ڕاگەیاندراوێک لە وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە

0
427
لۆگۆى وه‌زاره‌تى ته‌ندروستیی هه‌رێم | فۆتۆ: SNN

SNN-

وەزارەتی تەندروستیی هەرێم رایدەگەیەنێت : لەماوەی ئەم هەفتەیەدا سێ جار هێرشکراوەتە سەر نەخۆشخانە و دامەزراوە تەندروستییەکان، داواشدەکات “وەزارەتی ناوخۆ و دامودەزگا ئەمنییەکان هەموو هەوڵێکی خۆیان بدەن بۆ پاراستنی گیانی پزیشکان و کارمەندانی تەندروستی”.

لەڕاگەیەنراوەکەدا وەزارەتی تەندروستی دەڵێت “هەروەك هەموو لایەك ئاگادارن ماوەی چەندین مانگە پزیشکان و کارمەندانی تەندروستی و فەرمانبەرانی تەندروستی خۆنەویستانە بەبێ گوێدانە ماندوویی لە بەرامبەر مەترسی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ لە خزمەتکردن و شەونخوونی بەردەوامن، وەك سەربازی وون چاونەترسانە بوونەتە قەڵغانی پاراستن و چارەسەرکردنی هاوڵاتییانی هەرێمی کوردستان بە گشتی و لە ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم پەتایە بەتایبەتی. جگە لەوەی لەپاڵ ئەو هەموو خزمەت و ماندووبوونەدا،  چەندین حاڵەتی تووشبووی ئەم پەتایەش لە نێویاندا تۆمارکراوە”.

بەپێ راگەیەنراوەکە، بەڵام بەداخەوە، لەماوەی ئەم هەفتەیەدا بۆ سێیەمجار هێرشکراوەتە سەر نەخۆشخانە و دامەزراوە تەندروستییەکان، سەرەڕای هەڕەشە و سووکایەتی کردن بە پزیشکان و کارمەندانی تەندروستی کە دواترینیان دوێنێ شەو بوو.

وەزارەتی تەندروستی دەشڵێت “نەخۆشخانەکان و دامەزراوە تەندروستییەکان موڵکی گشتین و شوێنێکی پیرۆزن، چونکە ڕۆژانە بە هەوڵ و ماندووبوونی پزیشکان و کارمەندانی تەندروستی چەندین کەس دووبارە ژیانیان بۆ دەگەڕێتەوە و دەگەڕێنەوە ناو خێزانەکانیان”.

وەزارەتی تەندروستی داوشدەکات “وەزارەتی ناوخۆ و دامودەزگاکانی ئەمنی لە پۆلیس و ئاسایش دەکەین کە هەموو هەوڵێکی خۆیان بدەن بۆ پاراستنی گیانی پزیشکان و کارمەندانی تەندروستی و ڕێگریکردن لە دووبارەبوونەوەی هەر جۆرە رووداوێکی لەم جۆرە و وەرگرتنی رێکاری یاسایی بەرامبەر ئەو هێرشە ناڕەوایانە کە بەناحەق دەکرێتە سەر پزیشکان و کارمەندان و فەرمانبەرانی نەخۆشخانە و دامەزراوە تەندروستییەکان”.

لەکۆتاییدا داوا لە هاوڵاتییان دەکات کە خۆیان بە دوور بگرن لە هەڵچوون و هەموو کارێکی ناشارستانی و نایاسایی و دەشڵێت “لەگەڵ ئەوپەڕی سوپاس و دەستخۆشی داوا لە پزیشکان و کارمەندانی تەندروستی دەکەین ئارامی زیاتر و ڕۆحی مرۆڤدۆستانە بنوێنن و هاوڵاتییان دڵنیادەکەینەوە کە پزیشکان و کارمەندان لە ڕوانگەی هەستکردن بە ئەرك و بەرپرسیاریەتی و فریشتە ئاسا لە خەمخۆری و بەرژەوەندی هاوڵاتیان دان کەئەمەش سەروەتێکی گرنگی نیشتیمانی یە لە هەرێمی کوردستان.

بەشی بکە لە
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this