فەرماندەیەکی باڵای ئەمریکا: هێزەکانمان لە عێراق دەهێڵینەوە

0
218

SNN

کێنس مەکەنزی فەرماندەی هێزەکانی ئەمریکا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست رایگەیاند: هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق دەهێڵدرێنەوە.

ماڵپەڕی ئەی بی سی نیوزی ئەمریکی بڵاویکردەوە، کێنس مەکەنزی لە لێدوانێکیدا رایگەیاندووە: “بڕوامان وایە حکومەتی عێراق لە گرنگی پاڵپشتییەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانان لە شەڕی دژ بە داعشدا تێدەگات و دەیەوێت لەگەڵیاندا بمێنینەوە”.

مەکەنزی باسی لە گفتوگۆ ستراتیژییەکانی نێوان بەغدا و واشنتن کرد لەسەر ئاستی باڵا کە مانگی رابردوو گەڕی یەکەمی دەستیپێکرد و وتیشی: “پێدەچێت لە دەرئەنجامی ئەو گفتوگۆیانەدا ژمارەی هێزە تایبەتەکانمان لە عێراق کەمتر بکەینەوە، ئەویش بەهۆی ئەوەیە هێزەکانی عێراق لە شەڕی دژی داعشدا تواناکانیان بەهێزتربووە”.

لەبارەی چارەنووسی مانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق، مەکەنزی وتی: “من نازانم لە داهاتوویەکی دووردا چی روودەدات بەڵام ئێستا کاتی ئەوە نیە هێزەکانمان بکشێنینەوە”.

باسی لەوەشکرد، کار و هەماهەنگییەکانی ئەمریکا لەگەڵ سەرۆکایەتی عێراقدا بەردەوام دەبێت.

ئەمریکا زیاتر لە پێنج هەزار و 200 راوێژکاری تایبەتی لە عێراق هەیە کە لە چەند بنکەیەکی هەرێمی کوردستان و عێراق جێگیرکراون و رۆڵێکی کارایان لە شەڕی دژ بە داعشدا هەبووە.

مانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق بەتایبەت لەدوای کوشتنی قاسم سولەیمانی فەیلەقی قودسی ئێران و مەهدی موهەندیس بەرپرسی باڵای حەشدی شەعبی، نیگەرانی بەشێک لە لایەنەکانی عێراقی لێکەوتەوە لە دانیشتنێکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقدا دەنگیان بە کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق دا.

بەشی بکە لە
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this