تەقینەوەیەکی دیکەی نامۆ ئێران دەهەژێنێت، هۆکاری ئەم رووداوانە چین

0
358

SNN-

لەماوەی نزیکەی هەفتەیەکدا سێ رووداوی نامۆ کە پەیوەندییان بە تەقینەوەوە هەیە، دووانیان دامەزراوەی ئەتۆمیی کردۆتە ئامانج، ئێرانی هەژاند.

بەبیانووی جیاجیا میدیای ئێران هۆکاری تەقینەوەکانی باسکردووە، بەوەی مەترسییان نییە و لێکۆڵینەوەی تێدا دەکەن.

رۆژی 25ی حوزەیران تەقینەوەیەکی گەورە کە لەدوورییەکی زۆرەوە بینرا، تارانی پایتەختی ئێرانی لەرزاند، چەند گرد و تەپۆڵکەیەکیشی لەناوچەی خوجیر سووتاند.

رۆژی 30 مانگی رابردووش تەقینەوەیەکی دیکەی گەورە لەناو بنکەیەکی تەندروستی لەتاران روویدا و زیاتر لە 10 کەسی کوشت.

ئەمڕۆش 2ی تەمموز لە دامەزراوەی نەتەنز لەتاران کە یۆرانیۆم-ی تێدا دەپیتێنرێت، تەقینەوەیەکی دیکە روویدا، بەڵام میدیای ئێران دەڵێت “هیچ نەبووە و زیانێکی کەمی هەبووە”.

رۆژنامەی جورالیزم پۆست-ی ئیسرائیلی نووسیوێتی: “ئەم تەقینەوانە جێگەی پرسیاری زۆرن کە دامەزراوەی سەربازی هەستیاری کردۆتە ئامانج و دەسەڵاتدارانی ئێرانیش بەهەند وەری ناگرن و دەڵێن رووداوێکی خۆنەکرد بووە”.

پڕوپاگەندەکان بەو ئاڕاستەیەن کە تەقینەوە لەو شوێنە سەربازییانە جگە لەوەی لەلایەن تارانەوە دەشاردرێتەوە، باس لەوە دەکەن کە رەنگە هێرشێکی ئەلیکترۆنیش هەبێت، بەوپێیەی ئێران خۆی مانگی ئایاری رابردوو وتی: “هێرشێکی ئەلیکترۆنیی مینای شەهید رەجائی کردۆتە ئامانج”.

رۆژنامەی نیویۆرک تایمز-یش پێشتر رایگەیاندبوو کە ساڵی 2010 ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشێکی ئەلیکترۆنییان کردۆتە سەر دامەزراوەی (نەتەنز) و زیاتر لە 1000 ئامێری دەرکردنی یۆرانیۆمی پیتێنژراویان پەکخستووە.

دوای ئەم رووداوانە بیهرۆز کەمالوەندی وتەبێژی رێکخراوی وزەی ئەتۆمیی ئێران وتی: “رووداوی تەقینەوەکان کۆگایەکی تازە دروستکراوی گرتۆتەوە و هیچ چالاکییەک لەو کۆگایەدا نییە و ترسی ئەوەشی نییە کە پیسبوونێکی تیشکدار هەبێت”.

رۆژنامە ئیسرائیلییەکە دەڵێت: “قسەکانی کەمالوەندی زۆر سەیرن بەوەی کەس تووش نەبووە و شوێنەکەش کاری نەکردووە”.

رۆژنامەکە ئەوەشی نووسیوە “تەقینەوەی سەنتەرە تەندروستییەکەش جێگەی گومانە و بەپێی ئەوەی ساتی تەقینەوەکەی بڵاونەکراوەتەوە، زۆر گەورە ترە لەوەی باسدەکرێت و تەنیا تەقینەوەی بتڵێکی غاز نەبووە وەک ئەوەی باسدەکرێت”.

وێنەکانی مانگی دەستکرد دەریانخستووە تەقینەوەکەی بنکەی خوجیر هیچ پەیوەندییەکی بە بتڵی غازەوە نەبووە، بەڵکو لە بنکەیەکی دروستکردنی مووشەکدا بووە و وێستگەیەکی تاقیکردنەوەی موشەکی بالیستی بووە.

وێنەکانی ساتی هەندێک لەتەقینەوەکانی تاران کە هاوڵاتیان بە مۆبایل گرتوویانە، دەری دەخەن کە ئاستی ئاگر و بڵێسەکان بەجۆرێکن لەوە گەورەترن تەنیا تەقینەوەی چەند بتڵە غازێکی ئۆکسجین بن.

رۆژنامە ئیسرائیلییەکە پرسیاری ئەوەی کردووە ئەم تەقینەوانە رووداوی وا نامۆن کە قورسە وەڵامێکی روونت هەبێت بۆیان.

دەشڵێت: “ئەوەی روونە ئەو شەفافیەتەیە کەئێران دەریدەخات هیچ شتێکی نەشاردۆتەوە وەک سیناریۆیەک، تا رێگە لەبەردەم ئەمریکییەکاندا بباتە بنبەست و هۆکارە سەرەکییەکان بشارێتەوە لێیان”.

بەشی بکە لە
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this