فڕۆکەخانەی سلێمانی: ئامادەکاریمان بۆ دەستپێکردنەوەی گەشتەکان کردووە

0
650

SNN

بەڕێوەبەری گشتی فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی رایگەیاند:  هەموو ئامادەکارییەکیان کردووە بۆ دەستپێکردنەوەی گەشتە ئاسمانییەکانی فڕۆکەخانەکە.

تاهیر عەبدوڵا بەڕێوەبەری گشتی فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی لە لێدوانێکیدا بۆ SNN رایگەیاند: “فڕۆکەخانەی سلێمانی هەموو ئامادەکارییەکی کردووە بۆ دەستپێکردنەوەی گەشتە ئاسمانییەکان و چاوەڕێی بڕیاری دەستەی فڕۆکەوانی عێراقین تا گەشتەکان دەستپێبکەینەوە”.

لەلایەکی دیکەوە لیژنەی باڵای تەندروستی و سەلامەتی عێراق رایگەیاند: هەموو عێراقییەکان رێگەیان پێدەدرێت گەشتی دەرەوەی وڵات بکەن بەو مەرجەی لە کاتی گەڕانەوەیاندا بۆ ماوەی 14 رۆژ کەرەنتین بکرێن.

لیژنەی باڵای تەندروستی و سەلامەتی عێراق لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، کە بڕیاری کۆبوونەوەکانی 19ی نیسان، 27ی نیسان و 30 ئایاری 2020ی پەیوەست بە قەدەغەی گەشتکردنی دەرەوەی وڵات هەڵوەشاندووەتەوە.

باسی لەوەشکردووە، کە بە مەرجە تەندروستییەکانەوە، قەدەغەی گەشتی دەرەوەی عێراق و بەپێچەوانەشەوە هەڵدەگیرێت.

ئەوەش هاتووە: پشکنینی پزیشکی بۆ هەموو عێراقییە گەڕاوەکان دەکرێت و لە کاتی دەرکەوتنی نیشانەکانی تووشبوون بە کۆرۆنا، ئەوا بۆ ماوەی 14 رۆژ لە ماڵەکانی خۆیاندا کەرەنتین دەکرێن.

ئەمەش لەکاتێکدایە، لە رۆژی 16ی مانگی ئازاری رابردووەوە، بە فەرمانی لیژنەی باڵای تەندروستی و سەلامەتی عێراق گەشتی دەرەوە راگیرا.

بەشی بکە لە
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this