وەزیری كشتوكاڵ بانگهێشتی پەرلەمان دەكرێت

0
228

SNN-مەودا مستەفا

 سەرۆكی لیژنەی كشتوكاڵ و ئاودێری لە پەرلەمانی كوردستان رایگەیاند ڕۆژی پێنچ شەممە وەزیری کشتوکاڵ بانگهێشتی  لیژنەکەیان دەکرێت بۆ ئەوەی رونكردنەوەی زیاتر سەبارەت بە چۆنیەتی ساغكردنەوەی بەرهەمی خۆماڵی و كێشەكانی جوتیاران بدات.

عەبدولستار مەجید، سەرۆكی لیژنەی كشتوكاڵ و ئاودێری لە پەرلەمانی كوردستان لە كۆنفڕانسێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، لیژنەكەیان كۆبووەوە لەبارەی ساغ نەبوونەوەی بەرهەمی جووتیاران، بەداخەوە دەبینین جووتیاران زیانێكی زۆریان كردوە، بۆیە چەند بڕیارێكمانداوە لەوانەش بانگهێشتكردنی وەزیرانی كشتوكاڵ و بازرگانی وەك دوو لایەنی سەرەكی پەیوەندیدار.

دەشڵێت، ئێمە كۆمەڵێك رێكارمان هەیە دەیگرینەبەر، لەگەڵ هەردوو وەزیری كشتوكاڵ و بازرگانیش كۆبوونەوەی هاوبەش دەكەین لە رۆژی پێنچ شەممە بۆ ئەوەی رێگەچارە بدۆزینەوە و جوتیاری ئێمە چیتر زیان نەكات.

وتیشی: بەرهەمی ناوخۆ بەرهەمێكی نایاب و بەتام و پاكوخاوێنە بەهیچ شێوەیەك بەراورد ناكرێت بە بەرهەمی هاوردە، داوا لە هاووڵاتیانی هەرێم دەكەین بە كڕینی بەرهەمی خۆمان پشتگیری لە جوتیاران بكەن، چونكە وڵاتانی دەرەوە هەتا بەرهەمی خۆماڵی هەبێت، هاووڵاتیانیان ناچن بەلای بەرهەمی بێگانە، كەچی لێرە پێچەوانەیە، راستە لەوانەیە كەمێك تێچووی زیاتر بێت بەهۆی نەبوونی پاڵپشتی كشتوكاڵ، بەڵام دەبێت بەلامانەوە ئاسایی بێت.

ئەوەشی خستەڕوو: ساغکردنەوەی بەرهەمی خۆماڵی دوو سوودی هەیە؛ پارەی خۆمان ناچێتە دەرەوە جوتیارانیش قازانج دەكەن، هەروەها پێویستە وەزارەتی كشتوكاڵ و بازرگانی و ناوخۆ و حكومەت بازاڕ لە دەرەوە بۆ بەرهەمەكانی خۆمان بدۆزێتەوە، لە عێراق و وڵاتانی دراوسێ، وەزارەتی بازرگانیش بۆ ئەو بەرهەمانەی دەمێنێتەوە كارگەی لەقتوونان لەلایەن سەرمایەدار و وەبەرهێنەران دابمەزرێت، هەروەها دانانی ساردكەرەوە بۆ ئەوەی بەرهەمەكانی تێدا هەڵبگیرێت بۆ كاتێكی تر.

سەرۆكی لیژنەی كشتوكاڵ ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد، لەگەڵ ئەوەی باج لەسەر بەرهەمی هاوردە دانراوە بەڵام لە هەندێ ناوچە ئەوە پێشێلكراوە و لە هەندێك سنووری نافەرمیش بەلێشاو بەرووبووم و ئاژەڵ دەهێنرێن بەبێ پشكنین بە سنوری قاچاغ، پێویستە حكومەت چارەی دەروازە نایاساییەكان بكات، چونكە هیچ باج و ڕسووماتێك وەرناگیرێت، ئەمەش زیانێكی زۆری بە بەرهەمی مەڕ و ماڵاتی خۆمانداوە، مەڕداری خۆمان زیانی زۆر دەكەن و بەرهەمەكانیان پارە ناكات، بۆ كەرتی كشتوكاڵیش بە هەمان شێوە بەرهەمەكانیان پارە ناكات.

لەبارەی كارگەی دۆشاوی تەماتە وتی، كارگەی دۆشاوی هەریر پێشتر هەندێ كێشەی هەبوو زۆر هەوڵماندا بكرێتەوە بەڵام نەكرایەوە، بۆیە نەكردنەوەی كارگەكان بەهۆی خەمساردی خۆمانەوەیە پەیوەندی بەهیچ وڵاتێكەوە نیە.

بەشی بکە لە
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this