مانه‌وه‌ى شێركۆ كه‌ریم له‌هه‌ولێر به‌نده‌ به‌بوونى پاره‌وه‌

0
506
شێرکۆ کەریم

 

سه‌نگه‌ر زرار- SNN Sport

شێركۆ كه‌ریم-ى هێرشبه‌رى لاوى كورد رایده‌گه‌یه‌نێ هه‌رچه‌نده‌ راهێنه‌رى یانه‌كه‌ حه‌زده‌كا له‌گه‌ڵ ئه‌واندا به‌رده‌وام بێت، به‌ڵام تائێستا نازانێ له‌گه‌ڵ تیپى تۆپى پێى یانه‌ى وه‌رزشى هه‌ولێر به‌ره‌وام ده‌بێت یان نا، مانه‌وه‌شى به‌بوونى پاره‌ له‌یانه‌كه‌دا ده‌به‌ستێته‌وه‌.

 

“بێگومان ئه‌گه‌ر پاره‌یان هه‌بێت ده‌مێنمه‌وه‌”

ئه‌م یاریزانه‌ پیشه‌گه‌ر و نێوده‌وڵه‌تییه‌ى كورد كه‌ بۆ وه‌رزى 2019-2020ى خولى نایابى تۆپى پێى یانه‌كانى عێراق مانگى شوباتى ئه‌مساڵ به‌پێى بۆندێك تا مانگى حوزه‌یرانى 2020 بۆندى له‌گه‌ڵ تیپى تۆپى پێى یانه‌ى هه‌ولێر واژووكرد، پاش هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ى یارییه‌كانى خوله‌كه‌ به‌هۆى ڤایرۆسى كۆرۆنا-ه‌وه‌، هه‌روه‌ها نزیكبوونه‌وه‌ى كۆتایی هاتنى ماوه‌ى بۆنده‌كه‌ى كه‌ چه‌ند رۆژێكى كه‌مى ماوه‌، ئه‌وه‌ى بۆ تۆڕى هه‌واڵى سلێمانى (SNN Sport) ئاشكراكرد و وتى:” نازانم له‌گه‌ڵ تیپى تۆپى پێى یانه‌ى هه‌ولێر به‌رده‌وام ده‌بم و ده‌مێنمه‌وه‌ یان نا، بێگومان ئه‌گه‌ر پاره‌یان هه‌بێت ده‌مێنمه‌وه‌، له‌هه‌مان كاتدا ئه‌گه‌ر پاره‌شیان نه‌بێ ناتوانم له‌م یانه‌یه‌دا له‌یارى كردن به‌رده‌وام بم”.

 

“ئه‌گه‌ر راستیت ده‌وێ من له‌گه‌ڵ رادان ئاسووده‌م”

هه‌روه‌ها شێركۆ كه‌ریم كه‌ به‌هۆى راگیرانى خوله‌كه‌وه‌ ته‌نها 5 یارى له‌گه‌ڵ تیپى یانه‌ى هه‌ولێر به‌درێسى ژماره‌ 88 كردووه‌ وتى:” رادان-ى راهێنه‌رى یانه‌ى هه‌ولێر منى پێویسته‌ و یه‌كه‌م كه‌س بوو قسه‌ى له‌گه‌ڵمدا كرد و داواى لێمكرد له‌گه‌ڵ یانه‌ى هه‌ولێر به‌رده‌وام بم، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ له‌یانه‌ى هه‌ولێریش هه‌مان قسه‌ى كردووه‌ و وتویه‌تى شێركۆ-م ده‌وێ، ئه‌گه‌ر راستیت ده‌وێ من له‌گه‌ڵ رادان ئاسووده‌م، به‌ڵام نازانم ئه‌وان توانایان هه‌یه‌ بۆ وه‌رزى داهاتوو گرێبه‌ستم له‌گه‌ڵدا بكه‌ن”.

 

“له‌وكاته‌وه‌ تائێستا یه‌ك مانگ مووچه‌م وه‌رگرتووه‌”

شێركۆ كه‌ریم له‌تیف جه‌بارى هێرشبه‌ر كه‌ به‌ (شێركۆ جه‌بارى) ناسراوه‌ و ته‌مه‌نى 24 ساڵه‌، له‌درێژه‌ى قسه‌كانیدا بۆ تۆڕى هه‌واڵى سلێمانى (SNN Sport) وتى: گرێبه‌سته‌كه‌م مانگى شوبات كرد و مانگى حوزه‌یران كۆتایی دێت، له‌وكاته‌وه‌ تائێستا ته‌نها یه‌ك مانگ مووچه‌م وه‌رگرتووه‌ و خۆى به‌هه‌ق ده‌بوایه‌ مووچه‌یه‌ك و نیو وه‌ربگرم كه‌هه‌قى خۆمه‌ و ئه‌ویتریش ده‌كه‌وێته‌وه‌ سه‌ر یه‌كێتى تۆپى پێى عێراق ده‌بێ ئه‌وان بڕیار بده‌ن ئه‌و پاره‌یه‌ چۆن ده‌درێت، له‌ 30% یان 40%  یانیش هه‌ر هیچ ناده‌ن، ئه‌وه‌ ده‌كه‌وێته‌ سه‌ر بڕیار و نێوه‌ندگیرى ئه‌وان”.

 

“جارێك ناتوام ناوی یانه‌كان بهێنم”

دواجاریش له‌وه‌ڵامى ئه‌وه‌ى ئاخۆ جگه‌ له‌یانه‌ى هه‌ولێر هیچ یانه‌یه‌ك ترى ده‌ركى و ناوخۆیی داوایان كردووى؟، شێركۆ جه‌بارى وتى:” له‌ده‌ره‌وه‌ى عێراقدا نه‌خێر تائێستا هیچ شتێك نییه‌، به‌ڵام له‌ناوخۆى عێراقدا یانه‌ى تر هه‌یه‌، جارێك ناتوانم ناوی یانه‌كان بهێنم، به‌ڵام یه‌ك دوو یانه‌ هه‌ن”.

 

بەشی بکە لە
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this