یەکێتی و گۆڕان: دەبێت چاکسازی سەرەتا لەداهات و پرسی نەوتدا بکرێت

0
188

SNN-

ئەندامێکی خانەی ڕاپەڕاندنی بزووتنەوەی گۆڕان، ڕایدەگەیەنێت: لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆیان لەگەڵ شاندی باڵای یەکێتی جەخت لە چاکسازیکردن لە داهات و شەفافیەت کراوە، دەشڵێت: “ئێمە پێمانوایە داهات زیاترە لەوەی کە هەیە، بەڵام نایەتە خەزێنەی حکومەت” ئەندامێکی مەکتەب سیاسی یەکێتیش دەڵێت: “ئامادەکاری هەیە بۆ ئەوەی لە نزیکترین کاتدا لەگەڵ پارتی کۆببینەوە”.

لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیی هاوبەشدا، دوای کۆبوونەوەی نێوان شاندی باڵای یەکێتی و گۆڕان، ئەمڕۆ چوارشەممە 1ی تەمموز دەرباز محەممەد وتی: “ئێمە سوورین لەسەر ئەوەی کە دەبێت چاکسازی سەرەتا لە داهاتدا بکرێت، چونکە ئەگەر داهات چاکسازی تێدا نەکرێت و شەفاف نەبێت، هەرچەندە خەرجیش کەمبکرێتەوە کێشەکان چارەسەر ناکات”.

ئەندامەکەی خانەی ڕاپەڕاندنی بزووتنەوەی گۆڕان ئاماژەی بەوە کرد، “ئەو داهاتەی لەبەردەستی حکومەتدایە کەمترە لەو داهاتەی کە هەیە، چونکە بەشێکی نایەتە ناو خەزێنەی حکومەت، ئێمە دەمانەوێت ئەوەی بەرپرسیارە لە ونبوونی بەشێک لە داهات، بێتە پێشەوە و بەرپرسیارێتییەکەی هەڵبگرێت”.

سۆران جەمال تاهیر ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، ڕایگەیاند “ئێمە پشتیوانی چاکسازی دەکەین، بەڵام پێمانوایە سەرەتا دەبێت چاکسازی لە گرێبەستە نەوتییەکان و کەمکردنەوەی قەرزی کۆمپانیاکاندا بکرێت، دواتر ئەگەر پێویستی کرد بە کەمترین بڕ دەستببرێت بۆ مووچەی فەرمانبەران و کەمترین زیان بەر هاووڵاتییان بکەوێت”.

سەبارەت بە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ پارتی و کۆبوونەوەیان، سۆران جەمال تاهیر وتی: “ئامادەکاری هەیە بۆ ئەوەی لە نزیکترین کاتدا لەگەڵ پارتی کۆببینەوە، پێشتریش چەندجارێک هەوڵهەبووە بۆ کۆبوونەوە، بەڵام سەرکەوتوو نەبوون”.

هەریەکە لە گۆڕان و یەکێتی جەختیان کردەوە لە بەرەوپێشچوونی پەیوەندییەکانی نێوانیان و ڕایانگەیاند “پەیوەندییەکانیان لە ڕووی کارگێڕییەوە بەردەوامە، بەرەوپێشچوونی ئەو پەیوەندییانەش ڕێگەخۆشکەرە بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییە سیاسییەکان”.

هەروەها جەختیان کردەوە، لە کۆبوونەوەکەیاندا پشتیوانی بەردەوامی دانوستانەکانی شاندی هەرێمی کوردستان لەگەڵ بەغدا کراوە، هەروەها تاوتوێی دوایین سەردانی شاندەکەیان کرد.

لەچوارچێوەی سەردانەکانی ئەمدواییەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بۆ لای لایەنەکانی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ شاندی باڵای یەکێتی، بە سەرۆکایەتیی لاهوور شێخ جەنگی هاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان سەردانی مەکۆی سەرەکی بزووتنەوەی گۆڕانی کرد.

بەشی بکە لە
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this