پارتى دیمو‌كراتى كوردستان له به‌رده‌م قه‌یرانى قوڵى ناوخۆ و ئاڵنگارى كۆنگره‌ى 14 دا

به‌رپرسانى پارتى دیمو‌كراتى كوردستان | فۆتۆ: SNN
بنكۆڵكارى: تیمى رۆژنامه‌نووسانى (SNN)
“من (عبدولڕه‌زاق عوسمان ناوه‌نده‌یی) چیتر پارتی نیم و ده‌نگ به پارتی ناده‌م: خودایه چیبووه؟! زۆربه‌ی بژارده‌كانمان په‌رێشان بیر و نادڵنیا و بێ موبالات بوون، ئه‌وه‌ی ده‌بێ لێی بترسن هیچ لێی ناترسن و له چاولێكه‌ری به‌ولاوه ئه‌ویش چاولێكهرییهكی ناته‌واو له بێگانه كارێك ناكه‌ن، به‌و گروپه بێ خه‌به‌ره كه له ده‌ریای “فسق و فسجور” دا نوقمن، هیچ ئومێدێك به دروستكردنه‌وه‌ی كوردستان نییه”، ئه‌مه به‌شێكى كورته له نامه‌ى ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ى یه‌كێك له كادیره باڵاكانى پارتى دیمو‌كراتى كوردستان كه هاوكات پۆستى باڵاى حكومى هه‌یه.
پێویسته مه‌سعود بارزانى نێو ماڵى خۆى پاك بكاته‌وه
16ى ئابى 2020، كه كه‌متر له دوو مانگى ماوه 74 ساڵ تێپه‌ڕ ده‌بێت به‌سه‌ر دامه‌زراندنى پارتى دیمو‌كراتى كوردستان، بڕیاره هه‌ر له‌و مانگه‌دا ئه‌و حزبه 14 مین كۆنگره‌ى خۆى ببه‌ستێت پاش دواكه‌وتنى ئه‌و كۆنگره‌یه بۆ ماوه‌ى شه‌ش ساڵ، كۆنگره‌ى ئه‌م جاره‌ى پارتى له كاتێكدایه كه ململانێ ناوخۆییه‌كانى ئه‌و حزبه به خراپترین ئاستیاندا تێده‌په‌ڕن، نووسه‌رێك له‌و باره‌یه‌وه ده‌ڵێت: “ئێستا ئه‌و بنه‌ماڵه‌یه‌ى كه خاوه‌ندارییه‌تى پارتى ده‌كه‌ن گه‌وره‌بووه، له‌به‌ر ئه‌وه رۆژبه‌رۆژ ململانێكان بۆ وه‌رگرتنى پۆست و سه‌پاندنى هه‌ژموون گه‌وره‌تر ده‌بن”، به‌پێى زانیارییه‌كانیش به‌هۆى ململانێ ناوخۆییه‌كانى ئه‌و حزبه‌وه به گشتى و ناكۆكییه‌كانى نێوان مه‌سرور بارزانى و نێچیرڤان بارزانى، “حه‌وت به‌رپرسى باڵاى پارتى یان وازیان له پۆسته‌كه‌یان هێناوه یانیش دوورخراونه‌ته‌وه، دیپلۆماتكارێكى پێشووى وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌مریكاش ئاماژه به‌وه‌ده‌كات: “پێویسته مه‌سعود بارزانى نێو ماڵى خۆى پاك بكاته‌وه”.

پرۆفایلى پارتى دیمو‌كراتى كوردستان
كاتێك كه باس له ناكۆكییه ناوخۆییه‌كانى نێو پارتى دیمو‌كراتى كوردستان ده‌كرێت، راسته‌وخۆ وێنه‌ى مه‌سرور بارزانى، ئه‌ندامى مه‌كته‌بى سیاسى پارتى دیمو‌كراتى كوردستان و نێچیرڤان بارزانى، جێگرى سه‌رۆكى پارتى دێته به‌رچاو كه یه‌كه‌میان 51 ساڵ تهمهنییهتى و دووه‌میشیان 53 ساڵه و ئامۆزان، یه‌كێكیان كوڕى مه‌سعود بارزانییه و ئه‌وى تریشیان كوڕى ئیدریس بارزانییه، چونكه پاش چه‌ندین ساڵ ململانێى بێده‌نگ له‌سه‌ر ئاستى دارایی، سه‌ربازى و سه‌پاندنى هه‌ژموون ئێستا ناكۆكییه‌كانیان كاریكردووه‌ته سه‌ر پۆسته حكومى و حزبییه‌كان، بووه‌ته هۆكارى ئاڵوگۆڕ كردن له چه‌ندین پۆست و وازهێنانى چه‌ندین به‌رپرس و دورخرانهوهى چه‌ندینى تر.

پرۆفایلى مه‌سرور بارزانى، ئه‌ندامى مه‌كته‌بى سیاسى پارتى و نێچیرڤان بارزانى، جێگرى سه‌رۆكى پارتى
نه‌زهه‌ت حالى دۆڵه‌مه‌ڕى، به‌ڕێوه‌به‌ری پێشووى ئاژانسی پاراستنی پارتی و ئەندامی سەركردایەتی ئه‌و حزبه یه‌كێكه له‌و به‌رپرسانه‌ى كه له نێچیرڤان بارزانییه‌وه نزیكه، له رۆژى 1ى شوباتى ئه‌مساڵ وتارێكى له په‌ڕه‌ى تایبه‌تى خۆى له تۆڕى كۆمه‌ڵایه‌تى فه‌یسبووك له‌ژێر ناونیشانى “مانگ و ساڵ ناتوانن ئیدریس بارزانیمان له‌بیر به‌رن” بڵاوكرده‌وه دواى تێپه‌ڕینى 12 رۆژ به‌سه‌ر بڵاوكردنه‌وه‌ى وتاره‌كه به‌ته‌واوه‌تى له 13ى شوبات، ئه‌و به‌رپرسه به فه‌رمانى مه‌سعود بارزانى، سه‌رۆكى پارتى دیمو‌كراتى كوردستان له پۆسته‌كه‌ى دورخرایه‌وه و كه‌سێك به‌ناوى موحسین گه‌ردى كه له مه‌سرور بارزانییه‌وه نزیكه خرایه شوێنه‌كه‌ى، ئێستا زۆربه‌ى كات له ده‌ره‌وه‌ى وڵات ده‌ژى و بێده‌نگى له‌باره‌ى زۆربه‌ى پرسه‌كانى پارتى هه‌ڵبژاردووه، یه‌كێكى تر له‌و كه‌سانه‌ى بووه قوربانى ناكۆكییه‌كان نه‌وزاد هادى، پارێزگارى پێشووى هه‌ولێر و ئه‌ندامى سه‌ركردایه‌تى پارتییه، چونكه دواى 15 ساڵ مانه‌وه له پۆستى پارێزگارى هه‌ولێر له رۆژى 25ى نیسانى 2019، به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى ئاسایشى هه‌ولێر پاش رووبه‌ڕووبوونه‌وه كه‌سێكى به‌ناوى (ئەمیر فاروق) ناسراو بە (ئەمیر قولی) ده‌ستگیر كرد و تۆمه‌تى بازرگانى و به‌كارهێنانى مادده‌ى هۆشبه‌ر و كوشتنى دایه پاڵ، ئه‌و تۆمه‌تباره ده‌سته‌ڕاستى به‌رزان قه‌ساب، براكه‌ى نه‌وزاد هادى بوو، ئه‌مه‌ش وایكرد پێگه‌ى ئه‌و به‌رپرسه‌ى نزیك له نێچیرڤان بارزانى بكه‌وێته مه‌ترسییه‌وه، پاش تێپه‌ڕینى چه‌ند مانگێك له رۆژى 10ى ئه‌یلولى هه‌مان ساڵ هادى پۆسته‌كه‌ى لێ وه‌رگیرایه‌وه و له‌برى ئه‌و فرسه‌ت سۆفى، بووه پارێزگارى هه‌ولێر كه له مه‌سرور بارزانییه‌وه نزیكه، ئێستاش نه‌وزاد هادى، له سه‌رۆكایه‌تى هه‌رێم له‌گه‌ڵ نێچیرڤان بارزانى كارده‌كات و كه‌مترین ده‌ركه‌وتنى هه‌یه به‌پێچه‌وانه‌ى رابردووه‌وه.

نه‌زهه‌ت حالى دۆڵه‌مه‌ڕى، به‌ڕێوه‌به‌ری پێشووى ئاژانسی پاراستنی پارتی و موحسین گه‌ردى به‌ڕێوه‌به‌ری ئێستاى ئاژانسی پاراستنی پارتی

نه‌وزاد هادى، پارێزگارى پێشووى هه‌ولێر و فرسه‌ت سۆفى، پارێزگارى ئێستاى هه‌ولێر
ئه‌م چیرۆكانه به‌رده‌وامى هه‌یه، چونكه یه‌كێكى تر له به‌رپرسانى پارتى كه بووه‌ته قوربانى فه‌رهاد ئه‌تروشى، پارێزگارى پێشووى دهۆكه، ئه‌م به‌رپرسه‌ى پارتى كه له نێچیرڤان بارزانییه‌وه نزیكه پاش حه‌وت ساڵ مانه‌وه له پۆستى پارێزگارى دهۆك پۆسته‌كه‌ى له‌ده‌ستدا و له رۆژى 29ى حوزه‌یران، به فه‌رمى به عه‌لى ته‌ته‌ر نێرۆیی، به‌رپرسى پاراستنى پارتى دیمو‌كراتى كوردستان له دهۆك كه له مه‌سرور بارزانییه‌وه نزیكه جێگه‌كه‌ى پڕكرایه‌وه. عه‌مید عه‌بدولخالق ته‌ڵعه‌ت، به‌ڕێوه‌به‌رى پێشووى پۆلیسى هه‌ولێر یه‌كێكى تره له‌و به‌رپرسانه‌ى پارتى كه پۆسته‌كه‌ى له‌ده‌ستدا به‌هۆى نزیكى له نێچیرڤان بارزانى، چونكه ئه‌و به‌رپرسه له پۆسته‌كه‌یدا نه‌ماو له‌برى ئه‌و دلێر نه‌جار، كه‌سایه‌تى نزیك له مه‌سرور بارزانى كرایه به ر پرسى پۆلیسى هه‌ولێر، ئێستا ته‌ڵعه‌ت به‌رپرسى ئۆپراسیۆنه هاوبه‌شه‌كانى هه‌رێم و به‌غدایه و كه‌مترین ده‌ركه‌وتن و رۆڵى هه‌یه. له‌سه‌ر ئاستى پۆستى باڵاى حكومیش ئاشتى هه‌ورامى، وه‌زیرى پێشووى سامانه سروشتییه‌كانى هه‌رێم و راوێژكارى ئێستاى سه‌رۆكى حكومه‌ت بۆ كاروبارى وزه بووه‌ته قوربانى، چونكه ئه‌و وه‌زیره هه‌رچه‌نده خاوه‌نى سندووقى ره‌شى نهێنییه‌كانى كه‌رتى نه‌وتى هه‌رێمه به‌هۆى نزیكى له نێچیرڤان بارزانى وه‌لاخراوه و ئێستا له ده‌ره‌وه‌ى وڵات ده‌ژى و له كۆبوونه‌وه‌كانى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران به‌شدارى ناكات و هیچ قسه‌یه‌كى راسته‌وخۆى نیيه، له‌برى ئه‌و شێخ باز كه‌ریم، كه‌سایه‌تى نزیك له مه‌سرور بارزانى له كۆبوونه‌وه‌كانى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران و وهفدهكانى هه‌رێم بۆ كاروبارى نه‌وت به‌شدارى ده‌كات.

فه‌رهاد ئه‌تروشى، پارێزگارى پێشووى دهۆك و عه‌لى ته‌ته‌ر، پارێزگارى ئێستاى دهۆك

عه‌مید عه‌بدولخالق ته‌ڵعه‌ت، به‌ڕێوه‌به‌رى پێشووى پۆلیسى هه‌ولێر و دلێر نه‌جار، به‌ڕێوه‌به‌رى ئێستاى پۆلیسى هه‌ولێر
من چیتر ده‌نگ به پارتی ناده‌م تۆش ده‌یده‌ی بیده نایده‌ی مه‌یده
ناكۆكییه ناوخۆییه‌كانى پارتى دیمو‌كراتى كوردستان ته‌نیا به لادان و گۆڕانكاریكردن له پۆسته‌كان نه‌ماوه‌ته‌وه، به‌ڵكو بووه‌ته هۆكارى وازهێنانى به‌رپرسانى ئه‌و حزبه‌ش، باشترین نموونه‌ش بۆ ئه‌م بابه‌ته وازهێنانى عبدولڕه‌زاق عوسمان ناوه‌نده‌یی، كادیرى باڵاى پارتى و بەڕێوه‌بەری گشتی دیوانی وەزارەتی بازرگانییه كه رۆژى 2ى تهمموز، وازهێنانى خۆى له پارتى دیمو‌كراتى كوردستان راگه‌یاند له نامه‌ى ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌كه‌یدا نووسیوویه‌تى: ” ئه‌گه‌ر هه‌رچی شه‌هیده زیندوو بێته‌وه و بڵێن: حه‌قی ئه‌وه‌ی ئێمه بۆی شه‌هید بووین ته‌واو وه‌رگیراوه‌ته‌وه و رازین له كوردبوونمان و شه‌هیدبوونمان ……من چیتر ده‌نگ به پارتی ناده‌م تۆش ده‌یده‌ی بیده نایده‌ی مه‌یده”.

عبدولڕه‌زاق عوسمان ناوه‌نده‌یی، کادیرى باڵاى پارتى و بەڕێوبەری گشتی دیوانی وەزارەتی بازرگانی
سه‌رتیپ جه‌وهه‌ر، نووسه‌ر و رۆژنامه‌نووس له‌باره‌ى ململانێ ناوخۆییه‌كانى پارتى دیمو‌كراتى كوردستان ده‌ڵێت: “هه‌موو حزبێك ململانێى ناوخۆیان هه‌یه، به‌ڵام پارتى له‌به‌ر ئه‌وه‌ى حزبێكى موحافیزكار (پارێزگاره) و شێوه‌ى ده‌ستاوده‌ستكردنى ده‌سه‌ڵات پشتاوپشت بووه تێیدا له ماوه‌ى رابردوودا كه‌متر ده‌نگى لێوه هاتووه، به‌ڵام ئێستا ئه‌و بنه‌ماڵه‌یه گه‌وره‌بووه و ئیتر ململانێكان بۆ پۆسته‌كانیش گه‌وره‌بوون، ئه‌مه‌ش له هه‌موو ئه‌و ده‌وڵه‌تانه‌ى كه كار به سیستمى بنه‌ماڵه‌ى ده‌كه‌ن به‌ڕوونى دیاره، له‌ناو پارتیشدا ئێستا ئه‌و ململانێیه ده‌ركه‌وتووه”.
به دڵنیاییه‌وه ئه‌م ململانێیه به‌رده‌وامى ده‌بێت
ئه‌و نووسه‌ره له‌باره‌ى به‌رده‌وامبوونى ململانێكانى ناو ئه‌و حزبه ئه‌وه‌شده‌خاته‌ڕوو: “به دڵنیاییه‌وه ئه‌م ململانێیه به‌رده‌وامى ده‌بێت، كاریگه‌رییه‌كه‌شى له ئێستادا به سیستمى حوكمڕانییه‌وه له هه‌رێمى كوردستان دیاره”.
لوقمان زیندانى چاودێرى سیاسى دەڵێت: “ململانێ نێوخۆییهكانى پارتى یه‌كێكه له‌و بابه‌تانه‌ى تاوه‌كو ئێستا به شاراوه‌یى ماوه‌ته‌وه و زۆر هه‌وڵى شاردنه‌وه‌ى ده‌درێت كاتێك كه ده‌رده‌كه‌وێت وه‌ك ململانێیەكى ئاسایى حیزبى ده‌رناكه‌وێت، به‌ڵكو ده‌بێته ململانێیەک له‌سه‌ر ئاستى حوكمڕانى و كاریگه‌رى له‌سه‌ر شێوازى به‌ڕێوه‌چوونى حكومه‌ت ده‌بێت، چونكه ئه‌م بنه‌ماڵه‌یه له‌سه‌ر بنه‌ماى عه‌شیره‌تگه‌رى و خێڵه‌كى به‌ڕێوه‌چووه له ڕابردوو و هه‌موو شتێك مه‌ركه‌زى بووه، به‌ڵام لەئێستادا به‌رژه‌وه‌ندییه‌كان زۆر بووه و بنه‌ماڵه‌كه‌شیان فراوان بووه، بۆیه ناتوانرێت چى دیكه ئه‌و ململانێیه به شارهوهیى بهێڵرێته‌وه”.
وتیشى: “ململانێى ئه‌و دوو ئامۆزایه كاریگه‌رییه نه‌رێنییه‌كانى ته‌نها له‌سه‌ر ئاستى كوردستان نامێنێته‌وه، به‌ڵكو په‌ل ده‌كێشێت بۆ شێوازى ڕێكکه‌وتن و گفتوگۆكان له‌گه‌ڵ حكومه‌تى ناوه‌ند و له‌سه‌ر ئاستى جیهانیش ئه‌م ململانێیه هه‌ستى پێده‌كرێت و كاریگه‌رییه‌كانیش ڕوونه كه له داهاتوودا ئه‌گه‌ر به‌م جۆره بێت، دۆخه‌كه به‌ره‌و خراپتر ده‌بات و ڕه‌نگه مه‌ترسى له‌سه‌ر قه‌واره‌ى سیاسى هه‌رێمى كوردستان دروستبكات كه ئه‌وه مه‌ترسییه گهورهكەیە”.
ئاڵۆزى په‌یوه‌ندییه‌كانى نێوان نێچیرڤان بارزانى و مه‌سرور بارزانى بووه‌ته هۆكارى دروستبوونى قه‌یران
ناكۆكییه ناوخۆییه‌كانى پارتى دیمو‌كراتى كوردستان ته‌نیا له‌سه‌ر ئاستى ناوخۆى هه‌رێمى كوردستان ره‌نگى نه‌داوه‌ته‌وه، به‌ڵكو له زۆرێك له میدیا عه‌ره‌بى و جیهانییه‌كانیش بووه‌ته جێگه‌ى باس، ئاژانسى هه‌واڵى (BaghdadToday)ى عه‌ره‌بى راپۆرتێكى له‌و باره‌یه‌وه له‌ژێر ناونیشانى “ناكۆییه‌كانى نێوان مه‌سرور بارزانى و نێچیرڤان بارزانى ده‌بنه هۆكارى لادانى به‌رپرسى پاراستن له پۆسته‌كه‌ى” بڵاوكردووه‌ته‌وه و تێیدا هاتووه “ئاڵۆزى په‌یوه‌ندییه‌كانى نێوان نێچیرڤان بارزانى و مه‌سرور بارزانى بووه‌ته هۆكارى دروستبوونى قه‌یران له‌ناو ئه‌و حزبه‌دا و كێشه‌ى بۆ به‌رپرسانى لایه‌نگرى خاوه‌نى ئه‌م دوو باڵه‌ى نێو پارتى دیمو‌كراتى كوردستان دروستكردووه”، هاوكات ئاژانسى هه‌واڵى (MawazinNews)ى عه‌ره‌بى له‌سه‌ر هه‌مان بابه‌ت راپۆرتێكى له‌ژێر ناونیشانى “كێشه ناوخۆییه‌كانى نێو خێزانى بارزانى له‌سه‌ر پۆسته‌كانى حكومه‌ت” بڵاوكردووه‌ته‌وه و تێیدا ئاماژه به‌وه‌ده‌كات، “دواكه‌وتنى پێكهێنانى حكومه‌ت بۆ ماوه‌یه‌ك له رابردوودا له هه‌رێم په‌یوه‌ندییه به ناكۆییه‌كانى نێوان خێزانى بارزانییه‌وه هه‌بووه، ته‌نانه‌ت به‌هۆى ئه‌و ناكۆكیانهوه گه‌ڕى دانووستانه‌كانى پارتى له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌كانى هه‌رێمى كوردستان دواخراوه”.
هه‌ر له باره‌ى قه‌یرانى ناوخۆى و گه‌نده‌ڵییه‌وه مایكڵ رۆبن، نووسه‌رى دیارى ئه‌مریكا و دیپلۆماتكارى پێشووى وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌مریكا له یه‌كێك له ستوونهكانیدا كه له‌ژێر ناونیشانى “بۆ شه‌ڕكردن له‌گه‌ڵ گه‌نده‌ڵى پێویسته بارزانى ماڵه‌كه‌ى خۆى پاكبكاته‌وه”، نووسیوویه‌تى، ده‌ڵێت: “ئه‌گه‌ر بارزانى ده‌یه‌وێت شه‌ڕ له دژى گه‌نده‌ڵى بكات، پێویسته سه‌ره‌تا له ماڵه‌كه‌ى خۆیه‌وه ده‌ستپێبكات و رێكى بخاته‌وه و پاكى بكاته‌وه”.

مایكڵ رۆبن، نووسه‌ر و دیپلۆماتكارى پێشووى وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌مریكا
كاریگه‌رى ئه‌م ناكۆكییانه كاریگه‌رى له‌سه‌ر ئاستى جه‌ماوه‌ى ئه‌و حزبه‌ش كردووه له هه‌ر چوار پارێزگاكه‌ى هه‌رێمى كوردستان به گشتى و له پارێزگاى كه‌ركوك به‌تایبه‌تى، ته‌نانه‌ن له‌ناو كادیره‌كانى ئه‌و حزبه‌شدا به روونى ناڕه‌زایه‌تى ده‌بینرێت، یه‌كێك له كادیره باڵاكانى له‌و شاره ده‌ڵێت: “ئه‌و خه‌ڵكانه‌ى كه به‌هۆى ئه‌نجامدانى ریفراندۆمه‌وه له كه‌ركوك رووبه‌ڕووى سزابوونهوه، له‌لایه‌ن حزبه‌كه‌مانه‌وه ته‌نانه‌ت پارێزه‌ریشیان بۆ نه‌گیراوه”.
كاوێز مه‌لا په‌روێز، كادری پێشكه‌وتووی راگه‌یاندنی پارتی له‌و باره‌یه‌وه ده‌ڵێت: “ئه‌و خه‌ڵكه حزبییه‌ی كه‌ركوك كه هه‌ڵوێستیان وه‌رگرت و له‌دواى رووداوه‌كانى 16ى ئۆكتۆبه‌رى ساڵى 2017، شاره‌كه‌یان به‌جێهێشت له‌ئێستادا نازاندرێت به ئه‌نقه‌سته یاخود نا؟ به‌ڵام فه‌رامۆشكراون، ئه‌و خه‌ڵكانه‌ی به‌هۆی ریفراندۆمه‌وه رووبه‌ڕووی سزا و دادگاى كراونه‌ته‌وه ته‌نانه‌ت پارێزهریشییان بۆ نه‌گیراوه و به‌رگرییان لێ نه‌كراوه”.
پێویسته پارتی ئاوڕی جددی له‌و خه‌ڵكه بداته‌وه كه رۆژانێك قوربانییان له‌پێناویدا داوه
ئه‌و كادیره‌ى پارتى نیگه‌رانه و ئاماژه به‌وه‌شده‌كات : “پێویسته پارتی ئاوڕی جددی له‌و خه‌ڵكه بداته‌وه كه رۆژانێك قوربانییان له‌پێناویدا داوه”.
هه‌ر له‌و باره‌یه‌وه ماوه‌یه‌ك له‌مه‌وبه‌ر لێپرسراو و كادیرانی كه‌ركوكی پارتی دیموكراتی كوردستان له به‌یاننامه‌یه‌كی ناڕه‌زایه‌تیان له دژى حزبه‌كه‌ى خۆیان بڵاوكرده‌وه كه تێدا هاتووه، “كه‌م ئاواره‌ی به‌هه‌ڵوێستی پارتی هه‌بووه له هه‌ولێر به جۆرێك له جۆره‌كان له‌لایه‌ن حكومه‌ت و حزبه‌وه رووبه‌ڕووی فشار و بێ موباڵاتی ده‌زگه جۆراوجۆره‌كان نه‌بووبێته‌وه، كه له هه‌مووی ناخۆشتر فه‌رامۆشكردن و لێنهپرسینهوهیانه، بۆیه درێژه‌كێشانی ئه‌و دۆخه و بێ باكیی حزب و حكومه‌ت به‌رامبه‌ر ئه‌و تێكۆشه‌رانه، كاردانه‌وه‌ی خراپی لێ ده‌كه‌وێته‌وه و ده‌بێته ده‌ستپێكی رووهه‌ڵماڵینی زۆر راستی كه ئازاره‌كه‌ی بۆ سه‌ركردایه‌تیی پارتی كوشنده ده‌بێت، دوو كابینه له عێراق دروست ده‌بێ و له هه‌رێمیش حكومه‌تی تازه كه‌وتووه‌ته سه‌ر پێ، له نێوان هیچ هه‌لومه‌رجێكدا پرسی كه‌ركووك پێشنیاركراو نه‌بووه، كه ده‌بوو پێش هه‌ر لایه‌نێكی تر پارتی بیری له چاره‌سه‌ری گونجاو بۆ دۆخی ئه‌و شاره و خه‌ڵكه‌كه‌ی كردبایه‌وه، به‌داخه‌وه كه هه‌ر بیریشی لای نه‌بووه، بۆیه ئه‌م نیگه‌رانییانه ئه‌گه‌ر به هه‌ند وه‌رنه‌گیرێن، به‌ره‌و دۆخی نه‌خوازراو ده‌ڕۆین و په‌رده له‌سه‌ر زۆر راستی تر هه‌ڵ ده‌ماڵین”.
به‌پێى زانیارییه‌كانى (SNN) كه له ئه‌فسه‌رانى پارتى دیمو‌كراتى كوردستان له كه‌ركوك وه‌ریگرتوون، “زیاتر له 200 ئه‌فسه‌رى ئه‌و حزبه له كه‌ركوك به‌هۆى پشگوێخستنیان له‌لایه‌ن سه‌ركردایه‌تى پارتییه‌وه گه‌ڕاونه‌ته‌وه شاره‌كه پاش ئه‌وه‌ى سێ ساڵ له‌مه‌وبه‌ر شاره‌كه‌یان به‌جێهێشتووه و روویان كردووه‌ته هه‌ولێر، له ئێستادا ئه‌و حزبه‌ش وه‌ك تۆڵه‌كردنه‌وه‌یه‌ك له هه‌موو شایسته‌كانیان بێبه‌شى كردوون”.
چ رابردوو چ ئێستاش ئه‌فسه‌رانی پارتی له كه‌ركوك به‌سه‌ر دوو باڵدا دابه‌شبوون كه باڵی نێچیرڤان بارزانى و مه‌سرور بارزانییه
یه‌كێك له‌و ئه‌فسه‌رانه كه نایه‌وێت ناوى بڵاوبكرێته‌وه ده‌ڵێت: “چ رابردوو چ ئێستاش ئه‌فسه‌رانی پارتی له كه‌ركوك به‌سه‌ر دوو باڵدا دابه‌شبوون كه باڵی نێچیرڤان بارزانى و مه‌سرور بارزانییه، له ئێستادا ئه‌وانه‌ی پشتگوێخراون ئه‌و كه‌سانه‌ن كه له‌سه‌ر باڵه‌كه‌ی مه‌سرور بارزانی حسێب ناكرێن، له رابردوویشدا له دابه‌شكردنی پۆسته‌كاندا به‌هۆی ئه‌و بیركردنه‌وه‌یه‌وه زۆرترین دژایه‌تی كراوین”.
پارتى دیمو‌كراتى كوردستان له ئێستادا ئاماده‌كارى ده‌كات و هه‌نگاو ده‌نێت به‌ره‌و كۆنگره‌ى 14مى خۆى، به‌ڵام پرسیاره گه‌وره‌كه ئه‌وه‌یه، ئایا به‌و ناكۆكییه ناوخۆییه قوڵه و ئه‌و شه‌ڕه ناوخۆییه‌ى كه به‌رپرسه‌كانى ده‌ستیان پێكردووه ده‌توانێت خۆى له كه‌رتبوون بپارێزێت و كۆنگره ببه‌ستێت؟
تێبینى:
تیمى رۆژنامه‌نووسانى (SNN) بۆ وه‌رگرتنى بۆچوونى پارتى دیمو‌كراتى كوردستان له‌سه‌ر ئه‌م پرسه په‌یوه‌ندى به به‌رپرسانى ئه‌و حزبه‌وه كرد، به‌ڵام كه‌سیان ئاماده‌نه‌بوون له‌و باره‌یه‌وه قسه بكه‌ن.
دەربارەی ئێمە
ئەرکمان پێدانی هەواڵی ڕاست و دروستە دەربارەی هەرێمی کوردستان و عێراق و ناوچەکە بە گشتی، لە ڕێگەی ستانداردەکانمانەوە هەوڵ بۆ باشترینەکان دەدەین.
ئەگەر لەبیرت کرد
وەرزش
-
دیارترین ئەو 5 یاریزانەی مایەپوچبوون
2020-05-26 -
مباپی بڕیارە چاوەڕوان نەکراوەکەی دا
2020-05-17