دژە تیرۆری عێراق هەڵیکوتایە سەر بارەگایەکی حەشدی شەعبی

0
692

SNN

بەرپرسانی حکومەت و کۆمەڵێک سەرچاوەی نیمچە سەربازی ئاماژەیان بەوەدا هێزێکی دژە تیرۆری عێراق هەڵیانکوتاوەتە سەر بنکەیەکی گروپێکی حەشدی شەعبی نزیک لە ئێران لە باشووری بەغدا و دەیان کەسیان دەستگیرکردووە.

ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز لە زاری ئەو سەرچاوانەوە بڵاویکردووەتەوە، دژە تیرۆری عێراق هەڵیانکوتاوەتە سەر هێزێکی حەشدی شەعبی کە بەشێکن لە کەتائیب حیزبوڵا کە ئەمەریکا تۆمەتباری کردوون بە ئەنجامدانی هێرشی موشەکی دژی هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق.

سەرچاوە نیمچە سەربازییەکان و بەرپرسانی حکومەتی عێراق ئاماژەیان بەوەدا ئەوانەی دەستگیرکراون دوای ماوەیەکی کەم گواستراونەتەوە بۆ باڵی ئاسایشی هێزەکانی حەشدی شەعبی، بەڵام بەرپرسێکی حکومی دیکە ئەوەی ڕەت کردەوە و وتی: “دەستگیرکراوەکان هێشتا لە دەزگای ئاسایش دەستبەسەرکراون”.

سەبارەت بە ژمارەی دەستگیرکراوەکان زانیاری دژبەیەک بڵاودەکرێتەوە، هەر لەوبارەیەوە بەرپرسێکی حەشدی شەعبی کە نەیویستووە ناوی ئاشکرا بکرێت ئاماژەی بەوەکردووە: “ژمارەی دەستگیرکراوەکان 19 کەسن” لەکاتێکدا بەرپرسێکی حکومی وتیویەتی دەستگیرکراوەکان 23 کەسن.

لەلایەکی دیکەوە وتەبێژێکی هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی دژ بە داعش هەواڵی ڕادەستکردنی سەرکردە دەستگیرکراوەکانی بە سوپای ئەمەریکا رەتکردەوە.

سەرۆک وەزیری عێراق مستەفا کازمی پێشتر رایگەیاندبوو: “هەڵوێستی توندی دەبێت بەرامبەر ئەو گروپە چەکدارییانەی کە دامەزراوە ئەمەریکییەکان لە عێراق دەکەنە ئامانج”، ئەم کارەی هێزەکانی ئاسایشی عێراقیش بە یەکەمین ئاماژە دادەنرێت لەسەر سووربوونی کازمی لە جێبەجێکردنی ئەو بەڵێنانەی.

بەشی بکە لە
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this