حكومه‌تى هه‌رێم: به‌ نیگەرانیيەکى زۆرەوە چاودێرى رووداوەکانى ئەمڕۆى ناوچە سنووریەکان دەکەین

0
269
لۆگۆى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان | فۆتۆ: SNN

ئه‌مڕۆ هه‌ینى وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگه‌یاند: بەدڵگرانى و نیگەرانیيەکى زۆرەوە چاودێرى رووداوەکانى ئەمڕۆو چەند رۆژى رابردووى ناوچە سنووریەکان دەکەین، وتیشى: “حكومەتى هه‌رێم سەرکۆنەی شەهیدکردن و زیان گەیاندن بە هاووڵاتییان دەکات”.

جوتیار عادل، وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان له‌ راگه‌یه‌نراوێكدا رایگه‌یاند: “بە دڵگرانى و نیگەرانیيەکى زۆرەوە چاودێرى رووداوەکانى ئەمڕۆ و چەند رۆژى رابردووى ناوچە سنووریەکان دەکەین، کە بووه هۆی گه یاندنى زیانى گیانی و ماددى بە هاووڵاتییانی سڤیل و گوندنشینانى ئەو ناوچانە، حكومەتى هه‌رێمى كوردستان سەرکۆنەی شەهیدکردن و زیانگەیاندن بە هاووڵاتییان دەکات لەلایەن هەر لایەنێک و بەهەر هۆکارێک بێت”.

وتیشى: “داوا لە کۆماری تورکیا دەکەین ڕێز له سه روه رى خاك و نیشتیمانمان بگرێت و پەکەکەش پێویستە ئەو ناوچانە چۆڵ بکات تا چیتر نەبنە هۆکار بۆ دروستکردنى پشێوى لە ناوچە سنووریەکانى هەرێمى کوردستان.

وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئه‌وه‌شى خسته‌ڕوو: “حکومەتى هەرێمى کوردستان خوازیارى پەیوەندیى دۆستانەیە لەگەڵ وڵاتانى دراوسێ و نایەوێت لەناو خاکى هەرێمى کوردستان هێرشبکرێتە سەر هیچ وڵاتێک”.

ئه‌مڕۆ هه‌ینى به‌هۆى بۆردومانى فڕۆكه‌ جه‌نگییه‌كانى توركیاوه‌ پێنج هاووڵاتى له‌ ناوچه‌كانى ده‌وروبه‌رى ناحیه‌ى شیلادزێ و كانى ماسێ شه‌هیدبوون، كه‌ ته‌رمى یه‌كێكیان به‌هۆى سووتانییه‌وه‌ شێواوه‌ و ناناسرێته‌وه‌، بۆردومانه‌كانى توركیا له‌ چوارچێوه‌ى ئۆپراسیۆنى (چنگى هه‌ڵۆ)دایه‌ كه‌ له‌ ئێستادا له‌لایه‌ن حكومه‌تى توركیاوه‌ له‌ناو خاكى هه‌رێمى كوردستان به‌ڕێوه‌ده‌چێت.

بەشی بکە لە
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this