زیاتر لە ‎120 پێکوتە دژ بە ڤایرۆسی کۆرۆنا دروستدەکرێت

0
706

SNN

لە سەرانسەری جیهاندا، زانایان هەوڵەکانیان بۆ دروستکردنی پێکوتەیەکی گونجاو دژ بە ڤایرۆسی کۆرۆنا چڕکردووەتەوە و لە ئێستاشدا زیاتر لە 120 پێکوتەی جیاواز لە قۆناغی گەشەپێداندایە.

ماڵپەڕی بی بی سی بەریتانی بڵاویکردووەتەوە، زۆرینەی پێکوتەکان ئێستا لە قۆناغە سەرەتاییەکانی تاقیکردنەوەدان و لە تاقیگەکان گەشەیان پێدەدرێت، بەڵام 13 لەو پێکوتانە قۆناغە سەرەتاییەکانیان بڕیووە و ئێستا  لەسەر ئاژەڵ و مرۆڤ تاقیدەکرێنەوە، ئەوانەش پێنجیان لە چین، سێ لە ئەمریکا، دوو لە بەریتانیا و یەک تاقیگە لە هەریەک لە وڵاتانی ئوسترالیا، ئەڵمانیا و رووسیا بوونیان هەیە.

تاقیگەکانی بەشێک لە زانکۆ ناودارەکانی بەریتانیا، لە نێویشیاندا ئۆکسفۆرد، ئیمپێریاڵ کۆڵێنج لەندەن، تاقیکردنەوەکانیان چووەتە قۆناغی پێشکەوتووەوە و لەسەر مرۆڤ تاقیدەکرێتەوە، سەدان کەسیش خۆبەخشانە ئامادەییان نیشانداوە تا پێکوتەی دژ بە ڤایرۆسی کۆرۆنایان لەسەر تاقیبکرێتەوە.

هاوکات بەشێک لەو تاقیکردنەوانەی کە لەسەر ئاژەڵ کراون، دەرئەنجامەکانیان ئومێدبەخش بوون و جەستەی ئاژەڵەکان وەڵامدانەوەی بۆ پێکوتەکان هەبووە.

زانایان جەخت لەوە دەکەنەوە، ئەوان لە رکابەریدا نین دژ بە یەکتری، بەڵکو رکابەری دژ بە ڤایرۆسی کۆرۆنا دەکەن، چونکە بۆ ئەوەی پێکوتەی پێویست بۆ تەواوی دانیشتوانی جیهان بەکاربهێنرێت، پێویست دەکات ژمارەیەک لەو پێکوتانە سەرکەوتووبن.

لە کۆتاییەکانی ساڵی رابردوودا لە شاری ووهانی چین ڤایرۆسی کۆرۆنا سەریهەڵدا و دواتر بۆ سەدان وڵاتی جیهان گوازرایەوە، تا ئێستا زیاتر لە نۆ ملیۆن کەسی جیهان تووشی کۆرۆنا بوون و زیاتر لە 480 هەزار کەسیش بەوهۆیەوە گیانیان لەدەستداوە، زیاتر لە پێنج ملیۆن کەسیش لە پەتاکە چاکبوونەتەوە.

بەشی بکە لە
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this