جێگری پارێزگاری هەڵەبجە: تا ئێستا بودجەی تایبەت بە کۆرۆنامان پێنەگەیشتووە

0
222

SNN- عەلی حەمە سەعید

جێگری پارێزگاری هەڵەبجە رایگەیاند، لەو بودجەیەی کە بڕیاربوو حکومەتی هەرێم بۆ بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا لە سنووری هەڵەبجە تەرخانی بکات، بەشێوەیەکی بەرچاو کەمکراوەتەوە و تا ئێستاش پێیان نەگەیشتووە.

كاوە عەلی، جێگری پارێزگاری هەڵەبجە بۆ SNNی روونكردەوە، لەو دوو ملیار دینارەی کە حکومەتی هەرێم بۆ پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەکانی گەرمیان و ڕاپەڕین دیاریکردبوو، پشکی هەڵەبجە کەمکراوەتەوە”.

کاوە عەلی باسی لەوەکرد: “ئەگەرچی لە یەکەم بودجەی تایبەت بە کۆرۆنا، پارێزگای هەڵەبجە 250 ملیۆن دیناری پێگەیشت، ئەمجارە و لە پشکی دوو ملیار دینارەکە، 100 ملیۆن دینار دیاریکرابوو، هەوڵیشدرا ئەو بودجەیە بۆ 50 ملیۆن دینار کەمبکرێتەوە”.

جێگری پارێزگاری هەڵەبجە وتوویەتی: “بە وەزارەتی تەندروستیمان راگەیاندووە کە بڕی 50 ملیۆن دینار زۆر کەمە و بەشی پێویستییەکانی کەرتی تەندروستی هەڵەبجە لە رووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا ناکات، دواتر بەڵێنیان پێداین کە بڕی ئەو بودجەیە بۆ 100 ملیۆن دینار زیادبکەنەوە، لەگەل ئەوەشدا ئەو بودجەیە تا ئێستا نەگەیشتووەتە دەست تەندروستی هەڵەبجە”.

هەر لەوبارەیەوە، جێگری پارێزگاری هەڵەبجە رایگەیاند: “لە بودجەی یەكەم بۆ رووبەڕووبوونەوەی كۆرۆنا كە بۆ پارێزگاكان تەرخانكرابوو، حكوومەتی هەرێم بڕی 250 ملیۆن دیناری بۆ هەڵەبجە تەرخانكرد، بەڵام لە قۆناغی دووەمدا كە سەرجەم پارێزگاكانی دیکەی هەرێم وەریان گرتووە، تا ئێستا هیچ بڕە بودجەیەكمان بۆ تەرخاننەكراوە لە كاتێكدا زانیاریمان هەیە هەندێك پارێزگا قۆناغی سێیەمیشیان بۆ خەرجدەكرێت”.

لەبارەی کەموکورتییەکانی تەندروستی هەڵەبجەوە، د. ئازاد مستەفا، بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی هەڵەبجە بە SNNی راگەیاند: چەندین کەموکورتیمان هەیە، بۆ یەکەمجاریش نەخۆشێک لە نەخۆشخانەی وەفای تایبەت بە کۆرۆنا ئامێری هەناسەدانی بۆ بەکارهێندراوە، لە ئێستادا ئەو نەخۆشخانەیە شەش ئامێری هەناسەدانی هەیە و لەگەڵ بەرزبوونەوەی ژمارەی تووشبووان و ناجێگیری دۆخیان بەرگە ناگرێت.

ژمارەی تووشبووان بە کۆرۆنا لە سنووری پارێزگای هەڵەبجە 120 کەسی تێپەڕاندووە، لەو ژمارەیە تا ئێستا چوار كەسیان گیانیان لەدەستداوە و نزیكەی 30 كەسیان چاكبوونەتەوە و ئەوانی دیكەش بەشێكیان لە نەخۆشخانەی وەفا لەژێر چاودێریدان بەشێكیشیان لە ماڵەكانی خۆیاندا چارەسەر وەردەگرن.

د.ئازاد باسی لەوەکردووە: “جگە لە سەنتەری هەڵەبجە و دەوروبەری لە قەزاكانی شارەزوور و سەیدسادق و پێنجوێنەوە توشبووانی كۆرۆنا دەهێندرێنە نەخۆشخانەی وەفا تایبەت بە کۆرۆنا، هەرچەندە لە ڕووی ئیدارییەوە سەر بە پارێزگای سلێمانین بەڵام چارەسەرمان كردوون پێمان نەتوون ئێوە سەر بە سلێمانین”.

بەشی بکە لە
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this