هاووڵاتیانی هەرێم تمەن دەکڕن و حەواڵەی وڵاتی ئێرانی دەکەن

0
2409

SNN: محەمەد مستەفا

بەهۆی دابەزینی نرخی تمەن بەرامبەر دۆلاری ئەمریکی هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان بە شێوەیەکی بێشومار روویان کردۆتە کڕینی تەمەنی ئێرانی و خاوەن نوسینگەیەکی ئاڵوگۆڕی دراویش ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە ” هاووڵاتیانی هەرێم تمەن دەکڕن و حەواڵەی ئێرانی دەکەن ” و ئابوری ناسێکیش دەڵێت ” کڕینی تمەن بەو قەبارە زۆرە، زیانی گەورە بە ئابووری هەرێم دەگەیەنێت چونکە ئابووری ئێران خۆی لە لێواری هەرەس دایە”.

هاووڵاتیەک ” 50 ملیۆن تمەنم کڕیوە “

عەزیز عەبدوڵا هاووڵاتیەکی کاسبی تەمەن 47 ساڵی قەزای رانیەیە بە SNN ی ووت ” لەگەڵ دابەزینی نرخی تمەن لە ماوەی دوو رۆژی رابردوو بڕی 50 ملیۆن تمەنم کڕیوە بە نزیکەی 2500 دۆلاری ئەمریکی، هۆکاری کڕینی ئەو بڕە زۆرەش لە تمەن پێم وایە لە ئێستادا نرخی تمەن زۆر شکاوە و بێ نرخ بووە ، بۆیە ئومێدم وایە لە ئایندەیەکی نزیکدا نرخی تەمەن بەرز بێتەوە ئەو کات منیش بتوانم بڕێک پارە قازانج بکەم ”

باس لەوەش دەکات: ئەو ترسیشی هەیە لەوەی کە نرخی تمەنی ئێرانی زیاتر بشکێت، یاخود دەنگۆی ئەوە هەیە کە ئێران سێ سفری سەر دراوەکەی لا بەرێت بۆیه ئەوکات ئەو زیانی پێدەگات، بەڵام ئەو بەنیازە ئەو بڕێک لەو تمەنە بۆ ئەژماری بانکی دوو دۆست و خزمی خۆی لەشاری مهابادی رۆژهەڵاتی کوردستان حەواڵە بکات و دوای کۆتای هاتنی ڤایرۆسی کۆڕناش بچێتە وڵاتی ئێران و لەوێ بەو پارەیە کۆمەڵێک کەل و پەل بکڕێت.

“هاووڵاتیانی هەرێم تمەن دەکڕن و حەواڵەی ئێرانی دەکەن “

محەمەد ئەحمەد خاوەن نوسینگەی شاهین بۆ ئاڵوگۆڕی دراو لە رانیە بە SNN ی راگەیاند: ماوەی دوو هەفتەیە کڕین و فڕۆشتنی تمەن لەناو هاووڵاتیانی هەرێم ئاستێکی پێوانەیی تۆمار کردووە و رۆژانە زۆرترین کڕین و فڕۆشتن و ئاڵوگۆڕی دراو بە تمەنی ئێرانی ئەنجام دەدرێت بە قەبارە و بڕی زۆر بەراورد بە هەر دراوێکی تر، ئەمەش بەهۆی زۆری رێژەی دابەزینی نرخی تمەن بەرامبەر بە دۆلاری ئەمریکی .

ئەو خاوەن نوسینگەیە ئاماژە بۆ ئەوەش دەکات: لەئێستادا بەشێک لە هاووڵاتیانی هەرێم کە خزم یاخود دۆستی باوەڕ پێکراویان لە ئێران هەیە، تمەن دەکڕن و حەواڵەی سەر ئەژماری بانکی ئەو دۆست و خزمانەی خۆیانیان دەکەن لە وڵاتی ئێران، بۆ ئەوەی کە لە ئایندەدا رێگای هاتوچۆی ووڵاتی ئێران کرایەوە ئەوان لەو وڵاتە ئەو پارەیە بۆ مەبەستی بازرگانی یاخود گەشتیاری و تەندروستی بەکاربهێنن و زۆرترین قازانج بکەن.

ئەو خاوەن وسینگەیە راشیگەیاند: نرخی ئەمڕۆی تمەنی ئێرانی بەرامبەر بە دۆلاری ئەمریکی بە جۆرێکە کە بەشێوەی حەواڵە 100 دۆلار بەرامبەر بە 2 ملیۆن و دووسەد و پەنجا هەزار تمەنی ئێرانیە و بە شێوەی نەقدیش هەر 100 دۆلارێک بەرامبەر بە 1 ملیۆن و نۆسەد شەست هەزار تمەنە .

ئابووری ناسێک ” داوا لەهاووڵاتیان دەکات خۆیان لە کڕینی تمەن بە بڕێکی زۆر بە دوور بگرن “

نیهاد خالید ئابووریناس و مامۆستای زانکۆ بە SNN وت ” کڕینی تمەن بەو قەبارە و بڕە زۆرە لە لایەن هاووڵاتیانی هەرێم هۆکاری سیاسی و ئابووری لە پشتە، چونکە ئێران لە ڕێگەی بازرگانەکانی خۆی هەوڵ دەدات لە رێگەی هەرێمی کوردستان و عێراقەوە ئابووری خۆی بەهێزبکات، وە ئەم جۆرە مامەڵەیە خزمەت بە ئابوری ئێران دەکات چونکە دراوی مام ناوەند کە دراوی عێراقیه یاخود دراوی قورس وەک دۆلاری ئەمریکی دەگۆڕدرێتەوە بە دراوی سوک کە تمەنی ئێرانیە، ئەمەش دواجار بە زیانی زۆر لەسەر هاووڵاتیانی هەرێم دەشکێتەوە ”

ئەو ئابووری ناسە دەشڵێت ” داواکارم لە هاووڵاتیان کەخۆیان بەدوور بگرن لە کڕینی تمەنی ئێرانی بە رێژەیەکی زۆر، چونکە ئابووری ئێران لە لێواری هەرەس دایە، ئەمە جگەلەوەی کە بەشێکی زۆری ئابووری ئێران پشتی بە ستووە بە نرخی نەوت ئاشکراشه لە ئێستادا نرخی نەوت جێگیر نییە، هاوکات لێدوانێکی توندی کۆشکی سپی کاریگەری و زیانی لەسەر ئابووری ئێران هەیە کەئەمەش زیانی گەورە بەو هاووڵاتیانە دەگەیەنێت کە بەڕێژەیەکی زۆر تمەنی ئێرانیان کڕیوە”.

بەشی بکە لە
تاگەکانئێرانتمەن
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this