سوود و مەرجەکانی بەکارهێنانی پلازمای خوێن بۆ چارەسەری کۆرۆنا چیە؟

0
391

SNN-عەلی حەمەسەعید

لە دوای زۆر بوونی ژمارەی توشبووانی ڤایرۆسی كۆرۆنا و ناجێگیری باری تەندروستی ژمارەیەك لەو تووشبووانە، پزیشكانی پسپۆڕ پەنا بۆ بەكارهێنانی پلازمای خوێنی ئەو كەسانە دەبەن كە پێشتر هەڵگری ڤایرۆسەكە بوون و چاك بوونەتەوە، بەڕێوەبەری بانكی خوێنی هەڵەبجەش سوود و چۆنیەتی بەکارهێنانی ئەو پلازمایە رووندەکاتەوە.

ناسیح عەبدولڕەحیم، بەڕێوەبەری بانكی خوێنی هەڵەبجە بە SNNی راگەیاند: لە ڕووی زانسییتەوە ئەو كەسانە دەتوانن پلازمای خوێن ببەخشنە توشبووانی كۆرۆنا كە خۆیان پێشتر هەڵگری ڤایرۆسی كۆرۆنا بوون و نیشانەكانیان تیادا دەركەوتبێت بەڵام زاڵبووبن بەسەر ڤایرۆسەكەدا، بەلایەنی كەم 14 ڕۆژ بەسەر چاكبوونەوەیاندا تێپەڕیبێت.

ئاماژەی بەوەشکرد: “بۆ هەر بوتڵێك خوێنیش بڕی لە %50 تا لە %55 لە پلازما پێكدێت ئەوەش لە كەسێكەوە بۆ كەسێكی دیكە ڕێژەكە دەگۆڕێت و بە گوێرەی خەستی و تەڕی خوێنەكەیەتی”.

ئەو پسپۆڕە وتی: “لە هەرێمی كوردستان بە ئامێری پێشكەوتوو تەنها لە سەنتەرەكانی بانكی خوێن لە سلێمانی و هەولێر و دهۆك كاری جیاكردنەوەی پلازمای خوێن ئەنجام دەدرێت و لە هەڵەبجەش تا ئێستا ئامێری پێشكەوتومان بۆ نەهاتووە و هەر بەڕێگەی ( مانوێڵ) ڕێگا كۆنەكە كاری جیاكردنەوەی پلازما دەكەین، بۆیە هیچ نۆرینگە و نەخۆشخانەیەكی ئەهلی و حكومی جگە لەو سەنتەرانە رێگەپێدراو نین بۆ جیاكردنەوەی پلازمای خوێن، هاوكات هەر بەخشەرێكی پلازما دەتوانێت پلازماكەی بۆ دوو نەخۆشی كۆرۆنا سودی لێوەر بگیرێت ئەوەش بە گوێرەی بڕیاری پزیشكی پسپۆڕ دەبێت”.

بەڕێوەبەری بانكی خوێنی هەڵەبجە جەختی لەوەكردەوە: “ئەو كەسانەی كە پلازما دەبەخشن ئەگەر هێندەی ئێمە بیانزانیایە چ سودێكی تەندروستی و دەرونیان پێدەبەخشێت بۆخۆیان دەهاتن فشاریان لەسەر دەكردین كە پلازما ببەخشن”.

هەر لەوبارەیەوە وتی: “بەداخەوە لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان دەنگۆیە بلاو كراوەتەوە كە ئەو كەسانەی پلازما دەبەخشن زیانیان پێدەگات و مەترسی لەسەر تەندروستیان دروستدەبێت، كە ئەمە بۆچونێكی زۆر هەڵەیە و ئێمە هەرگیز ڕێگە نادەین بە كەسانێك پلازما ببەخشن كە بزانین مەترسی لەسەر تەندروستیان دروست دەبێت هەرچەندە بۆخۆشیشی ئارەزووی بەخشینی هەبێت”.

بەشی بکە لە
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this