سەیدسادق دەبێتە ناوەندێك بۆ بەخێوكردنی گامێش

0
433

SNN- عەلی حەمە سەعید
ئەگەرچی بەخێوكردنی گامێش لەپارێزگاكانی باشوور و ناوچەی گەرمیان زیاتر پەرەی پێدراوە و ژینگەیەكی لەبارە بۆ بەخێوكردنی گامێش، بەڵام هاوڵاتییەك ماوەی زیاد لە 20 ساڵە لە قەزای سەیدسادق سەرقاڵی بەخێوكردنی گامێش-ە.
لەتیف محەمەد، هاوڵاتییەكی دانیشتووی قەزای سەیدسادق كە ماوەی زیاد لە 20 ساڵە سەرقاڵی بەخێوكردنی گامێشە بە SNNی ڕاگەیاند: ئەم كارەم لە باو باپیرانمەوە بۆ ماوەتەوە، كارێكی زۆر قورسە و هەموو كەس لە توانایدا نییە ئەم كارە بكات، چونكە بەخێوكردن و مامەڵەكردن لەگەڵ گامێش جیاوازە لەگەڵ هەر ئاژەڵێكی دیكە، چونكە گامێش پێویستی بە ژینگەیەكە دەبێت ئاوی زۆری ببێت و هاوكات ئالیكی تایبەت بەخۆی هەیە كە زیاتر ئاردە و برنجی بۆ بەكاردەهێنین و لەم سنوورەی خۆمان زۆر بەكەمی دەستدەكەوێت.
ئاماژەی بەوەشكرد، لە ئێستادا نزیكەی 50 سەر گامێشم هەیە لەگەڵ ئەوەی ئەركی بەخێوكردنی گامێش زۆر قورسە، بەڵام لەڕووی داهات و قازانجەوە تا ڕادەیەكی باش سوودی هەیە، بەجۆرێك قەیماغی گامێش كیلۆی نزیكەی 15 هەزار دینارمان بۆ دەكات ماستەكەشی خواستێكی زۆری لەسەرە، ئەوە سەرەڕای ئەوەی گۆشتی گامێش خواستێكی تایبەتی لەسەرە.
ئەو بەخێوكەرەی گامێش لە سەیدسادق ئەوەشی خستەڕوو، ئەگەر حكومەت و لایەنە پەیوەندیدارەكان بتوانن هاوكارمان بن لە دابینكردنی ئالیك ئێمەش دەتوانین زیاتر پەرە بەم كارە بدەین و كەسانی دیكەش ئامادەبن خۆیان بەم كارەوە سەرقاڵ بكەن و سەیدسادق بكەینە ناوەندێك بۆ بەخێوكردنی گامێش لە سنوورەكەدا.

بەشی بکە لە
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this