حكومه‌تى هه‌رێم چه‌ند بڕیارێكى له‌باره‌ى مووچه‌وه‌ ده‌ركرد

0
3134
لۆگۆى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان | فۆتۆ: SNN

ئەمڕۆ یەكشەممە 21ى حوزه‌یران، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان بە سەرپەرشتی مەسرور بارزانی، سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران و بەشداریی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیران، لەڕێگەی ڤیدیۆ كۆنفرانسەوە كۆبوونەوەیەكی تایبەتی ئەنجامدا.

له‌دواى كۆبوونه‌وه‌كه‌ حكومه‌تى هه‌رێم راگه‌یه‌نراوێكى بڵاوكرده‌وه‌ و ئاشكرایكرد، “لە كۆبوونەوەكەدا گفتوگۆ دەربارەی دۆخی دارایی ئێستای هەرێم و هەوڵەكانی حكومەت بۆ دابینكردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان كرا”.

ئه‌وه‌شخراوه‌ته‌ڕوو، “لە دوای ئەوەی ئەنجومەنی وەزیران چەندین كۆبوونەوەی ئەنجامدا بە ئاراستەی هەرچی زوو دابینكردنی شایستە داراییەكانی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان له‌ڕێگەی دیراسەكردنی سەرجەم ئەگەر و دەرفەتەكان بڕیاریدا بە:

یەكەم:

أ: تەمویلكردنی رێژەی 79% ( لە سەدا حەفتا و نۆی) خەرجییەكانی مووچە و شایستەی دارایی مووچەخۆرانی گشت وەزارەت و دەستە و لایەنەكانی نەبەستراو بە وەزارەت و سەرجەم سەرۆكایەتی و دامەزراوەكانی هەرێم.

ب: راگرتنـی تەمویلكردنی ئەو ڕێژەی 21% ( لە سەدا بیست و یەكەی) دەمێنێتەوە لەلایەن وەزارەت و لایەنە پەیوەندیدارەكانەوە بە شێوەیەكی دادپەروەرانە لەسەر سەرجەم مووچەخۆران جێبەجێ دەكرێت بە رەچاوكردنی زۆریی و كەمیی شایستەی دارایی مووچەخۆر.

ج: خەرجكردنی تەواوی 100%( لە سەدا سەدی) شایستەی دارایی كەسوكاری شەهیدان و ئەنفالكراوان و زیندانیانی سیاسی و كەمئەندام و خاوەن پێداویستی تایبەت و ئەو مووچەخۆرانەش كە شایستەی داراییان (300) سێسەد هەزار دینار و خوارتره.

د: خەرجكردنی تەنیا ڕێژەی 50% (لە سەدا پەنجای) شایستەی دارایی ڕاسپێردراوان بە خزمەتی گشتی و خاوەن وەزیفە باڵاكان و پلە تایبەتەكان لە (سەرۆكی هەرێم و سەرۆكی پەرلەمان و سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران و جێگرەكانیان و ئەندامانی پەرلەمان و وەزیرەكان و ئەوانەی بە پلەی ئەوانن و بریكارەكانی وەزارەت و ئەوانەی بە پلەی ئەوانن و ئەوانەی مووچەی بریكاری وەزارەت وەردەگرن و خاوەن پلە تایبەتەكان و ئەندامانی ئەنجومەنی دادوەری و دادگای پێداچوونەوە و سەرجەم دادوەران و ئەندامانی داواكاری گشتی و گشت ئەو كەسانەی بەپێـی خشتەی كارپێكراوی مووچە، مووچە و دەرماڵەی هەردوو پلە باڵای (أ) و (ب) وەردەگرن لەسەر میلاكی شارستانی و سەربازی و ئەنجومەن و دەزگای ئاسایش و هێزەكانی ئاسایشی ناوخۆ).

هـ: بڕگەی سەرەوە ئەو كەسانەش دەگرێتەوە كە بەو پلە و وەزیفانە خانەنشین كراون یا لە دوای جێبەجێكردنی ئەم بڕیارە شایستەی مووچەی خانەنشینی دەبن بەو وەزیفە و پلانە.

دووەم:
أ : پێویستە وەزارەتی دارایی و ئابووری رێنمایی دارایی پێویست بۆ ئاسانكاری جێبەجێكردنی ئەم بڕیارە دەربكات.
ب : میكانیزمی هاتوو لەم بڕیارە، ڕێكارێكی كاتییە و تەنیا بۆ مووچەی ئەمجارەیە كە دابەش دەكرێت .
ج : گشت وەزارەت و دەستە و لایەنەكانی نەبەستراو بە وەزارەت و سەرجەم سەرۆكایەتی و دامەزراوەكانی هەرێمی كوردستان بڕگەكانی ئەم بڕیارە جێبەجێ دەكەن لەبەر ڕۆشنایی ڕێنماییەكانی وەزارەتی دارایی و ئابووری و بە ڕەچاوكردنی ڕێنماییەكانی خۆپارێزیی وەزارەتی تەندروستی لە كاتی دابەشكردنی مووچە.

سێیەم:
ڕاسپاردنی لیـژنەی باڵای دانوستان لەگەڵ حكومەتی فیدراڵی بۆ گەیشتن بە ئەنجام بە ئاڕاستەی دابینكردنی شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستان.

چوارەم:
راسپاردنی وەزارەت و لایەنە پەیوەندیدارەكان بۆ وەرگرتنـی رێكاری پێویست بۆ جێبەجێكردنی یاسای چاكسازی ژمارە (2)ی ساڵی 2020 كە لە سەرەتای مانگی تەمموزی 2020دا دەكەوێتە بواری جێبەجێكردنەوە.

بەشی بکە لە
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this