ماوەی 2 ساڵە ئاستی ئاوی ژێرزەوی لە ئیدارەی راپەڕین رووی لە زیادبوون کردووە

0
297

SNN-محەمەد مستەفا

بەهۆی گۆڕانکاریە ژینگەییەکان و بەکارهێنانی زیاد لەپێویستی ئاوی ژێر زەوی بە شێوەیەکی نازانستی، لە ماوەی چەندین ساڵی رابردوو ئاستی ئاوی ژێر زەوی لە سنوری ئیدارەی راپەڕین رووی لەدابەزین کردبوو، بەڵام بەگوێرەی بەدواداچوونەکانی SNN ماوەی دوو ساڵە ئاستی ئاوی ژێر زەوی لە سنووری ئیدارەکە بەڕێژەیەکی بەرچاو بەرز بۆتەوە و شارەزایەکی سامانی ئاویش دەڵێت :” هەڵکەندی بیر بەشێوەی هەڕەمەکی زیانی گەورە بەسامانی ئاوی ژێر زەوی دەگەیەنێت “

” تا پێش ساڵی 2018 زۆرینەی بیرەکانی ئاوی خواردنەوە بە نزیکەی 10 تا 20 مەتر ئاستی ئاوەکانیان کەمی کردبوو “

سەلام عومەر بەڕێوەبەری ئاوی راپەڕین بە SNNی راگەیاند: لە ماوەی نێوان ساڵانی 2007 تا 2017 ئاستی ئاوی ژێر زەوی لە سنوری ئیدارەی راپەین بەشێوەیەکی بەرچاو دابەزینی بەخۆیەوە بینیبوو، بەجۆرێک زۆرێک لەو بیرانەی کەئاوی خواردنەوەی رانیەیان دابین دەکرد ئاسی ئاوەکەیان بەنزیکەی 10 تا 20 مەتر رووی لە دابەزین کردبوو، هەر بەهەمان هۆکار ئاوی قولەی رانیە کەسەرچاوەی ئاوی خواردنەوەی بەشێکی زۆری گەڕەکەکانی رانیەیە رووبەڕووی دابەزینی ئاستی ئاوەکەی ببویەوە و هۆکاری سەرەکی دابەزینی ئاستی ئاوەکەش بەهۆی کەمی رێژەی باران بارین بوو لەو ماوەی نێوان ئەو ساڵانەدا.

” ئاستی ئاوی ژێر زەوی لە راپەڕین ماوەی دوو ساڵە رووی لە زیادبوون کردووە “

سەبارەت بە دۆخی ئێستای ئاوی ژێر زەوی لە سنورەکە بەڕێوەبەری ئاوی راپەڕین ووتی ” ماوەی دوو ساڵە لەگەڵ بەرزبوونەوەی ئاستی ئاوی زێی بچوک و زیادبوونی ئاستی ئاوی دەریاچەی دووکان و زیاد بوونی رێژەی باران بارین، ئاستی ئاوی ژێرزەویش بە رێژەیەکی بەرچاو زیادی کردووە، بەتایبەت ساڵی پار بەهۆی زۆری رێژەی باران بارین زۆرینەی کانیاوەکانی سنورەکە جارێکیتر ژیانەوە دوای ئەوەی چەند ساڵێکبوو بەهۆی کەمی رێژەی باران بارین وشکیانکردبوو، بەگشتی دۆخی ئێستای ئاوی ژێر زەوی لە سنوری ئیدارەی راپەڕین جێگەی دڵخۆشیە ”

” بەفر لەباران کاریگەتر ترە بۆ زیاد بوونی رێژەی ئاوی رێژەی ئاوی ژێر زەوی و هەڵکەندی بیر زیانی زۆر بە سامانی ئاوی ژێر زەوی دەگەیەنێت”

هوشیار ئیراهیم مامۆستای جوگرافیای سروشتی لە زانکۆی راپەڕین بە SNN ی راگەیاند : بەرزبوونەوە و دابەزینی ئاستی ئاوی ژێر زەوی پەیوەندی هەیە بەرێژەی بەفر و باران بارین و بەکارهێنانی ئاوی ژێر زەوی لەلایەن هاووڵاتیان و جوتیارانەوە، ئەوەی لە ئێستادا تێبینی دەکرێت لە سنوری ئیدارەی راپەڕین ماوەی دوو ساڵە ئاستی ئاوی ژێر زەوی بەرێژەیەکی دڵخۆشکەر رووی لە بەرزبوونەوە کردووە، ئەمەش بەهۆکاری زۆری رێژەی باران بارین و بەفر بارین لە ماوەی دوو ساڵی رابردوو، بەتایبەت بەفر بارین چونکە بەفر بارین بە رێژەیەکی زۆر بەرزتر بەراورد بەباران کاریگەری هەیە لەسەر زیاد بوونی رێژەی ئاوی ژێر زەوی.

ئەو مامۆستایە ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد: “ئەو لەکاتی گەڕان و لێکۆڵینەوە لە نامەی ماستەرەکەی کە لەسەر دابەشبوونی ئاوی ژێر زەوی بووە لە سنوری ناحیەی سەرکەپکانی قەزای رانیە بۆی دەرکەوتووە کە هاووڵاتیانی ناوچەکە بەشێوەیەکی هەڕەمەکی و زیاد لە پێویست بیری (کوتک) یان هەڵکەندە کە لەناو هاووڵاتیان بەبیری سوری ناسراوە، ئەمەش زیانی گەورە بە سامانی ئاوی ژێر زەوی دەگەیەنێت، بۆیە پێویستە لایەنی پەیوەندیدار رێگە نەدات جوتیاران بەبێ رێگەی زانستی بیر هەڵبکەنن، چونکە ئەو لە چەند جێگایەک تێبینی کردووە کە لەرووبەرێکی زۆر کەمدا دوو تا سێ بیری (سوری) لێدراوە کە ئەمەش زیانە بۆ داهاتووی ئاوی ژێر زەوی لە سنورەکە .

” لە سنوری ئیدارەی راپەڕین رێگە بە هەڵکەندنی بیر نادرێت “

بێستوون عەزیز وتەبێژی پۆلیسی دارستان و ژینگەی راپەڕین بە SNN ی راگەیاند : هەڵکەندی بیر ئەو بیرەی کە لەناو هاووڵاتیان بەبیری سوری ناسراوە لە سنوری ئیدارەی راپەڕین بە هیچ شێوەیەک رێگە پێدراو نیەو ئەوان وەک پۆلیسی دارستان و ژینگە رێگە بە هەڵکەندنی ئەو جۆرە بیرە نادەن، تەنیا لە حاڵەتێکدا رێگە بەهەڵکەندنی دەدرێت گەر گوندێک یاخود ناوچەیەک پێویستیەکی زۆری بە ئاو هەبێت ئەویش دەبێت رێگە پێدانی شارەوانی و پۆلیس و کشتوکاڵ و لە ژێر رێنمای کەسانی شارەزادا بێت چونکە هەڵکەندنی بیر بە شێوەی هەڕەمەکی زیانی گەورە لە سامانی ئاوی ژێر زەوی دەدات .

ووتەبێژی پۆلیسی ژینگەی راپەڕین رونیشیکردەوە: لە ماوەی چەند ساڵی رابردوو چەندین کەس بە تۆمەتی هەڵکەندنی بیر بەشێوەی نایاسایی دەستگیرکراون و چەند ئامێرێکی هەڵکەندنی بیریش دەستی بەسەرداگیراوە، بەڵام بە داخەوە ئەوان زانیاری و بەڵگەیان لەبەر دەستە کە لە دەرەوەی سنوری ئیدارەی راپەڕین بە شێوەی ئاشکرا ئەو جۆرە بیرانە هەڵدەکەنرێت کە لە داهاتوودا زیانی گەورەی بۆ سەر سامانی ئاوی ژێر زەوی دەبێت بۆیە دەبێت وەزارەتی ناوخۆ و کشتوکاڵ بەجدی بێنە سەر خەت چیتر رێگە نەدرێت بەو شێوە هەڕەمەکیە بیر هەڵبکەنرێت .

بەشی بکە لە
تاگەکانرانیەژینگە
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this