بۆردوومانەکانی تورکیا 30 هاووڵاتی بناری قەندیلی شەهید کردووە و زیانی مادی زۆری لێکەوتووەتەوە

0
717

راپۆرت: محەمەد مستەفا

گوندەکانی بناری قەندیل کە ژمارەیان زیاتر لە 50 گوند دەبێت لە ماوەی 15 ساڵی رابردوو زیانێکی زۆری گیانی و ماڵیان بەهۆی بۆردوومانی فڕوکە جەنگیەکانی سوپای تورکیاوە بەرکەوتووە، بیانوی بۆردوومانەکانی سوپای تورکیا بۆ سەر ئەو گوندانە بوونی گەریلاکانی پەکەکەیە بەڵام گوندنشینانی بنارەکە قوربانی سەرەکی بۆردوومانەکانن .

“لە ترسی بۆردوومان دەستبەرداری مەڕ و ماڵاتەکەم بووم “

رەسوڵ محەمەد پیاوێکی تەمەن 57 ساڵە و خەڵکی گوندی گرتکە لە قەزای پشدەر لە باسی رەوشی ئاسایشی بناری قەندیل بە SNN ی راگەیاند: ئەو ماوەی زیاتر لە 8 ساڵ لە گوندەکانی پشدەر و کوێستانەکانی قەندیل کاری مەڕداریم کردووە، بەڵام لە ئێستادا هیچ سەر مەڕێکم نەماوە و سەرجەمیانم فرۆشتووە، هۆکارەکەشی ئەوەیە کە بەهۆی مەترسی بۆردوومانکردنی کوێستان و گوندەکانی بناری قەندیل چیتر ناتوانم وەک جاران مەڕداری بکەم”.

رەسوڵ محەمەد دەشڵێت: “چەند جارێک لە کوێستانەکانی قەندیل بەهۆی بۆردوومانی فڕۆکە جەنگییەکانی سوپای تورکیا ژیانی خۆم و خێزانەکەم کەوتووەتە مەترسیەوە بۆیە بە ناچاری بڕیاری دەستبەردار بوونم لە پیشەی مەڕداری داوە، ئەمەش چارەنوسی زۆرێک لە مەڕدارەکانی ناوچەکەیە و زۆرینەی مەڕدار و رەوەندەکانیش هەر لەبەر ئەو ترسە وازیان لە کوێستانەکانی قەندیل هێناوە”.

“زیاتر لە 20 خانووی گوندەکەمان بە بۆردوومانی تورکیا وێران بوون “

دارەوان مشیر خەڵکی گوندی لێوژەیە لە بناری قەندیل کە لە رووی ئیداریەوە سەر بە ناحیەی سەنگەسەرە، ئەو گوندەی کە کەمجار هەیە لە هەر بۆردومانێکی بنارەکە مووشەکێکی بەرنەکەوێت، سەبارەت بە دۆخی گوندەکەیان دارەوان باس لەوە دەکات: “ساڵی 2007 هێرشێکی فراوانی فڕۆکە جەنگیەکانی سوپای تورکیا بۆسەر بناری قەندیل دەستی پێکرد، لەو بۆردوومانەدا ماڵی ئێمە بۆتە ئامانجی موشەکێک لە ئەنجامدا خوشکێکم قاچێکی لە دەستدا و خانوو ماڵەکەشیان وێران بوو، ئەمە جگەلەوەی تا ئێستا 21 خانوی گوندەکەمان بەهۆی هێرشی فڕۆکە جەنگیەکانی تورکیا تەختی زەوی کراون .

دارەوان ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد: گوندی لێوژە بەهۆی بوونی رووبارێک لەناو گوندەکەدا بۆتە دوو بەش لە ئێستادا بەشی خوارووی گوندەکە بە تەواوی چۆڵبووە و دانیشتوانەکەی روویان کردووەتە ناحیە و قەزاکان و سەرجەم رەز و باخەکانیشیان وشک بوون و لەناو چوون .

“ژێرخانی کشتوکاڵ و سامانی ئاژەڵی گوندەکانمان زیانی گەورەیان بەرکەوتووە “

لە سنوری ناحیەی ژاراوەی قەزای پشدەر 33 گوند بوونی هەیە کە چوار لەو گوندانە بەهۆی بۆردوومانەوە چۆڵکراون و ژمارەیەکی زۆرتریش بە هەمان هۆکار وەک پێویست ئاوەدان نەکراونەتەوە یاخود ئەگەری چۆڵبونیان هەیە، لەو بارەیەوە عەبدوڵا عەباس بەڕێوبەری ناحیەی ژاراوە بە SNN ی وت: “گوندەکانی سنوری ناحیەی ژاراوە بەهۆی هەڵکەوتەی جوگرافی و سروشتەکەیانەوە دەتوانرا وەک سەرچاوەیەکی گەورەی کشتوکاڵ و سامانی ئاژەڵ و سامانی ماسی سودی لێوەر بگیرێت بەڵام بۆردومان کردنی بەشێک لەو گوندانە بوونی  مەترسی بەردەوامی بۆردوومان وایکردووە گوند نشینان و گرنگی ئەوتۆ بە باخداری و ئاژەڵداری نەدەن ”

بەڕێوبەری ناحیەکە وتیشی: “بۆردومانی سوپای تورکیا و تۆپبارانی ئێران زیانی گەورەی بەژێرخانی ئابوری لە رووی کشتوکاڵ و ئاژەڵداریش بە گوندنشینانی ناحیەکە گەیاندووە، وایکردووە وەک پێویست ئەو گوندانە ئاوەدان نەکرێنەوە و بەشێک لە گوند نشینان بەرەو سەنتەری ناحیە و قەزاکان کۆچ بکەن و گوند و رەز و باخەکانیان جێ بهێڵن .

“بۆردومانەکان نزیکەی 30 هاوڵاتی بناری قەندیلی شەهید کردووە “

محەمەد حەسەن هاوسەرۆکی شارەوانی بناری قەندیل بە SNN ی راگەیاند: دوای ساڵی 2007 بۆردوومانی فڕۆکە جەنگیەکانی سوپای تورکیا بۆ سەر گوندەکانی بناری قەندیل چڕبوونەوەی زیاتری بەخۆیەوە بینی و بە گوێرەی ئەو ئامارانەی کە ئەوان لەبەردەستیانە لە ماوەی نزیکەی 15 ساڵی رابردوو تا ئێستا نزیکەی 30 هاوڵاتی بناری قەندیل شەهید بوون و دەیانی تریش بریندار بوون، ئەمە جگە لەو زیانە زۆر و گەورەی بەر ژێرخانی ئابووری و کشتوکاڵ و سامانی ئاژەڵی ئەو گوندانە کەوتووە .

بەشی بکە لە
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this