وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه: دۆخه‌كه‌ له‌ژێر كۆنترۆڵى توركیا خۆیدایه‌ و هه‌ركات بیه‌وێت بۆردومان ده‌كات

0
1006
لۆگۆى وه‌زاره‌تى پێشمه‌ر‌گه‌ى هه‌رێم | فۆتۆ: SNN

SNN – هه‌وراز ئه‌حمه‌د

به‌ڕێوه‌به‌رى راگه‌یاندن و هۆشیارى له‌ وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌ رایگه‌یاند: به‌هۆى نه‌بوونى هه‌ما‌هه‌نگى له‌نێوان عێراق و هه‌رێمى كوردستان بارودۆخ ره‌خساوه‌ كه‌ ئه‌و وڵاتانه‌ بێن و چه‌ك و هێزى خۆیان له‌ هه‌رێمى كوردستان‌ تاقیبكه‌نه‌وه.

لیوا بابه‌كر فه‌قێ ئه‌حمه‌د، به‌ڕێوه‌به‌رى راگه‌یاندن و هۆشیارى له‌ وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌ به‌ (SNN)ى راگه‌یاند: “به‌داخه‌وه‌ ئه‌مه‌ چه‌ندین جاره‌ حه‌ره‌مى هه‌رێمى كوردستان له‌لایه‌ن وڵاتانى توركیاوه‌ پێشێلده‌كرێت و هێزى خۆیان تاقى ده‌كه‌نه‌وه‌، ئێمه‌ له‌ وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌ ئیدانه‌ى‌ بۆردومانه‌كه‌ى شه‌وى رابردووى توركیا ده‌كه‌ین بۆ سه‌ر خاكى هه‌رێمى كوردستان و به‌ پێشێلكارى زه‌ق ناویده‌به‌ین”.

وتیشى: “لیژنه‌یه‌ك له‌ وه‌زاره‌تى ناوخۆ و وه‌زاره‌تى به‌رگریى عێراق ئه‌مڕۆ سه‌ردانى ئه‌و ناوچانه‌یان كرد‌ووه‌ خه‌مڵاندنیان بۆ زیانه‌كان كردووه‌ ئێمه‌ هیوادارین ئه‌و پرسه‌ بكرێته‌ كه‌یسێكى گرنگ و ئاراسته‌ى نه‌ته‌وه ‌یه‌كگرتوه‌كان بكرێت، بۆ ئه‌وى چیتر توركیا سه‌ر و ماڵى هاووڵاتییانى سڤیل به‌م جۆره‌ نه‌كاته‌ قوربانى”.

به‌ڕێوه‌به‌رى راگه‌یاندن و هۆشیارى له‌ وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌ له‌باره‌ى ئه‌وه‌ى ئایا زانیارییان له‌سه‌ر هێرشه‌كان هه‌یه‌ و پێشتر حكومه‌تى هه‌رێم له‌و بابه‌ته‌ ئاگادار ده‌كرێته‌وه‌؟ ئه‌وه‌شى خسته‌ڕوو: ‌”ئێمه‌ به‌ هیچ جۆرێك ئاگادارى كاتى بۆردومانه‌كه‌ نه‌بووین و پرسمان پێنه‌كراوه‌، ئه‌وان دۆخه‌كه‌ له‌ژێر كۆنترۆڵى خۆیاندایه‌ پرس و راوێژ به‌ ئێمه‌ ناكه‌ن، هه‌ركات بیانه‌وێت بۆردومان ده‌كه‌ن و ئێمه‌ش هه‌میشه‌ ئه‌و كاره‌ ئیدانه‌ ده‌كه‌ین، چونكه‌ ده‌بێته‌ پشێوى ئه‌منى و ئاڵۆزى تووند له‌ ناوچه‌كه‌دا‌ دروستده‌كات”.

كۆتا ساته‌كانى شه‌وى رابردوو و یه‌كشه‌ممه‌ و به‌ره‌به‌یانى ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ فڕۆكه‌ جه‌نگییه‌كانى توركیا ده‌ستیانكرد به‌ بۆردومانكردنى چیاى قه‌ندیل، ده‌وروبه‌رى كه‌مپى مه‌خمور و شنگال له‌ هه‌رێمى كوردستان، دواى كه‌متر له‌ 30 خوله‌ك له‌ ده‌ستپێكردن به‌ بۆردومانه‌كه‌ وه‌زاره‌تى به‌رگریى توركیا له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا رایگه‌یاند: “ده‌ستیانكردووه‌ به‌ ئۆپراسیۆنى (چنگى هه‌ڵۆ) له‌ باكوورى عێراق (هه‌رێمى كوردستان) له‌ دژى چه‌كدارانى پارتى كرێكارانى كوردستان”.

بەشی بکە لە
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this