شێوازی دابەشكردنی موچەی ئەم مانگە دیاری دەکرێت

0
16692
دراوى 10 هه‌زارى عێراق | فۆتۆ: SNN

SNN- عەلی حەمە سەعید
دوابەدوای بڕیاری لێبڕینی لە %21 موچەی سەرجەم وەزارەتەكان، لەم هەفتەیە یاخود سەرەتای هەفتەی داهاتوو وەزارەتی دارایی بە فەرمی داوای لیستی نوێی موچە لە وەزارەتەكان دەكات و دەستبە دابەشكردنی موچە دەكرێت، هاوكات شێوازی لێبڕینی لە%21 لە كۆی گشتی موچە دەبێت نەك پلە و ساڵی خزمەتی فەرمانبەران.

بە گوێرەی ئەو زانیاریانەی كە لە سەرچاوەیەكی وەزارەتی داراییەوە بە SNN دراون، ئەوە خراوەتەڕوو، لە ئێستادا وەزارەتی دارایی سەرقاڵی ئامادەكارییە بۆ ئەوەی بە نوسراوێك داوا لە سەرجەم وەزارەت و دەستەكان بكات، بە گوێرەی بڕیاری لێبڕینی لە%21 كۆی گشتی موچەكانیان لیستی موچەیان بۆ بنێرن و لەوێش وردەكاری بكرێت، بۆیە پێدەچێت لەم هەفتەیە یاخود سەرەتای هەفتەی داهاتوو ئەو نوسراوە بگاتە وەزارەتەكان.

ئاماژەی بەوەشكرد، ئەوە یەكلا بووەتەوە كە هەر فەرمانبەرێك لە 300 هەزار دینار كەمتری هەیە هیچ بڕە پارەیەك لە موچەكەی نابڕدرێت، بەڵام لێبڕینی لە %21 لەو موچەخۆرانەوە دەستپێدەكات كە موچەكانیان لە 400 هەزار دینار بەرەو سەرەوەیە لەمەشدا ڕەچاوی پلەی فەرمانبەر و ساڵانی خزمەتی موچەخۆر ناكرێت بەڵكوو ئەو لە %21 لە كۆی گشتی موچە دەبڕدرێت كە لە %5 وە دەستپێدەكات بۆ لە %21 ئەو موچەخۆرانەشی بە پلەی تایبەت خانەنشینكراون ڕاستەوخۆ لە %50ی موچەكەیان لێدەبڕدرێت.

سەرچاوەكەی وەزارەتی دارایی زانیاری زیاتری خستەڕوو، ئەو لیستەی ئامادە دەكرێت بۆ موچە، موچەی مانگی شوباتی پێدابەشدەكرێت بەجۆرێك ئەو فەرمانبەرانەی موچەكانیان لە سەرو 300 بۆ 400 هەزارە بڕی لە%5 لە كۆی موچەكانیان دەبڕدرێت و موچەخۆرانی 400 بەرەو سەر تا 500 بڕی لە%7 و لە 500 بەرە سەر تا 600 بڕی لە %9 و لە 600 بەرەو سەر تا 700 بڕی لە %11 و لە 700 بەرەو سەر تا 800 بڕی لە %13 و لە 800 بەرەو سەر تا 900 بڕی لە%15 و لە 900 بەرەو سەر تا یەك ملیۆن بڕی لە %17 و ئەوانەشی موچەكانیان لە سەرو ملیۆنێكەوە بڕی لە%21 لە كۆی گشتی موچەكانیان دەبڕدرێت.

سەرچاوەكەی وەزارەتی دارایی ئەوەشی وت: “لە ئێستادا سەرجەم بانکەكانی هەولێر و سلێمانی و دهۆك و هەڵەبجە و شار و شارۆچكەكانی دیكە پارەی پێویستیان تیادایە” بەڵام ئەم پارەیە نەسریە و داهاتی وەزارەتە جیاجیاكانە و بۆ موچە دابەشناكرێت مەگەر لە حاڵەتێكدا حكومەت بڕیار بدات ئەو پارەیە بۆ موچە دابەشبكرێت، بۆیە مانگانە موچەی وەزارەتەكان راستەوخۆ لە بانكی هەرێم وەردەگرین و دابەشدەكرێت بەسەر موچەخۆراندا.

بەشی بکە لە
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this