وه‌ستانى چالاكیه‌ وه‌رزشییه‌كان كاریگه‌رى  له‌سه‌ر یاریزانانى كورد لە هه‌ڵبژارده‌ جۆراوجۆرەکانی عێراق دروست كردووه‌

0
248

وه‌ستانى سه‌رجه‌م جووڵه‌ وه‌رزشییه‌كانى كوردستان و عێراق و جیهان، كاریگه‌رى ته‌واوى له‌سه‌ر یاریزانان دروستكردووه‌ به‌ جۆرێك له‌ ئێستادا یاریزانانى كورد لە هه‌ڵبژارده‌ جۆراوجۆره‌كانى عێراق ترسی ئه‌وه‌یان هه‌یه‌ كه‌ به‌ هۆى ئه‌نجامنه‌دانى مه‌شق و راهێنانه‌كانیان و دابه‌زینى ئاستیان له‌ هه‌ڵبژارده‌ى عێراق دووربخرێنەوە‌.

لە سلێمانی یاریزانێكى هه‌ڵبژارده‌ى گۆڕه‌پان و مه‌یدانى عێراق نایشارێته‌وه‌ كه‌ ترسیان له‌وه‌ هه‌یه‌ جێگه‌یان له‌ ریزى هه‌ڵبژارده‌ى عێراق بكه‌وێته‌ مه‌ترسییه‌وه‌،راهێنه‌رێكیش راو بۆچوونى جیاوازى هه‌یه‌ و رێنمایی تایبه‌تى بۆ یاریزانان هه‌یه‌، ئه‌ندامێكى یه‌كێتى مواى تاى عێراقیش رایدەگەیەنێت” نه‌بوونى مه‌شق و راهێنان و به‌شدارینكردنى یاریزان له‌ پاڵه‌وانێتییه‌كان كاریگه‌رى ته‌واوى له‌سه‌ر یاریزانى كورد دروستكردووه‌”.

له‌و باره‌یه‌وه‌ سیروان مینه‌ ئه‌ندامى یه‌كێتى مواى تاى عێراق ئاماژه‌ى به‌وه‌دا:” به‌ دڵنیاییه‌وه وەستانی چالاکییەکان‌ كاریگه‌رى زۆرى هه‌یه‌ بۆ سه‌ر ئاستى یاریزانى كورد له‌ یارییه‌ جۆراوجۆره‌كان، ئه‌نجامنه‌دانى مه‌شق و راهێنانى یاریزانان بۆ ماوه‌یه‌كى زۆر به‌ تایبه‌تى له‌ یاریه‌ تاكه‌كان، چونكه‌ به‌هۆى ئه‌نجامنه‌دانى راهێنانه‌كانه‌وه‌ یاریزانانى كورد كێشی زیاد ده‌كات ئه‌وه‌ش كاریگه‌رى له‌سه‌ر دوورخستنه‌وه‌یان له‌ هه‌ڵبژارده‌كانى عێراق ده‌كات، ئه‌گه‌ر به‌ زوویی ده‌ست نه‌كاته‌وه‌ به‌ مه‌شقه‌كانى، هه‌روه‌ها هۆكارێكی تر بۆ كاریگه‌رى له‌سه‌ر یاریزانان دووركه‌وتنه‌وه‌یه‌ له‌ كه‌شی راهێنان و پاڵه‌وانێتیه‌كانه‌، بۆیه‌ ماوه‌یه‌كى زۆرى ده‌وێت تاوەكو ده‌گه‌رێته‌وه‌ سه‌ر ئاستى جارانى خۆى یان واى لێده‌كات له‌ هه‌ڵبژارده‌ جۆراو جۆره‌كانى عێراق دوور كه‌وێته‌وه‌، هه‌روه‌ها پشتگوێخستنى یاریزانان له‌لایه‌ن یانه‌كان و دواخستن یاخود نه‌دانى مووچه‌ به‌ یاریزانان هۆكارێكی تره‌ بۆ دووركه‌وتنه‌وه‌ى یاریزان له‌ وه‌رزش و هه‌ڵبژارده‌ى عێراق”.
سه‌ڵاح كانه‌بی راهێنه‌رى باله‌ى یانه‌ى پێشمه‌رگه‌ى سلێمانى دەڵێت:” ئه‌و یاریزانانه‌ى له‌ ریزى هه‌ڵبژارده‌ى عێراقن ده‌بووایه‌ به‌رده‌وام بوونایه‌ له‌ مه‌شقه‌كانیان به‌ هه‌ر جۆرێك بێت به‌ تایبه‌تى بۆ ئه‌وه‌ى تواناى جه‌سته‌ییان دانه‌به‌زێت، چونكه‌ پارێزگارى له‌ تواناى جه‌سته‌یی زۆر قورسه‌ بۆ یاریزان، له‌به‌رئه‌وه‌ یاریزان به‌به‌رده‌وامى كه‌ نه‌جوڵێت ده‌بێته‌ دابڕانیان و هۆكارێك ده‌بێت بۆ ئه‌وه‌ى یاریزانى باشتر شوێنیان پڕ بكه‌نه‌وه”‌.
هەروەها وتی:” هۆكارى كه‌مى یاریزانى كورد له‌ ریزی هه‌ڵبژارده‌ى عێراق له‌ یارییه‌ جۆراو جۆره‌كان بۆ بێهێزى خوله‌كانى كوردستان ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ له‌ چاو خوله‌ به‌هێزه‌كانى عێراق، هه‌روه‌ها زۆرى یانه‌كانى ناوه‌ڕاست و باشوورى عێراق له‌ چاو یانه‌كانى كوردستان كه‌ ئه‌وه‌ش زۆر كاریگه‌رى هه‌یه‌، هۆكارێكی تر بۆ گرنگینه‌دانى یانه‌كانى كوردستانه‌ به‌ ئاسته‌ ته‌مه‌نییه‌كان له‌ چاو یانه‌كانی ترى شاره‌كانى عێراق، ئه‌گه‌ر بێت و یانه‌كان گرنگى به‌ ئاسته‌ ته‌مه‌نییه‌كان بده‌ن به‌ دڵنیاییه‌وه‌ زۆر له‌ ئێستا یاریزانى كورد له‌ ریزكانى هه‌ڵبژارده‌كانى عێراق ده‌بینرێت”.
دڵسۆز عوبێدا یاریزانى گۆڕه‌پان و مه‌یدانى یانه‌ى سیروانى نوێ و هه‌ڵبژارده‌ى عێراق دەڵێت:” مه‌شق نه‌كردن نه‌ك ته‌نها كاریگه‌رى له‌سه‌ر یاریزانانى هه‌ڵبژارده‌ى عێراق هەیە، به‌ڵكو له‌سه‌ر یاریزانى ئاساییش ده‌بێت، بۆیه‌ دواخستنى سه‌رجه‌م پاڵه‌وانێتییه‌كانى ئه‌مساڵ له‌سه‌ر ئاستى عێراق و ده‌ره‌وه‌ كاریگه‌رى خراپتری له‌سه‌ر یاریزانان هه‌یه‌، له‌به‌رئه‌وه‌ى ماوه‌ى سێ مانگى ده‌وێت تاوەكو ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ ئاستى راسته‌قینه‌ى خۆی، یان یاریزانى وا هه‌یه‌ به‌هۆى ئه‌و ماوه‌ زۆره‌ى مه‌شقى نه‌كردووه‌ بیر له‌ وازهێنانیش ده‌كاته‌وه‌ له‌ ریزى هه‌ڵبژارده‌ى عێراق، له‌به‌رئه‌وه‌ زۆر قورسه‌ بۆ یاریزانى كورد كه‌ به‌ ئاسانى بگه‌ڕێته‌وه‌ دۆخى جارانى یان ئه‌وه‌تا بیر له‌ وازهێنان ده‌كاته‌وه‌ و له‌ هه‌ڵبژارده‌ى عێراق دوور ده‌كه‌وێته‌وه‌”.
بەشی بکە لە
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this