دوای گیان لەدەستدانی عەتا چاوشین؛ تەندروستی هونەرمەندانی دیکە چۆنە؟

0
18806

SNN-هەوراز ئەحمەد

لە ماوەى رابردوودا چەند هونەرمەند و گۆرانیبێژ و ئەکتەرێک تووشبوونى خۆیان بە ڤایرۆسى کۆرۆنا راگەیاند کە تاوەکو ئێستاش دۆخى چەند کەسێکیان ناجێگیرە، سەرلەبەیانی ئەمڕۆش هونەرمەندێکی میللی گیانی لەدەستدا.

هونەرمەندی میللی عەتا چاوشین پاش ئه‌وه‌ى له‌ ماوه‌ى رابردوودا تووشى ڤایرۆسى كۆرۆنا بوو و چه‌ند رۆژێك له‌ژێر چاره‌سه‌ردا مایه‌وه‌، به‌یانى ئه‌مڕۆ له‌ شارى سلێمانى به‌ ڤایرۆسى كۆرۆنا كۆچى دوایی كرد.

لەوبارەیەوە جەزا کەریم، سەرۆکى کۆمەڵى هونەرى میللى کوردستان بە SNNی راگەیاند: “هونەرمەند عەتا چاوشین یەکێک بووە لەو کەسانەى کە زۆر خۆپارێزى دەکرد بەردەوام وەرزشى دەکرد و لە پێناو تەندروستیدا، دوور بوو لە جگەرە کێشان بەڵام کۆرۆنا زۆر بێ ڕەحمانە زەبرى پێ برد”.

ئاماژەى بەوەش کرد: “هەفتەیەک زیاتربوو کە ئەو هونەرمەندە تووشى کۆرۆنابوو، هیچ نەخۆشیەکى درێژخایەنى لەگەڵدا نەبووە، بەڵام نیشانەکانى زۆر بە قورسى تێدا دەرکەوتووە و دووجار پلازماى خوێنى بۆ بەکار هێنراوە بەڵام دۆخى تەندروستى هیچ بەروپێش چوونێک بە خۆوە نابینێت و دواجار لە نەخۆشخانەى شەهید ئاسۆ کۆچی دوایی کردووە”.

نەرمین کاوانى، ئەکتەرى دیارى کورد دوو هەفتە پێش ئێستا تووشبوونى خۆى بە ڤایرۆسى کۆرۆنا راگەیاند پاش مانەوە بۆ ماوەى چەند ڕۆژێک لە نەخۆشخانە بە رێنمایى پزیشک رەوانەى ماڵەوە کراوە، SNN پەیوەندى بە نەرمین کاوانیەوە دەکات بۆ ئەوەى دوا زانیارى لە بارەى ڕەوشى تەندروستى بزانێت ئەویش لە وەڵامدا رایگەیاند: “تاوەکو ئێستا ڤایرۆسەکە لە گیانمدا ماوە لە ماڵەوە خۆم کەرەنتین کردوە و نیشانەکانى نەخۆشیەکەشم لەسەر ماوە بەڵام هەست دەکەم دۆخم بەرەو باشتر دەڕوات”.

وتیشى: “بەردەوامم لە پشکنین و رێنماى پزیشکى و ئەو دەرمانانەى بۆم نوسراوە ڕۆژانە بەکارى دەهێنم بەهیوام ئەم دۆخە تێپەڕێت و هەموو لایەک بە تەندروستیەکى باشەوە دەست بە ژیان بکەینەوە”.

یاسین قادر بەرزنجى، ئەکتەرى دیارى بوارى شانۆ و دراماش تووشى ڤایرۆسى کۆرۆنا بووە و ئێستا لە ماڵەوە خۆى کەرەنتین کردوە، ئەو بە SNNی راگەیاند: “لە 16ى حوزەیرانەوە پێیان وتم کە تووشى ڤایرۆسەکە بووم، سەرەتا هەواڵێکى ناخۆشبوو، بەڵام بڕیارمدا بە یارمەتى هاوڕێکانم و خانەوادەکەم بەرەنگارى ئەو ڤایرۆسە ببینەوە، بۆیە هەر زوو لە ژورێکى ماڵەکەمدا خۆم کەرەنتین کرد، بۆ ئەوەى کەمترین بەرکەوتەم هەبێت لەگەڵ چواردەورمدا، ئێستا دۆخى تەندروستیم باشە بەڵام ڤایرۆسەکە هێشتا لە گیانمدا ماوە”.

ڕوونیشى کردەوە: “ئەگەرچى نیشانەکانم لەسەر دەرنەکەوتوە بەڵام بەردەوامم لە وەرگرتنى رێنمای پزیشکى و لێرەشەوە دەمەوێت سوپاسی هەموو ئەو کەسانە بکەم کە یارمەتیانداوم و هەواڵمان دەپرسم، دەستى ماندووبوونى پزیشکان و کارمەندان دەگوشم، دڵنیام ئەم دۆخە تێدەپەڕێت بەڵام پێویستە هاوڵاتیان پابەندبن بۆ ئەوەى دووبارە بە خۆشى و کامەرانیەوە بگەڕێینەوە بۆ ژیان”.

بەشی بکە لە
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this