چیرۆكی ئەو گەنجەی 20 ملیۆن دیناری دۆزییەوە و گەڕاندیەوە بۆ خاوەنەكەی

0
6716

SNN-عەلی حەمەسەعید
لە ئێستادا کە قەیرانێکی نوێی ئابووری بەرۆکی بەشێکی زۆری هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستانی گرتووە، گەنجێکی شارەزوور بڕی 20 ملیۆن دیناری خێزانێکی عەرەب دەدۆزێتەوە و  بە شوێن خاوەنەکانیاندا دەگەڕێت و بۆیانی دەگەڕێنێتەوە.

هەڵكەوت محەمەد، گەنجێكی دانیشتووی قەزای شارەزوورە و پیشەی شۆفێری تاكسییە، ئەو ماوەی چەند ساڵێكە لە قەزای شارەزوور و ناوشاری سلێمانی كاری تاكسی دەكات و ڕۆژانەیەكی كەمی دەستدەكەوێت و بەوەش توانیویەتی پێداویستی ڕۆژانەی خۆی دابین بكات.

هەڵكەوت محەمەد، لە رێگەی SNNەوە بەمجۆرە بەسەرهاتی خۆی باسدەکات: وەك هەر گەنجێكی دیكەی ئەم سنورە ماوەی چەند ساڵێكە بە كاری شۆفێری تاكسیەوە سەرقاڵم، ڕۆژانە بۆ كار كردن دەچمە بۆ ناو شاری سلێمانی، بەڵام جیاواز لە ڕۆژانی دیكە دوێنێ‌ ویستم پشوو بدەم و نەڕۆمە دەرەوە، منداڵێكی تەمەن 12 ساڵ کە دیاربوو عەرەب بوو و كوردی بە باشی نەدەزانی هەرچۆنێك بوو تێی گەیاندم كە دایكی و خوشكەكانی لە چاوەڕوانی تاكسیدان بۆ ئەوەی بیانگەیەنمە ماڵی ناسراوێكیان لە گەڕەكی سیروانییەكان لە قەزای شارەزوور.

وتیشی: منداڵەكە لەگەڵمدا سەركەوت و چەند كۆڵانێكمان بڕی تا گەیشتینە بەردەم ماڵێك كە چوارژن كە دوانیان گەنج و دوانیشان تاڕادەیەك بە تەمەن بوون خۆیان ئامادەكردبوو بۆ ڕۆشتن بۆماڵی ناسراوێكیان و چاوەڕێی منداڵەكەیان دەكرد تاكسیەكەیان بۆ بهێنێت، بۆیە لەگەڵ گەیشتنم بە ماڵەكە منداڵەكە و چوار ژنەكە سەركەوتن ئەوانیش هەر عەرەب بوون تێیان گەیاندم كە بیانگەینمە ماڵێك لە گەڕەكی سیروانییەكان، منیش دوای چەند خولەكێك ئەو خێزانەم گەیاندە شوێنی دیاریكراو گەڕامەوە ماڵی خۆمان بۆ درێژەدان بە پشووەكەم، بەڵام بێ ئاگا لەوەی كە ئەو خێزانە جانتایەكیان جێهێڵاوە زیاد لە 20 ملیۆن دیناری تێدایە.
هەڵكەوت لە درێژەی گێرانەوەی چیرۆكەكەیدا ئەوەشی باسكرد، دوای ئەوەی كە گەڕامەوە ماڵەوە و پشوومدا دوای بانگی عەسر، دوان لە خوشكەكانم داوایانلێكردم بیانگەیەنمە ناحییەی وارماوا بۆ ماڵی خزمێكمان، ئەوان درکیان بە بوونی جانتاکە کرد لە ئوتومبیلەکەمدا، ئەوکات بیرم هاتەوە كە ئەو جانتا هی ئەو خێزانە عەرەبەیە كە پێش نیوەڕۆ لەگەڵمدا سواربوون چونكە جگەلەوان كەسی دیكەم سوار نەكردووە.

هەر بەدەم گێڕانەوەی چیرۆكەكە ( هەڵكەوت) ئەوەشی خستەڕوو، كاتێك دەمی جانتاكەم كردەوە بینیم بڕێكی زۆر پارەی تێدایە، بۆیە بڕیارمدا بە بێ‌ دەستكاریكردن ئەو جانتا بگەڕێنمەوە بۆ ئەو ماڵەی كە خێزانەكەم سەرخست، بەڵام بۆ ئەوەی وەك شاهیدێك كەسێكم لەگەڵدا بێت تەلەفۆنم بۆ هاوڕێكەی خۆم كرد. لەگەڵ ئەو هاوڕێیەمدا ڕۆشتینە بەردەم ماڵەكە و تەقەم لەدەرگادا، پیاوێك هاتەدەرەوە ئەویش هەر عەرەب بوو هەرچۆنێك بوو لەگەڵ هاوڕێكەم تێمان گەیاند كە چوار ژنم لەم ماڵە سەرخستووە پێیان بڵی بزانە هیچیان لەبیر نەچووە.

پیاوەكە وتی هێشتا ئەو ژنانە نەگەڕاونەتەوە، بۆیە تەلەفۆنی بۆكردن و تێی گەیاندن كە ئەوان هیچیان بیرنەچووە، وتیان نەخێر هیچمان بیر نەچووە، بەڵام من دڵنیا بووم لەوەی كە جانتاکەیان بیر چووە، بۆ سوربوم لەسەر ئەوەی جارێكی دیكە پێیان بڵێتەوە، جارێكی دیكە تەلەفۆنی بۆكردنەوە دیار بوو ژنەكانیش كەوتنە خۆیان پاش گەڕان و پشكنین بەناو كەلوپەلەكانیاندا بۆیان دەركەوت كە جانتایەكیان بیرچووە، بۆیە گوێم لە دەنگی تەلەفۆنەكە بوو كە یەكێك لە ژنەكان دەستی بەگریانكردوو هاواری لێهەستا باسی ملیۆن و دیناریان دەكرد .

هەڵكەوت، لە درێژەی چیرۆكەكەیدا ئەوەی باسكرد، پیاوەكە داوایلێكردم كە بچم بەشوێنیاندا و چوار ژنەكە بهێنمەوە بۆیە منیش چوم بۆهەمان ئەو ماڵە، كاتێك ژنەكان منیان بینی ڕوخساریان گەشایەوە خۆشی و شادی سەرتاپای باڵایانی گرتبوویەوە، سەرم خستن و هێنامن بۆ ماڵی خۆیان، هەر لەوێ‌ جانتاكەم ڕادەستكردنەوە پێیان وتم كە زیاد لە 20 ملیۆن دیناری تێدایە، وێڕای سوپاس و دەستخۆشی ویستیان پاداشتم بکەن بەڵام من رەتمکردەوە، بەڵكوو پێم وتن كە من ئەو كارەم لەبەر ڕەزامەندی خودا و وەك ئەركێكی ئەخلاقی ئەنجام داوە.

بەشی بکە لە
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this