەی کەسێک دابنرێت کە نومایەندە و داواکارێکی سەرسەختی پزیشکان بێت و هەیبەت و ئاستی زانستی وەزارەتی تەندروستی لە بەڕێوەبردنی کێشەکاندا بە بەرزی ڕاگرێت نەک ببێتە بەشێک لە بڕیاری ناتەندروست و نازانستی بە پاڵنەری لاوەکی.

2ـ داواکارین سەندیکای پزیشکان بێتە سەرخەت و بە دەنگێکی دلێر داوای ڕەوای پزیشکان بە لایەنەکان ڕاگەیەنێت بە پێچەوانەوە لە ئەگەری بەدەمەوە نەهاتنی داواکارییەکانمان داوایان لێدەکەین دەست لە کاربکشێننەوە و دەستەیەکی نوێ بۆ بەڕێوەبردنی سەندیکای پزیشکان هەڵبژێردرێت کە دەنگی ڕاستەقینەی پزیشکان بێت و لەگەڵ کێشە و ئاستەنگەکانی بەردەمیاندا لەسەرخەت بێت بۆ چارەسەر.

3ـ داواکارین لە حکومەت و وەزارەتی دارایی بۆ بەدەرکردنی وەزارەتی تەندروستی لە ڕێکارە ئاڵۆزەکانیان بۆ پەیداکردنی نەختینەی دابەشکردنی مووچە هەوڵی تەواویان بخەنە گەڕ بۆ دابینکردنی مووچەی وەزارەتی تەندروستی بە هەموو 30 ڕۆژێک .

4ـ داواکارین لە پارێزگاری سلێمانی لە ئەگەری خەمنەخواردن و بەدەمەوە نەهاتنی حکومەتی هەرێم بەدەم داواکاری ڕەوای پزیشکانەوە و بەهۆی وەلانانی ئەم ناوچەیە بەشێوەیەکی گشتی، بۆ پاراستنی گیانی هاوڵاتیانی دەڤەرەکە و لە پێناو پەکنەکەوتنی زیاتری سیستەمی تەندروستی ئەم ناوچەیە هەر لە داهاتی ناوخۆی پارێزگای سلێمانی و دەورووبەری مووچەی کەرتی تەندروستی ئەم دەڤەرە دابین بکەن.

5ـ لە ئەگەری جێبەجێ نەکردنی داواکارییەکانی پێشوومان و دابەشنەکردنی مووچە لە سەرەتای هەفتەی داهاتوودا ئەوا دەست دەکەین بە هەڵمەتی کۆکردنەوەی ئیمزا بۆ دەستلەکارکێشانەوەی گشتی و گواستنەوەی ڕاژەکانمان بۆ سەر حکومەتی ناوەندی لە بەغداد.

بەو ئومێدەی چیدی خەڵکی ئەم دەڤەرە بە چاوی جیاکاری و دەرەجە دوویی حسابی بۆ نەکرێت و لایەنە پەیوەندیدارەکان لە نزیکترین کاتدا مووچە دابەش بکەن و چیدیکە بێبەهایانە سەیری گیان و تەندروستی خەڵک نەکەن و چیدی ڕێگر نەبن لە خزمەتکردنی ئێمە بە کاسووکاری خۆمان و هاوڵاتیان، هەربۆیە دەنگی خۆمان دەخەینە پاڵ هاوڵاتیان و ئێمەش دەپرسین ( #کوانێ_٤٠٠_ملیار_دینارەکە؟! )

پزیشکانی پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارە سەربەخۆکانی ڕاپەڕین و گەرمیان.
هەینی
12/6/2020

بەشی بکە لە
تاگەکانتەندروستی
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this