بێ مووچەیی بەشێکی فەرمانبەرانی ناچار بە کشتوکاڵ کردن کردووە

0
284
راپۆرت: محەمەد مستەفا
بەهۆی دواکەوتنی مووچە و قەیرانی دارایی و نەمانی هەلی کار لە سەنتەری قەزا و ناحیەکان، لە ئێستادا بەشێکی زۆری فەرمانبەرانی سنوری ئیدارەی ڕاپەڕین لە گوندەکانی دەڤەرەکە دەستیانکردووە بە کاری کشتوکاڵ کردن و ئاوەدانکردنەوەی ڕەز و باخەکانیان، کە چەندین ساڵ بوو بەهۆی پشت بەستن بە داهاتی مووچە باخ و رەزەکانیان جێهێشتبوو .
نابێت چیتر پشت بە مووچە ببەستین
عەزیز عەبدولرەحمان فەرمانبەرێکی دانیشتووی ناحیەی حاجیاوایە لە ئیدارەی ڕاپەڕین بەڵام ئەو لە ئێستادا لە سنووری گوندی چنارنەی ناحیەی بنگرد سەرقاڵی کاری کشتوکاڵ کردنەوە، بە SNNی وت: “دوای ساڵی 2014 دۆخی مووچە خۆران تەواو بەرەو خراپی ڕۆیشتووە هیچ ئومێدێک نیە کە دۆخی مووچە بەرەو باشتر بڕوات ئەوەتا لە جیاتی دانەوەی پاشەکەوتەکەمان مووچەکانیشمان دەبڕن، بۆیە من بە تەواوی لە ژیانی پشتبەستن بە مووچە بێهیوا بووم و لە ئێستادا گەڕاومەتەوە گوندەکەی خۆم و ماوەی دوو مانگە دەستم کردوە بە چاندنی (درەختی هەنجیر و سەوزەکانی تەماتە و شێلم و باینجان و بامیە)”.

فۆتۆ: محەمەد مستەفا

عەزیز دەشڵێت: “ئێستا بەرهەمی سەوزەی رەزەکەم کە نزیکەی یەک دۆنم زەوییە خەریکە بەشێکی پێ دەگات، راستە ئێستا بێ بازاڕیە و بەرهەمی سەوزە و میوە پارەیەکی ئەوتۆ ناکات، بەڵام هەرچۆنێک بێت ئەو بەرهەمانە لە بازاڕ و عەلوەکان ساغ دەکەمەوە گەر بە نرخێکی کەمیش بێت دەیان فرۆشم و بڕێک پاره دەخەمە گیرفانمەوە و چیتر چاوەڕێی هات و نەهاتی مووچە ناکەم چونکە نابێت چیتر پشت بە مووچە ببەستین”.
بەشێکی ماڵەکەم دەهێنمەوە گوندەکەم و سەرقاڵی کاری کشتوکاڵی و مەڕداری دەبم
محەمەد عوسمان فەرمانبەری پەروەردەی رانیەیە و دانیشتووی قەزای رانیەیە، بەڵام ئەو لە ئێستادا لە دۆڵی شاورێی سنوری قەزای رانیە سەرقاڵی دروستکردنی خانویەکە لە گوندەکەی و بە SNN ی راگەیاند: ماوەی زیاتر لە 20 ساڵە کارگوزارە و لە خوێندنگایەکی رانیە دەوام دەکات، تا پێش ساڵی 2014 بەهۆی ئەوەی مووچە لە کاتی خۆی و بێ دواکەوتن دراوەتە فەرمانبەران، مووچە خۆران توانیویانە خەرجی رۆژانەیان بە مووچە دابین بکەن، بەڵام دوای ساڵی 2014 دۆخەکە ساڵ بە دوای ساڵ خراپتر دەبێت، بۆیە لە ئێستادا مووچە خۆران بیر لە رێگای تر دەکەنەوە بۆ دروستکردنی داهاتێک بۆ بژیوی ژیانیان .
محەمەد باس لەوەش دەکات: “بێ مووچەی و بڕیاری بڕینی بەشێک لە مووچەکەم وای لە من کردووە کە بڕیار بدەم خانویەک لە گوندی دارەبەنی دۆڵی شاورێ دروست بکەم و بەشێکی ماڵەکەی بگوازمەوە بۆ لادێکەم و بڕیاریشمداوە کە چەند سەر مانگایەک بکڕم، دەستبکەم بە ئاژەڵداری و لە پاڵیشیدا کاری کشتوکاڵی بکەم، بەمەش تا رادەیەک دەتوانم سەرچاوەیەکی داهات بۆ خێزانەکەم دابیت بکەم”.
گوندەکان بەرەو ئاوەدان بوونەوە دەچن
قادر شێخ حەسەن دانیشتوی گوندی لۆتەرە لە دەڤەری مەرگەی ناحیەی بنگرد ئەو لە باسی چۆنیەتی گەڕانەوەی خەڵکی بۆ سەر رەز و باخەکانیان بە SNN ی وت: “ماوەی زیاتر لە 6 مانگە بەشێکی زۆری خەڵکی گوندەکانی دەڤەری مەرگە ئەوانەی کە دانیشتوی قەزا و ناحیەکانن روویان کردووەتە گوندەکانی خۆیان و دەستیان کردووە بە کشتوکاڵکردن و ئاژەڵداری، زۆرینەشیان سەرقاڵی خانوو دروستکردنن لە گوندەکانیان و لە ئێستادا بەشێکی زۆری گوندەکان بەرەو ئاوەدان بوونەوە دەچن، بەشی هەرە زۆری ئەو کەسانەی گەڕاونەتەوە گوندەکانیان و رەز و باخەکانیان ئاوەدان کردووەتەوە فەرمانبەرانن کە بێگومان ئەمەش هۆکارەکەی قەیرانی دارایی و بێ مووچەییە”.
خواست لەسەر پێداویستی کشتوکاڵی زیادی کردووە
هاوکار عەلی خاوەن پێشانگایەکی کشتوکاڵیە لە رانیە دەربارەی خواست لەسەر پێداویستی کشتوکاڵی بە SNN ی راگەیاند: ماوەی نزیکەی 6 تا 8 مانگە خواست لەسەر پێداویستی کشتوکاڵی، بە تایبەت سیستەمی سۆندەی ئاودانی قەترەیی و سەماد زیادی کردووە، هۆکارەکەشی دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە لە ئێستادا بەشێکی زۆری هاووڵاتیانی کاسب کە بەهۆی قەیرانی دارایی بێکار بوون یاخود فەرمانبەران بەهۆی بێ مووچەی روویان کردووەتە کاری کشتوکاڵی، ئەوان وەک خاوەن پێشانگای پێداویستی کشتوکاڵی لەسەر دەمی کڕیارەکانیان بە تەواوی هەستیان کردووە کە بەشێکی زۆری هاووڵاتیان و مووچەخۆران بێ هیوابوون لە سیستەمی مووچە و دەیانەوێت کشتوکاڵ بکەنە سەرچاوەی بژێوی ژیانیان .
بەشی بکە لە
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this