سلێمانی.. زیاتر لە 200 کەس پلازمای خوێنیان بەخشیووە

0
182

SNN-هەوراز ئەحمەد
سەرۆکی تیمى بەخشینى پلازما لە بانکى خوێنى سلێمانى ڕایدەگەنێت: “تاوەکو ئێستا زیاتر لە 200 کەس  پلازمای خوێنیان بە تووشبووانی کۆرۆنا بەخشیووە، بەڵام بەراورد بە ژمارەى چاکبووەکان هێشتا بەخشینى پلازما وەکو پێویست نیە”.

جەبار محەمەد، سەرۆکی تیمى بەخشینى پلازما لە بانکى خوێنى سلێمانى بە SNNی ڕاگەیاند: “تاوەکو ئێستا خوێنى کەسى چاکبووەوە لە پەتاى ڤایرۆسى کۆرۆنا بە گونجاوترین چارەسەر دادەنرێت لەسەر ئاستى جیهان بەڵام جێگای داخە کە لە هەرێمى کوردستان سەرەڕاى بەرزى ڕێژەى چاکبوونەوە لە کۆرۆنا، هێشتا بەدەمەوە هاتن زۆر کەمە و ئەو کەسانەشى دێن بۆ بەخشینى خوێن لە ڕێگاى پەیوەندى تایبەتیەوە دێن و پلازما بە کەسێکى دیارى کراو دەدەن”.

وتیشى: “دەبێت پزیشکەکان دەستکراوە بکرێن لە پێدانى پلازما بە نەخۆشەکان چونکە پلازما بۆ کەسێک بەکارنایەت کە کۆرۆنا تەواو کاریگەرى لەسەر دانابێت و چوبێتە قۆناغى کۆتاییەوە، بەڵکو بۆ قۆناغى ناوەندى دەبێت کاتێک نەخۆشەکە نیشانەکانى تێدا دەرکەوتبێت و کەمێک هەناسە تەنگى هەبێت و ئۆکسجینى بۆ بەکارهاتبێت لەو قۆناغەدا ئەگەر پلازماى خوێنى کەسى چاکبووەوەى پێبدرێت ئەوا خانەکانى لەشى بەرگرى بەرامبەر ڤایرۆسەکە دروست دەکات و تێکى دەشکێنێت”.

هاوکات روونیکردەوە: “ئامێرى پلازماى خوێن لە بانکى خوێن هەیە بەڵام ئەوەى گرفت بوو بۆ ئێمە نەبوونى کەرەستە و کارمەندى پێویست بوو بۆ ئەو بەشە تاوەکو ئەو کەسانەى دێن پلازما دەبەخشن تێکەڵ بە کەسى ئاسایى بەخشەرى خوێن نەکرێت، خۆشبەختانە لە هەفتەى داهاتووە بڕیارە ئەو کەرەستانە بگاتە دەستمان و بەشێکى تایبەتیش بکرێتەوە لە ناو بانکى خوێن تایبەت بە وەرگرتنى پلازما کە هیوادارین کارمەند و ستافى پێویستى بۆ دابین بکرێت تاوەکو بتوانرێت 24 کاتژمێر لە کار کردن بەردەوام بێت”.

لە بارەى ئەوەى ئایا کەسێکى چاکبووەوە لە کۆرۆنا دەتوانێت پلازما بە سێ کەس ببەخشێت؟ جەبار محەمەد وتى: “ئەو کەسەى پلازما دەبەخشێت مەرج نیە پلازماکەى بۆ 3 کەس بەکاربێت چونکە دەبێت کێش و تەمەنى بزانرێت و دواتر پشکنینى بۆ بکرێت کە ئایا هەڵگرى هیچ نەخۆشیەک نیە بۆیە لەو کاتەدا ئەو تیمە پزیشکیە بڕیار دەدەن کە ئەو پلازماکەى بۆ کەسێک زیاتر بە کار دێت یاخود نا”.

بەشی بکە لە
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this