“شارەوانی هەولێر ئاگاداری ئەو زەوییە نییە کە تەرخانکراوە بۆ یاریگای گۆڵف”

0
973

SNN-  مەودا مستەفا

سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی كوردستان رایگەیاند: زەوییەك لەشاری هەولێر بەبەهای چوار ملیار دۆلار بۆ یاریگای گۆڵف تەرخانكراوە كە دەتوانرێت بە نرخی ئەو زەوییە مووچەی حەوت مانگی مووچەخۆرانی هەرێم دابینبكرێت، سەرۆكایەتی شارەوانی هەولێریش دەڵێت: “ئێمە ئاگاداری ئەوە نین ئەو زەوییە بۆ یاریگا تەرخانكرابێت”.

عەلی حەمە ساڵح سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی كوردستان بەSNNی ڕاگەیاند: لە كۆبوونەوەم لەگەڵ بەرپرسانی حكومەت لە بەدواداچوونی پەرلەمانی، كارم لەسەر ئەم دۆسیە گرنگە كردووە، پاش چەندین مانگ دەمەوێت لێرەوە ڕایبگەیەنم، بەهیوای ئەوەی ڕای گشتی دروستبكات و كاری لەسەر بكرێت.

وتیشی: “‎زیاتر لە ١٣ ملیۆن مەتر زەوی، بەناوی پڕۆژەی یاریگای گۆڵف لە شوێنێكی نایابی ھەولێردا سیمكراوە، بە وتەی ئەوانەی لە بواری زەوی و زار كاردەكەن، بەهای زەوییەكە زیاتر لە چوار ملیار دۆلارە و ئەم زەوییە گەورەترین پارچە زەوی ناو شارە مابێتەوە.

راشیگەیاند: ئەمە ئاسانترین دۆسیەیە بۆ چاكسازی و لەدەستدەرنەچووە و پشتیوانی یاسایی ھەیە، پارەیەكی ئێجگار زۆریش دەگەڕێتەوە بۆ خەزێنەی گشتی، لەسەرتاسەری كوردستان ئەم گرفتە هەیە، لێرەدا بە چوار نمونە دەتوانین زیاتر لە شەش ملیار دۆلار بۆ حكومەت كۆبكەینەوە.

دەشڵێت: “لەساڵی 2013 ەوە، ھەزار دۆنم زەوی تەرخانکراوە بۆ کەسێک بیکاتە شاری پیشەسازی لە پارێزگای سلێمانی نزیک عەربەت، مەتر مەتری بکات و بیفرۆشێت، ئێستا ئەم زەوییە وەک خۆی ماوە حکومەت دەتوانێت خزمەتگوزاری بۆ ببتات و شارێکی پیشەسازی ھاوچەرخ دروستبکات و بایی سەدان ملیۆن دۆلاری لێبفرۆشێت”.

ئەو پەرلەمانتارە باسی ئەوەشدەکات، شاری خەونەکان لە ھەولێر، بە بەھا ترین زەوییە لەعێراق و یەک ملیۆن مەتر دووجایە، زیاتر لە 15 ساڵە دراوە بە کەسێک و تاوەکو ئێستا مەتر مەتر، نزیکەی بە بەھای یەک ملیار دۆلار زەوی لێفرۆشتووە، نیوەی ئەم زەوییە ماوەتەوە نەفرۆشراوە، بەھای 200  مەتر زەوی لەم جێگایە 300 ھەزار دۆلارە، حکومەت دەتوانێت وەریبگرێتەوەو بە ماستەر پلانێکی شایستە بەبەھای یەک ملیار دۆلار زەوی تێدا بفرۆشێت.

راشیگەیاند “لە باشترین شوێنی سلێمانیدا 622 دۆنم تەرخانکراوە بۆ زانکۆی ئەمریکی، دەھێندەی ڕووبەری زانکۆی سلێمانییە، بۆ زانکۆی ئەمریکی 22 دۆنم بەکارنەھێندراوە، ئەوی دیکە تەنیا دیوارێک بە چوارلای پرۆژەکەدا کراوە، بەم زەوییە حکومەت دەتوانێت شارێکی ھاوچەرخی بازرگانی و نیشتەجێبوون دروسبکات و زیاتر لە 600 ملیۆن دۆلاری دەستبکەوێت. كرمانج دەشتەكی، بەڕێوبەری ڕاگەیاندن و پەیوەندییەكان لە سەرۆكایەتی شارەوانی هەولێر بە SNNی وت: “ئێمە وەكو شارەوانی هەولێر ئاگاداری ئەو بابەتە نین و بێئاگایی تەواوی شارەوانی لەو دۆسێیە ڕاگەیاند”.

دەشڵێت: “ڕەنگە ئەوە زیاتر پەیوەندی بە دەستەی وەبەرهێنانەوە هەبێت، بەڵام ئێمە بەدواداچوونی خۆمان دەكەین” .

SNN پەیوەندی كرد بە  محەمەد شوكری سەرۆكی دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی كوردستان، بەڵام پەیوەندییەكە بەردەست نەبوو.

ساڵانە لە هەرێمی كوردستان لەلایەن پەرلەمانتارانەوە چەندان دۆسیەی بە هەدەردانی سامانی گشتی ئاشكرا دەكرێت، بەڵام تاوەكو ئێستا بەشێوەیەكی ئاشكرا هیچ كەسێك لەسەر دۆسیەی گەندەڵی ڕووبەڕووی دادگا نەكراوەتەوە.

بەشی بکە لە
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this