کۆرۆنا هەڕەشە لە بەرپرسانی کەرکوک دەکات

0
321
کەرکوک

SNN-عیماد جەباری

بەهۆی تەشەنەکردنی ڤایرۆسی کۆرۆنا بەشێوەیەکی بەربڵاو لە شاری کەرکوک، ژمارەیەکی زۆر لەبەرپرسانی ئەمنی و حکومی و حزبی تووشبوون، لەنێویاندا گیان لەدەستدانیش تۆمارکراوە و دۆخی تەندروستی بەشێکیشیان ناجێگیرە.

تاوەکو ئێستا زیاتر لە 10 بەرپرسی دیاری شارەکە تووشی کۆرۆنا بوون، بەشێکیشیان تووشبوونیان شاردوەتەوە و لە ماڵەوە خۆیان کەرەنتین کردوە.

دیارترین ئەو کەسانەی لە دەزگا ئەمنییەکان تووشی کۆرۆنا بوون، لیوا عەلی کەمال فەرماندەی پۆلیس و هاوسەرەکەیەتی، بەرپرسی نوسینگەی فەرماندەی پۆلیس، عەمید ئەفراسیاو کامیل وتەبێژی پۆلیس و هاوژینەکەی، عەمید رزگار لەتیف بەڕێوبەری توندوتیژی خێزانی، یاریدەدەری بنکەی پۆلیسی ناحیەی لەیلان، عەقید مازن غەریب بەڕێوبەری پۆلیسی فریاکەوتنی کەرکوک، عەمید فاخر دعەیەر فەرماندەی فیرقەی 3ی پۆلیسی ئیتیحادی لە کەرکوک و زۆربەی ئەفسەرانی فیرقەکەی تووشبوون، عەقید موعەمەر عوبێدی بەڕێوبەری پۆلیسی رەشاد بەهۆی کاریگەری ڤایرۆسەکە گیانی لەدەستدا، هەروەها عەقیدی خانەنشینکراو شاکر حەمود بەڕێوبەری پێشووی بەرگری شارستانی کەرکوک بەهۆی تووشبوونی بە کۆرۆنا کۆچی دوایی کرد.

بەپێی ئەو زانیاریانەی دەستی  SNN کەوتون، جگە لە فەرماندەی پۆلیس کە نەخۆشخانەی بەجێهێشتوە و بەڕێوبەری پۆلیسی فریاکەوتنیش لە ڤایرۆسەکەی تێپەڕاندوە، سەرجەم ئەفسەرەکانی دیکە هێشتا ڤایرۆسەکە لە لەشیاندا چالاکە و وتەبێژی پۆلیسیش بەهۆی خراپی تەندروستیەوە لەژێر چاودێری وردی پزیشکدایە لە نەخۆشخانەی گشتی کەرکوک.

هەروەها بەرپرسانی حزبیش نەیانتوانی لەو نەخۆشیە پارێزراوبن، لە ماوەی رابردوودا ئەنوەر بیرقدار سەرۆکی پارتی عەدالەی تورکمانی بەهۆی تووشبوونی بە کۆرۆنا گیانی لەدەستدا، دلێر قادر جێگری مەڵبەندی کەرکوکی یەکێتی توشی کۆرۆنا بووە، لێپرسراوی کۆمیتەی پۆلیسی یەکێتیش بەهەمان شێوە تووشی ڤایرۆسەکە بوو بەڵام لەئێستادا چاکبوەتەوە.

لە چەند رۆژی رابردوشدا جەمال شکور ئەندامی فراکسیۆنی یەکێتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بڵاویکردەوە، توانیویەتی ڤایرۆسەکە تێپەڕێنێت و لەئێستادا چاکبوەتەوە، ئەوەش دوای زیاتر لە 20 رۆژ لە تووشبوونی.

لەسەرەتای سەرهەڵدانی کۆرۆنا لە کەرکوک هەزار و 661 توشبوو تۆمارکراون، لەو ژمارەیەش هێشتا 908 توشبوو ڤایرۆسەکە لە لەشیاندا چالاکە و 666 توشبویش چاکبونەتەوە، 87 حاڵەتی گیان لەدەستدانیش تۆمارکراوە.

بەشی بکە لە
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this