قوربانییەکی بۆردومانەکەی کونەماسی: فریای پارچەکانی ناو سەری منداڵەکەم و هاوسەرم بکەون

0
1855

SNN-هەوراز ئەحمەد

کەیوان و خانەوادەکەى خەونى ئەوەیان هەبوو قەرەبووى ئەو زیانانە بکەنەوە کە کۆرۆنا لێیداون ناوچەکەیانی بێ گەشتیار کردووە، ئەویش بەدانانی دوکانێک  تا لەم وەرزەدا بڕێک لە قەرزەکانیانى پێ بدەنەوە، بەڵام لە پڕ وەک ئەوەى خەونى بینى بێت هەموو ئەوانەى لێ تێکچوو سەرەڕای لەباربردنی خەونەکەیان، بۆردومانە بێ ڕەحمانەکەى تورکیا برینێکى قوڵیشى خستە جەستەى خانەوادەکەی.

کەیوان کاوە، ئەو گەنجەى بەهۆى بردومانێکى فڕۆکەکانى تورکیاوە هیواى بڕاوە بە SNNى ڕاگەیاند “ئێمە جگە لە سەرقاڵبوون بە کار و ژیانێکى سادەى خۆمانەوە، هیچ کارێکمان بە چەکدارى و شەڕ و شۆڕ نەبووە لە سنورەکەدا، ساڵانە چاوەڕوانى ئەوە بووین لە وەرزى گەشتیاریدا دەست بە کار بکەینەوە، بەڵام ئەمساڵ بەهۆى کۆرۆناوە گەشتیار وەک پێویست نەبوو، بۆیە وتمان دواى کۆرۆنا ژیان ئاساییدەبێتەوە خۆم و هاوسەرەکەم شانبەشانى یەک بە هەر دەردێک بوو ئەو دوکانەمان دامەزراند، بەڵام بۆردومانە نەگریسەکەى تورکیا هەموو شتێکى لێتێکداین و نەیهێشت بەرى ماندووبونمان ببینینەوە”.

“پێویستە سنوورێک بۆ ئەو لەشکرکێشى و بۆردومانانە دابنێرێت تاوەکو ئێمە دوا کەس بین ببینە قوربانى جەنگ”

وتیشى: “لە ئێستادا خۆم زیاتر لە 10 پارچە لە جەستەمدایە منداڵێکم پارچە بەر سەرى کەتووە کە بە جۆرێکە دکتۆرەکان دەڵێن نەشتەرگەرییەکەى لێرە قورسە، یەکێکى دیکە لە منداڵەکانم بەهۆى بەرزیى دەنگى بۆردومانەکە کاریگەرى لەسەر بیستنى داناوە و لە ئێستادا لە نەخۆشخانەیە، لە هەمووى زیاتر هاوسەرەکەمە کە قاچێکى بە تەواوەتى لەدەستداوە و هەردوو دەستى سووتاوە و قاچە ساغەکەشى لە چەند شوێنێکەوە شکاوە و تاوەکو ئەژنۆشى سووتاوە و چەندین پارچەشى بەرکەوتووە” بەوتەی کەیوان: “ئێمە لە یەک چرکەدا ژیانمان لێ تێکچوو”.

“دەنگى فڕۆکە شتێکى ئاسایى بوو لاى ئێمە، چونکە بەردەوام گوێمان لێ دەبوو”

لەبارەى دۆخى تەندروستییانەوە کەیوان وتى: “هاوسەرەکەم دەبێت قاچێکى دەستکردى بۆ بکرێت بۆ ئەوەش پرسیارمان کردووە لە دەرەوەى وڵات دەکرێت و خەرجییەکى زۆرى دەوێت کە لە تواناى ئێمە دا نییە، کوڕەکەشم بەهەمانشێوە دەبێت لە دەرەوەى وڵات نەشتەرگەرى بۆ بکرێت، بۆ ئەوەش ئێمە چاومان لە دەسەڵاتدارانى حکومەتە تاوەکو ئەو ئەرکە بگرنە ئەستۆ و لە خەمەکەمان کەم بکەنەوە”.

“لە دادگاى فیدراڵى عێراق سکاڵاى یاسایى دژى دەوڵەتى تورکیا تۆمار دەکەین لە بەرامبەر ئەو کارە نامرۆڤانەیەى بە ئێمەیان کرد”

کەۆیوان ڕوونیکردەوە “لەئێستادا کۆمپانیاى قەیوان ئەرکى چاککردنەوەى دوکانەکەمانى لە ئەستۆ گرتووە و داوا دەکەم بۆ ئەو لایەن و کەسانەى کە خەمى ئێمەیانە بە هاناى خێزانەکەم و کوڕەکەمەوە بێن تا چارەسەرى پێویستیان بۆ بکرێت و دەست بە ژیان بکەینەوە”.

هاوکات داواى لە حکومەتى عێراق و هەرێمى کوردستان کرد سنوورێک بۆ ئەو لەشکرکێشى و بۆردومانانە دابنێن تاوەکو ئێمە دوا کەس بین ببینە قوربانى جەنگ.

جێگاى ئاماژە پێکردنە ڕۆژى 25 ى حوزەیران دوو فڕۆکەى بێفڕۆکەوانى تورکیا بۆردومانى گوندى کونەماسى سەر بە پارێزگاى سلێمانى کرد کە لە ئەنجامدا 5 کەس بریندار بوون و کەسێکیش گیانى لەدەستدا و زیانێکى زۆرى گەیاندە دوکان و ماڵ و ڕەز و باخەکانى ئەو ناوچەیەش.

بەشی بکە لە
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this