دانیشتوانی راپەڕین 8 ساڵە چاوەڕێی تەواوکردنی پڕۆژەی نەخۆشخانەی 291 قەرەوێڵەیی رانیەن

0
267

SNN- راپۆرتی محەمەد مستەفا

یەکێک لەو سێکتەرانەی هاووڵاتیانی سنوری ئیدارەی راپەڕین زۆرترین رەخنەیان لێی هەیە، بریتییە لە کەرتی تەندروستی لە دەڤەرەکە، بە جۆرێک لەناو هاووڵاتیانی راپەڕین وا باوە و باسدەکرێت کە لەکاتی بوونی هەر رووداوێکی گەورە یاخود بچوک، دەبێت قوربانیانی رووداوەکە راستەوخۆ رەوانەی نەخۆشخانەکانی سلێمانی بکەیت، چونکە راپەڕین نەخۆشخانەیەکی گونجاوی نییە بۆ چارەسەری قوربانییەکان و نەخۆشەکان .

پڕۆژەی نەخۆشخانەی 291 قەرەوێڵەیی رانیە کە هاوڵاتیان و بەرپرسانی ئیداری راپەڕین بە چارەسەری بنەڕەتی گرفتە تەندروستییەکانی راپەڕینی دەزانن، دوای 8 ساڵ لە کارکردن تیایدا، بەڵام هێشتا تەواو نەکراوە، بۆ تەواوبوونیشی پێویستی بە بڕی نزیکەی 55 ملیار دیناری عێراقی هەیە و وەزارەتی دارایی حکومەتی هەرێمیش بە بیانوی قەیرانی دارایی ئەو بڕە پارەیە خەرجناکات .

” حکومەتی هەرێم تەنیا لە رۆژی 5 ی 3 رانیەی بیر دەکەوێتەوە “

ئازاد قادر هاووڵاتییەکی تەمەن 48 ساڵی رانیەیە و پیشەی مامۆستایە لە باسی تەواو نەکردنی پڕۆژەی نەخۆشخانەی 291 قەرەوێڵی رانیە بە SNN ی راگەیاند: نەخۆشخانەی 291 قەرەوێڵەیی رانیە، هاوشێوەیەی پڕۆژەی رێگای چوارقوڕنە ـ دووکان و پڕۆژەی ئاوی خواردنەوەی دەربەندی رانیە و چەندین پڕۆژەی تر تەنیا لە یادی 5 ی ئازار دا لە رۆژی راپەڕینی خەڵکی رانیەدا باسدەکرێن و لەو رۆژەدا حکومەت رانیەی دەکەوێتە بیر، هەر لەو رۆژەدا حکومەت بەڵێنی تەواوکردنی پڕۆژەکان دەدات، بەڵام دواتر حکومەتی هەرێم  رانیەی بیر دەچێتەوە .

ئازاد دەشڵێت “بەهۆی نەبوونی نەخۆشخانەیەکی گونجاو و مۆدێرن تا ئێستاش هاووڵاتیانی بیتوێن و پشدەر بۆ حاڵەتێکی بچوکیش رەوانەی نەخۆشخانەکانی سلێمانی دەکرێن ئەمە جگە لەوەی کە لە نەخۆشخانەی ئێستای رانیەش وەک پێویست دەرمانی تێدا نییە و دەبێت دەرمان لە دەرەوەی نەخۆشخانە بکڕیت، ناکرێت ئیدارەی راپەڕین کە نزیکەی 400 هەزار دانیشتووی هەیە لە بوونی هەر رووداوێک، روو بکەنە نەخۆشخانەکانی هەولێر یاخود سلێمانی”.

“بەهۆی نەبوونی شوێنی گونجاو و ئامێری تایبەت ناچارین نەخۆشەکان رەوانەی نەخۆشخانەکانی سلێمانی بکەین “

دکتۆر عەلی سوارە بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی گشتی فێرکاری رانیە بە SNN ی وت: “نەخۆشخانەی گشتی فێرکاری ئێستایی رانیە 50 قەرەوێڵەییە، بەڵام فراوانکراوە بۆ نزیکەی 100 قەرەوێڵە، ماوەی چەند مانگێک بوو کاری نۆژەنکردنەوەی بۆ ئەنجامدەدرا، بەڵام ئێستا بەهۆی خەرجنەکردنی پارەی بەڵێندەر کاری نۆژەنکردنەوەی وەستاوە و بەهۆی نەبوونی جێگاوە بەشی فریاکەوتی نەخۆشخانەکە براوەتە نەخۆشخانەی منداڵان و منداڵبوونی رانیە ئەویش شوێنەکەی گونجاو نییە سەرەڕای ئەوەی ئێستا بەشێکی زۆری پزیشکان بایکۆتی دەوامیان کردووە. ”

دکتۆر عەلی سوارە باس لەوەش دەکات: بەهۆی نەبوونی شوێنێکی گونجاو بۆ بەشی فریاکەوتن و نەبوونی ئامێری پێویست ناچارن نەخۆشەکانیان رەوانەی نەخۆشخانەکانی سلێمانی بکەن، بۆیە هەرچی زووە  وەزارەتی تەندروستی بێتە سەرخەت، چونکە کەرتی تەندروستی لە سنوری ئیدارەی راپەڕین وەک پێویست نییە و ناکرێت تەندروستی و ژیانی هاوڵاتیان پەیوەست بکرێت بە قەیرانی دارایی و پێویستە زۆر بە زوویی نەخۆشخانەی 291 قەرەوێڵەی تەواو بکرێت .”

” نەخۆشخانەی 291 قەرەوێڵەیی لە ڕانیە ساڵی 2012 بەردی بناغەی دانراوە بە گوژمەی 107 ملیۆن دۆلاری ئەمریکی و دوو کۆمپانیای تورکی سەرپەرشتی پڕۆژەکەیان دەکرد، بەڵام لەساڵی 2014 بەهۆی قەیرانی دارایی کارکردن لە پڕۆژەکە وەستا کە هەرچەندە بڕیار بوو بەماوەی 2 ساڵ ئەو پڕۆژەیە بە کۆتا بێت .”

” نەخۆشخانەکە پێویستی بە 55 ملیار دینارە بۆ تەواو کردنی “

دکتۆر هیوا مەحمود بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی راپەڕین بە SNN ی راگەیاند: دوای دەستکردن بە جێبەجێکردنی پڕۆژەکە لەساڵی 2012 تا ساڵی 2014 بەشێکی زۆری نەخۆشخانەکە دروستکرا توانرا 65% ی پڕۆژەکە تەواو بکرێت، بەڵام لەساڵی 2014 دوای دروستبوونی قەیرانی دارایی کارکردن لە پڕۆژەکە وەستا، هەرچەندە ئەوان چەندینجار بە نوسراوی فەرمی لەڕێگەی وەزارەتی تەندروستی داوایان لە وەزارەتی دارایی حکومەتی هەرێم کردووە بۆ تەرخانکردنی بودجەیەکی تایبەت بە پڕۆژەکە، بەڵام وەزارەتی دارایی بە بیانوی قەیرانی دارایی هیچ بودجەیەکی بۆ تەواوکردنی نەخۆشخانەکە تەرخان نەکردووە .

هیوا مەحمود ئاماژە بۆ ئەوەش دەکات : دوای دروستبوونی قەیرانی دارایی پرۆژەکە لە کۆمپانیای جێبەجێکار وەرگیراوەتەوە ئەمەش بۆتەهۆی کۆمەڵێک گۆڕانکاری لە دیزاین و تەکنیکی ئەم پڕۆژەیە کە ئەمەش هۆکارێکی تری تەواو نەکردنی پڕۆژەکەیە کە بۆ تەواوکردنی پێویستی بە بڕی نزیکەی 55 ملیار دیناری عێراقی هەیه .

بەڕێوەبەری تەندروستی راپەڕین باسیش لەوە دەکات: دانیشتوانی ئیدارەی راپەڕین پێویستییەکی زۆریان بە هەرچی زوو تەواوکردنی نەخۆشخانەی 291 قەرەوێڵەیی رانیە هەیە، چونکە بە تەواوبوونی نەخۆشخانەکە کێشە تەندروستییەکانی سنوورەکە چارەسەر دەبن و ژێرخانی تەندروستی ئیدارەی راپەڕین دەبوژێتەوە، بەردەوامیش دەبن لە بەدواداچوون بۆ تەرخانکردنی بودجە بۆ تەواوکردنی نەخۆشخانەکە .

بەشی بکە لە
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this