مامۆستایانی ئاینی داوا دەکەن مزگەوتەکان دابخرێن

0
547

SNN-عەلی حەمە سەعید

بەهۆی زۆربەی رێژەی مردن و تووشبوون بە ڤایرۆسی كۆرۆنا لە شاروشارۆچكەكانی هەرێم، جیاواز لەوقۆناغەی كە لەكاتی داخستنی دەرگای مزگەوتەكان مامۆستایانی ئاینی داوای كردنەوەی دەرگای مزگەوتەكانیان دەكرد، لە ئێستادا بەشێك لە مامۆستایانی ئاینی داوای داخستنی دەرگای مزگەوتەكان دەكەن و بەڕێوەبەرایەتی ئەوقافیش سەرپشكیان دەكات.

مامۆستا عەلی تاهیر، یەكێك لە مامۆستایانی ئاینی سنوری پارێزگای هەڵەبجە بە SNNی راگەیاند: بڵاوبوونەوەی كۆرۆنا تەنها ناوچەیەكی دیاریكراوی نەگرتووەتەوە و تادێت مەترسی بڵاوبونەوەی ڤایرۆسكە و تووشبوون و گیانلەدەستدانیش زیاتردەبێت، بۆیە ئێمەی مامۆستایانی ئاینیش لەم قۆناغەدا ئەركێكی دیكەمان كەوتوەتە سەرشان سەرەڕای جێبەجێكردنی رێوڕەسمە ئاینییەكان و بەرنوێژیكردن و وتاردان لەهەمان كاتیشدا ئەركی پێدانی رێنماییە تەندروستییەكانیشمان كەتووەتەسەرشان بەوەی داوا لەهاووڵاتیان بكەین پابەندی خۆپارێزی ببن.

ئاماژەی بەوەشكرد، خوای گەورە بۆخۆی داوامان لێدەكات كە بەدەستی خۆمان، خۆمان بەرەو مەرگ و هیلاكەت نەبەین، بۆیە ئەم نەخۆشییەش كەبەرەو مەرگمان دەبات فەرزە لەسەر موسڵمانان كە رێكارەكانی خۆپارێزی بگرەنەبەر لەهەمان كاتیشدا گوناهبارنابن كە نەیەنە مزگەوت و بەشداری نوێژە بەكۆمەڵەكان نەكەن و وتاری هەینی نەكەن لەماڵەكانی خۆیاندا نوێژ بكەن چونكە دۆخەكە وامان لێدەخوازێت هاوكات لە داخستنی مزگەوتەكانیشدا هیچ گوناهبارنابین.

لای خۆیەوە ئارام شێخ جەمال، بەڕێوەبەری گشتی ئەوقاف و كاروباری ئاینی هەڵەبجە بە SNNی راگەیاند: بەوپێیەی كە ئێمە ئەندامێكی ژووری رووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆناین لە پارێزگای هەڵەبجە ئاگاداری وردەكاری رێنماییەكانی ئیدارەی شارەكەین، بۆیە لەقۆناغی یەكەمی رووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسكەدا لەلایەن چەندكەس و لایەنێكەوە تۆمەتی بێبنامایان ئاراستەكردین كە گوایە ئێمە دژەدینین و رێگەنادەین بە كردنەوەی مزگەوتەكان، بەڵام لەبەر رێزی مانگی رەمەزان رێگەماندا بەكردنەوەی دەرگای مزگەوتەكان.

ئەوەشی خستەڕوو، لە ئێستادا كە مەترسی بڵاوبوونەوەی كۆرۆنا زۆربووە و رێژەی مردن و تووشبوون رۆژلەدوای رۆژ بەرەوهەڵكشان دەچێت، مامۆستایانی ئاینی و هاووڵاتیانیش بۆخۆیان گەیشتونەتە ئەو بڕوایەی كە دەبێت جارێكی دیكە دەرگای مزگەوتەكان دابخرێنەوە و بۆ ئەومەبەستەش چەنیدن مامۆستا بە فەرمی پەیوەندییان پێوەكردوین و داوای داخستنی دەرگای مزگەوتەكانیان لێكردوین، ئێمەش پێمان راگەیاندوون كە خۆتان سەرپشكبن لە بڕیاردان لەسەر داخستنی مزگەوتەكان چونكە نامانەوێت ئێمە بڕیارێك دەربكەین دواتر لەلایەن كەسانی نابەرپرسەوە خوێندنەوەی دیكەی بۆبكرێت.

وتەكانی بەڕێوەبەری گشتی ئەوقاف و ئەو مامۆستا ئاینییە لە كاتێكدایە ئەمڕۆ لیژنەی باڵای رووبەڕووبوونەوەی كۆرۆنا لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا هۆشدارییان دایە هاووڵاتیان كەئەگەر دۆخەكە لەمەزیاتر بڕوات لەكۆنتڕۆڵ دەردەچێت و لە توانای ئەوانیشدا نییە زیاد لە 100 تشبوو وەربگرن.

هەر لەو چوارچێوەیەشدا(مەلا تاهیر بامۆكی) وتارخوێن و پێشنوێژی مزگەوتی عومەری كوڕی خەتاب لەشاری هەڵەبجە بڕیاریدا بە داخستنی دەرگای مزگەوتەكەی تا سەرەتای مانگی تەموز

بەشی بکە لە
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this