کەمئاوی 21 هەزار کەسی لە عێراق ئاوارەکردووە

0
204

SNN

رێكخراوی کۆچی نێودەوڵەتی لقی عێراق ئاشکرایکرد، لە مانگی تەممووزی ساڵی رابردووەوە تا ئێستا زیاتر لە 21 هەزار کەس بەهۆی کەمئاوییەوە ئاوارەبوون.

رێكخراوی کۆچی نێودەوڵەتی لە عێراق بە هاوکاری دەڵتارس کە پەیمانگەیەکی بواری لێکۆڵینەوەیە لە سەرچاوەکانی ئاو، راپۆرتێکی لەبارەی گرفتی ئاو لە بەشێک لە ناوچەکانی عێراق بڵاوکردووەتەوە و ئەوەی خستووەتەڕوو: لە ئەنجامی کەمی و نەبوونی ئاو ئاوارەبوونی هاووڵاتیانی ناوەڕاست و باشووری عێراق زیادیکردووە.

بە گوێرەی راپۆرتەکە، لە مانگی تەممووزی ساڵی رابردووەوە، 21 هەزار و 314 کەس بەهۆی کەمئاوی و ئاوی سوێرەوە، لە باشوور و ناوەڕاستی عێراق ئاوارەبوون. هەروەها ئاوی هەردوو رووباری دیجلە و فوڕات کە سەرچاوەی سەرەکی ئاوی عێراقن، بەشێوەیەکی پێشبینینەکراو لە کەمبوونەوەدایە. گۆڕانی کەشوهەوا و بەرزبوونەوەی پلەی گەرمیش بووەتە هۆی کەمبوونەوەی رێژەی بارانبارین، ئەمەش دۆخەکەی سەختتر کردووە.

سەرۆکی نێردەی رێکخراوی کۆچ لەوبارەیەوە بە میدیاکانی وتووە، “کەمئاوی یەکێکە لە هەڕەشە هەرە گەورەکانی سەر کۆمەڵگە کشتوکاڵییەکان. کاریگەرییە ژینگەییەکان لەنێو ئەو هۆکارانەن کە وادەکەن ئاوارەبوون زیادبکات و ئەو شتەش لە پارێزگاکانی زیقار، بەسرە، نەجەف و کەربەلا روویداوە”.

رێکخراوی کۆچی نێودەوڵەتی و پەیمانگەی دەڵتارس هۆشداریی دەدەن کە ئەو قەیرانە کەمئاوییەی ئێستا رووبەڕووی عێراق دەبێتەوە، لە داهاتووشدا بەردەوامدەبێت و کاریگەریی لەسەر دۆخی مرۆیی، ئابووری، ئەمنی و کۆمەڵایەتی دانیشتووانی ناوەڕاست و باشووری عێراق دەبێت.

بە گوێرەی شارەزایانی ئەو بوارە، یەکێک لە هۆکارەکانی کەمبوونەوەی ئاو لە ناوەڕاست و باشووری عێراق گلدانەوەیەتی لەلایەن تورکیاوە، کاریگەرییەکانیشی لەدوای تەواوبوون و خستنەکاری بەنداوی ئیلیسۆ زیاتربووە.

بەشی بکە لە
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this