SNN كاندیدەكانی بزوتنەوەی گۆڕان بۆ وەرگرتنی پۆستەكانی هەڵەبجە ئاشكرادەكات

0
1040
پارێزگای هەڵەبجە | فۆتۆ: SNN

SNN-عەلی حەمە سەعید

دوای ئەوەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و بزوتنەوەی گۆڕان دەستیان بە گفتوگۆكانیان كردوەتەوە بۆ ئاڵوگۆڕكردنی پۆستە ئیدارییەكانی پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە، بزوتنەوەی گۆڕانیش كاندیدەكانی بۆ پۆستەكانی جێگری پارێزگار و قایمقامی هەڵەبجە و بەرێوەبەری ناحییەی بیارە دیاریكردووە، SNNیش ناوی كاندیدەكانی گۆڕان ئاشكرا دەكات.

نزار مەحمود، باژێروانی مەكۆی هەڵەبجەی بزوتنەوەی گۆڕان بەSNNی راگەیاند: بە گوێرەی ئەو رێككەوتنەی كە لە نێوان ئێمە و یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان واژۆی لەسەر كراوە بۆ دابەشكردنی پۆستە ئیدارییەكانی پارێزگای هەڵەبجە و سلێمانی، لە پارێزگای هەڵەبجە پۆستەكانی جێگری پارێزگارو قایمقام و بەڕێوەبەری ناحییەی بیارە پشكی ئێمە بوون، لەو پۆستانەش تەنها بەڕێوەبەری ناحییەی بیارەمان لەكاتی خۆیدا وەرگرتووە و بۆماوەی دوو ساڵیش پۆستی پارێزگاری هەڵەبجەمان لابووە، دواتر كە یەكێتی پارێزگاری هەڵەبجەی وەرگرت، جێگری پارێزگار كەپشكی ئێمە بوو بەڵام وەرمان نەگرتووە.

ئاماژەی بەوەشكرد، لە ئێستادا كە گفتوگۆكانی بزوتنەوەی گۆڕان و یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بۆ جێبەجێكردنی رێككەوتنی دابەشكردنی پۆستە ئیدارییەكان دەستیپێكردووەتەوە، ئێمە هەریەكە لە (شاهێن حەمەڕەزا) بۆ وەرگرتنی جێگری پارێزگاری هەڵەبجە و (حەمید بارام) كە ئێستا بەڕێوەبەری ناحییەی بیارەیە بۆ پۆستی قایمقامی ناوەندی هەڵەبجە دیاریكردووە، هاوكات (جیهاد سابیر)مان بۆ وەرگرتنی پۆستی بەڕێوەبەری ناحییەی بیارە دیاریكردووە و نوسراوی پشتگیریشمان ئاراستەی جڤاتی گشتی بزوتنەوەی گۆڕان كردووە بۆ ئەوەی لەوێوە ناوەكانیان ئاراستەی وەزارەتی ناوخۆ بكرێن بۆ دەستبەكاربونیان.

ئەو بەرپرسەی بزوتنەوەی گۆڕان ئەوەشی وت، “ئەو كەسانەی بۆ وەرگرتنی ئەو پۆستانە دەستنیشانكراون هەڵسوڕاوی بزوتنەوەی گۆڕانن و بە شێوەی سیڤی بووە، دوای دەستبەكاربونیشیان دەست لە كاروباری حزبی وەردەگرن لە بورای حكومی كاردەكەن”.

بەگوێرەی رێككەوتنی نێوان یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و بزوتنەوەی گۆڕان لە 11/12/2014، واژۆی لەسەر كراوە بۆ دابەشكردنی پۆستە ئیدارییەكانی پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە، بۆماوەی دوو ساڵ پۆستی پارێزگاری سلێمانی لەلایەن یەكێتیی نیشتمانی كوردستانەوە بەڕێوەبرا و هاوكات دوو ساڵیش پۆستی پارێزگاری هەڵەبجەش لەلایەن بزوتنەوەی گۆڕانەوە بەڕێوەبرا، دواتر بەهۆی كۆتایی هاتنی ویلایەتی ( مەسعود بارزانی) سەرۆكی پێشووتری هەرێمی كوردستان نەتوانرا لە وادەی خۆیدا ئاڵوگۆڕ بە پۆستەكان بكرێت.

عەبدوڵا نەوڕۆڵی، كە پێشتر لەسەر پشكی بزوتنەوەی گۆڕان پۆستی پارێزگاری هەڵەبجەی وەرگرتبوو، دوای دووساڵ لە بەڕێوەبردنی ئەو پۆستە لە ڕۆژی 25/8/2016 دەستی لەپۆستەكەی كێشایەوە ئەوەش وەك جێبەجێكردنی ڕێككەوتنەكەی نێوان گۆڕان و یەكێتی، پاشان نزیكەی دوو ساڵ لە بەڕێوەبردنی پۆستی پارێزگاری هەڵەبجە بە شێوەی وەكالەت، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان،(ئازاد تۆفیق) ئەندامی مەكتەبی ڕاگەیاندنی بۆ وەرگرتنی پۆستی پارێزگاری هەڵەبجە بەفەرمی دیاریكردووە، بەڵام جیگری پارێزگاری هەڵەبجە و قایمقامی ناوەندی هەڵەبجە كەپشكی گۆڕانن تا ئێستا ئەو پۆستانەین وەرنەگرتووە.

بەگوێرەی زانیارییەكانی SNN یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە سەرۆكایەتی (شاناز ئیبرام ئەحمەد) و بزوتنەوەی گۆڕنیش بە سەرۆكایەتی (شەماڵ عەبدولوەفا) لە چەند ڕۆژی داهاتوودا لیژنەیەك پێكدەهێنن بۆ چۆنیەتی جێبەجێكردنی رێككەوتنەكانی پێشووی نێوانیان و هاوكات ئاڵوگۆڕكردنی پۆستەكان بەپۆستی پارێزگاری سلێمانیشەوە.

جیهاد سابیر، بۆ به‌رێوه‌به‌رى ناحیه‌ى بیاره‌

شاهین بۆ جیگرى پارێزگارى هەڵەبجە

حەمید بارام بۆ قایمقامى ناوەندى هەڵەبجە

بەشی بکە لە
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this