سیستمی تەندروستی كەركوك لەهەرەسهێنان نزیكدەبێتەوە

0
521
کەرکوک

SNN-عیماد جەباری

بەڕێوەبەری تەندروستی كەركوك بۆ یەكەمجار زەنگی مەترسی ئەوەی لێدا كەزۆری نەماوە بەهۆی بەرزبوونەوەی ژمارەی تووشبووانی كۆرۆنا، چیتر نەخۆشخانەكان جێگەی لەخۆگرتنی نەخۆشیان نەمێنێت و دۆخەكە لەدەستدەربچێت.

ئەم زەنگەی تەندروستی دوای ئەوەهات كە ژمارەی تووشبووانی كەركوك گەیشتووەتە 800 تووشبوو، سەنتەری تایبەت بەتووشبووانیش جێگای نەخۆشی تێدانەماوە و بەناچاری یەكێك لەنەخۆشخانەكانی شارەكە وەكو دووەم سەنتەری تایبەت بەو ڤایرۆسە دەستنیشانكرا.

بەپێی دوایین ئامار كە لەلایەن وەزارەتی تەندروستی عێراقەوە بڵاوكراوەتەوە، ژمارەی كۆی تووشبووانی كەركوك گەیشتووەتە 799 تووشبوو، لەو ژمارەیەش 537 كەس ڤایرۆسەكە لەلەشیاندا چالاكە و 231یشیان چاكبوونەتەوە و 31 تووشبووش گیانیانلەدەستداوە.

بەپێی ئەو زانیاریانەی دەستی SNNكەوتووە، چاوەڕوان دەكرێت ئەمڕۆ بەرزترین ژمارەی تووشبوون لەكەركوك تۆماربكرێت كە زیاتر لە 100 حاڵەتە، هەروەك شەوی رابردوش چەند تووشبوویەكی دیكە گیانیانلەدەستداوە.

د. سەباح نامیق بەڕێوەبەری تەندروستی گشتی لەفەرمانگەی تەندروستی كەركوك بە SNNی راگەیاند: لەرووی ڤایرۆسەكەوە كەركوك چووەتە قۆناغی چوار واتا ڤایرۆسەكە لەئێستادا خێراتر لەنێوان مرۆڤەكان بڵاودەبێتەوە و نیشانەكانیشی قورسترن وەكو لەپێشتر.
وتیشی، داخستنی ناوچە و سنورداركردن و گەمارۆدانی ڤایرۆسەكە سودی نەماوە چونكە گەیشتووین بەقۆناغێك ڤایرۆسەكە لەهەموو شوێنێك بڵاوبووەتەوە و تەنها چارەسەر خۆپارێزیە.

چەند رۆژێك بەر لەئێستا بەهۆی پڕبوونی سەنتەری تایبەت بەتووشبووان لەناوچەی پیشەسازی، تەندروستی بڕیاریدا نەخۆشخانەی گشتی كەركوك تایبەتبكرێت بۆ ئەو مەبەستە.

بەڵام بەهۆی تووشبوونی زیاتر لە 100 كارمەندی تەندروستی كەركوك لەپزیشك و پەرستار كە لەنێویاندا گیانلەدەستدانیش تۆماركراوە، وایكردوە ترس و دڵەڕاوكێ لەنێو كارمەندانی تەندروستی دروستبێت و گرنگی بەتووشبووان نەدەن و خزمەتگوزاری پزیشكی پێشكەش نەكرێت كە ئەوەش وایكردوە چەند تووشبوویەك گیانلەدەستبدەن و یەكێكیان كارمەندی تەندروستیشە.

لەئێستادا هاووڵاتیان بەهۆی ئەو كەمترخەمیەی لەنەخۆشخانەكاندا هەیە، لەماڵەوە خۆیان كەرەنتینە كردووە و بەشێك لەو تووشبووانەشی لەنەخۆشخانەكان بوون، بەناچاری گەڕاونەتەوە ماڵەوە و ئامێری هەناسەدان و كەلوپەلی پزیشكیان كڕیوە.

د. زیاد خەڵەف بەڕێوبەری تەندروستی كەركوك بەوەكالەت بە SNNی راگەیاند: كەركوك خاوەن هەزار قەروێڵەیە ئەوەش بەسەرجەم نەخۆشخانەكانی كە هەیەتی، لەئێستاشدا ژمارەی تووشبووان گەیشتوەتە 800 حاڵەت و بەرەو هەزار تووشبوو نزیكدەبینەوە كە ئەمەش ئەو مەترسیە دروستدەكات كە چیتر لەنەخۆشخانەكاندا جێگەی تووشبووان نابێتەوە.

وتیشی، “ژمارەیەكی زۆر لەهاووڵاتیان و پزیشك و كارمەندانی ئەمنی تووشبووی كۆرۆنا كە دۆخی تەندروستیان جێگیرە لەماڵەكانی خۆیان كەرەنتینە كراون”.

خۆ كەرەنتینە كردرنی راكان جبوری پارێزگاری كەركوك بەوەكالەت و نەوتنی هیچ راستیەك لەبارەی دۆخی تەندروستیەوە، بۆشایی ئیداری گەورەی لەشارەكە دروستكردوە بەتایبەت كە ئەنجومەنی پارێزگاش بونی نەماوە.

لەچەند رۆژی رابردوشدا تووشبوونی چەند فەرماندەیەكی باڵای ئەمنی و سەربازی لەكەركوك تۆماركرا دیارترینیان لیوا عەلی كەماڵ فەرماندەی پۆلیسی كەركوك، و عەمید فاخر دعەیەر عەلی فەرماندەی فیرقەی سێی پۆلیسی ئیتیحادی لەسنوری حەویجە.

هەروەها عەقید مازن غەریب شوانی بەڕێوەبەری پۆلیسی فریاكەوتنیش تووشبوونی بەكۆرۆنا راگەیاند، لەگەڵ بەڕێوەبەری نوسینگەی فەرماندەی پۆلیس.

لەئێستاشدا باس لەتێكچوونی باری تەندروستی فەریق روكن سەعد حەربیە فەرماندەی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەكانی عێراق دەكرێت لەكەركوك، بەڵام هێشتا تووشبوونی بەكۆرۆنا تەئكید نەكراوەتەوە كە ئەگەر ئەو هەواڵە راستبێت ئەوە سیستمی ئەمنیش هاوشێوەی تەندروستی دوچاری شڵژان و دۆخێكی نەخوازراو دەبێتەوە.

بەشی بکە لە
تاگەکانکۆرۆنا
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this