“دەشتی شارەزوور بەتەنها دەتوانێت ئاسایشی خۆراك بۆ هەرێم دابین بكات”

0
271

SNN-عەلی حەمە سەعید
بەڕای شارەزایانی بواری ئابووری، كەرتی كشتوكاڵ شانبەشانی كەرتەكانی پیشەسازی و بازرگانی و سامانە سروشتییەكان رۆڵی سەرەكی دەگێڕێت لە دابینكردنی سەرچاوەی دارایی پێویست بۆ بەهێزكردنی ژێرخانی ئابووری هەر وڵاتێك، دەشتی شارەزووریش وەك یەكێك لە دەشتە بەپیتەكانی هەرێمی كوردستان ئەگەر پلان هەبێت دەتوانرێت بە تەنها ئاسایشی خۆراك بۆ هەرێم دابین بكات.

دەشتی شارەزوور لە دامێنی پارێزگای هەڵەبجەوە بەرەو قەزاكانی سەیدسادق و شارەزوور تا نزیك ناحیەی عەربەت درێژ دەبێتەوە تا دەگاتە نزیكی قەزای دەربەندیخان رووبەرەكەشی خۆی دەدات زیاتر لە 500 هەزار دۆنم لە زەوی كشتوكاڵی و بە یەكێك لە بەپیتترین و لەبارترینی دەشتی هەرێمی كوردستان دادەنرێت لە بەرهەمهێنانی بەروبومی هەمەجۆر كە ئەوەش تایبەتمەندیەكە و كەم دەشت هەیە بتوانێت بەروبومی جۆراوجۆری تێدا بەرهەم بهێنرێت.

لەدێر زەمانەوە دەشتی شارەزوور بووەتە جێگەی بەرهەمهێنانی بەسەدان بەروبومی هاوینە و زستانە

ڕەحمان قادر، یەكێك جوتیارانی بە ئەزمونی قەزای سەیدسادق بە SNNی راگەیاند: لەدێر زەمانەوە دەشتی شارەزوور بووەتە جێگەی بەرهەمهێنانی بەسەدان بەروبومی هاوینە و زستانە لە ناوچەكەشدا ركابەری نەبووە چونكە لەسایەی ئەو دەشتەوە بە هەزاران خێزان بژێوی ژیانیان دابینكردووە هەر لەڕووی چاندنی دانەوێڵەی وەك گەنم و جۆ و پاقلە و گوڵەبەڕۆژە و توتن و زەڕات و كونجی و چەڵتوك و بەروبومی وەك كاڵەك و شوتی و تەماتە و خەیار و كولەكە و دەیان بەروبومی دیكە.

ئاماژەی بەوەشكرد، هەرچەندە لەئێستادا بارودۆخەكە ئاڵوگۆڕی بەسەردا هاتوە و تەكنەلۆجیای بواری كشتوكاڵ بەرەو پێش رۆشتووە بەڵام بەداخەوە بەرهەمی جوتیاران بە جۆراوجۆری نەماوەتەوە بۆنمونە لە ساڵانی هەشتاكاندا و تا نەوەدەكانیش جوتیارانی هەرێم تەنها خۆیان بەیەك جۆر بەروبومەوە خەریك نەدەكرد وەك ئەوەی لەئێستادا دەیبینین، بەڵكو بەدەر لەوەی گەنم و جۆ بەرهەمێكی سەرەكی جوتیار بووە بەڵام لەپاڵیشدا توتن و لۆكە و كونجی و زەڕات و چەڵتوك و چەندین بەروبومی هاوینە دەكرا بەڵام لەئێستادا جوتیارانی هەرێم تەنها خۆیان بە چەند جۆرێكی دیاریكراوی وەك گەنم و تەماتە و خەیار سەرقاڵ كردوە لەكاتێكدا ئەو بڕە پارەیەشی كە وەریدەگرن لە بەرامبەر ئەو بەرهەمانەدا هیندەی رەنج و ماندووبوونیان نییە.

سنووری دەشتی شارەزوور خۆی دەدات لە زیاتر 500 هەزار دۆنم لە زەوی كشتوكاڵی

ستار مەحمود، بەڕێوەبەری گشتی كشتوكاڵی هەڵەبجە بۆ SNNی روونكردەوە، سنووری دەشتی شارەزوور خۆی دەدات لە زیاتر 500 هەزار دۆنم لە زەوی كشتوكاڵی كە ئەو روبەرە فراوانەش دەتوانرێت لە چاندنی چەندین جۆری كشتوكاڵی سودی لێوەربگیرێت، چونكە تایبەتمەندی ئەم دەشتە بەشێوەیەكە دەتوانرێت بۆ كاری زۆربەی بەروبومە كشتوكاڵیەكان بگونجێت وەك باخداری بە هەموو جۆرەكانیەوە و چاندنی جۆرەكانی دانەوێڵە وەك گەنم جۆ و زەرات، هاوكات لە رووی بەروبومی سەوزە و میوەهاتەوە چاكترین جۆری سەوزە و میوە لەو دەشتەدا بەرهەم دەهێنرێت ئەمە سەرەڕای ئەوەی كە بووەتە لەوەڕگایەكی باشیش بۆ ئاژەڵەكانی ناوچەكە.

رونیشیكردەوە لە سنووری پارێزگای هەڵەبجە نزیكەی 50 هەزار دۆنم زەوی دەكرێت بەجۆرەكانی دانەوێڵە، ساڵانەش بەرهەمی دانەوێڵە لە دەشتی شارەزور لە ئاستێكی زۆر باشدا بووە، هاوكات لە سنوری پارێزگای هەڵەبجە نزیكەی 12 هەزار و 500 دۆنم زەوی كشتوكاڵی بەباخداری چێنراوە لەو روبەرەش نزیكەی هەشت هەزار و 500 دۆنمی لەباخی هەنارە و ساڵانە تەنها لە سنووری پارێزگای هەڵەبجە زیاتر لە 30 هەزارتۆن لە باشترین جۆری هەنار بەرهەم دەهێنرێت و رەوانەی بازاڕەكانی ناوخۆ دەكرێت، هاوكات زیاتر لە 95 هەزار دارگوێز لە ناوچەكەدا بوونیان هەیە.

حكومەتی هەرێم بۆ خۆی هاندەر بووە بۆئەوەی جوتیاران لە كەرتی كشتوكاڵی دووربکەونەوە

نەریمان عەبدوڵا، پسپۆڕ لە بواری ئابوری و وەبەرهێنان، بۆ SNN باسی لەوەكرد، لەئێستادا كۆمەڵێك ئاستەنگی گەورە و جۆراوجۆر لەبەردەم كەرتی كشتوكاڵ بەگشتی و جوتیاران بەتایبەتی دروستكراوە ئەگەر چارەسەری ئەو ئاستەنگیانە نەكرێت ژێرخانی ئابووری و كۆمەڵایەتی لە هەرێمی كوردستان بەرەو ئاقارێكی خراپتر دەچێت، چونكە دەبینین سەرچاوەی داهاتی حكومەت تەنها پشتی بە فرۆشتنی نەوت بەستووە، ئەوەش حاڵی نەوتە كە دەیبینین، لە كاتێكدا لە ماوەی رابردوودا حكومەتی هەرێم بۆ خۆی هاندەر بووە بۆئەوەی جوتیاران لە كەرتی كشتوكاڵی دووربکەونەوە، چونكە لە چەند ساڵی رابردوودا كاتێك قەیرانی دارایی بوونی نەبوو بەهۆی دامەزراندنی ژمارەیەكی زۆر لە چین و توێژەكان بووە هۆی ئەوەی كە هاووڵاتیان دووربكەونەوە لە كاری كشتوكاڵی و تەنها پشت بە مووچە ببەستن.

وتیشی: “لە سەردەمی حكومەتی عێراقیدا لەسەر ناسنامەی هەموو هاووڵاتیەك پیشەكەی دەنوسرا بە نمونە ئەگەر بنوسرایە (عامل) ئەوا بۆی نەبوو لە هیچ دامودەزگایەكی حكومی كاربكات، ئەوانەشی فەرمانبەر بوونایە زەوی كشتوكاڵیان پێ‌ نەدەدرا بەڵام حكومەتی هەرێم بەبێ‌ بوونی پلانێكی ورد هات هەرچی جوتیاربوو كردیە فەرمانبەر و لە دامودەزگا حكومیەكان دایمەزراندن و لە كەرتی كشتوكاڵی دابڕاندن ئەوەش بوەهۆی ئیفلیج بوونی كەرتی كشتوكاڵ لەهەرێمی كوردستان، بۆیە ئەو چاكسازییەی كە حكومەتی هەرێم دەستیپێكردووە ئەگەر كەرتی كشتوكاڵیش نەگرێتەوە پێناچێت كاریگەرییەكی ئەوتۆی هەبێت، چونكە ئەگەر بە جدی كار لەسەر دەشتی شارەزوور بكات و جوتیاری بۆهانبدات بەتەنها دەتوانێت ئاسایشی خۆراك بۆ هەرێمی كوردستان دابین بكات”.

دەشتی شارەزوور بە دووەم دەشتی بەپیتی جیهان ئەژمار دەكرێت

ئەو ئابووریناسە ئەوەشی خستەڕوو: هەموومان لەوە دڵنیاین كە دەشتی شارەزوور بە دووەم دەشتی بەپیتی جیهان ئەژمار دەكرێت هاوكات لە ڕووی بونی رێژەی ئاوی ژێر زەوی لەو دەشتەدا لەئاستێكی زۆر لەباردایە بەجۆرێك بە نزیكەی 90 مەتر دەگاتە ئاوی ئیرتیوازی كە دەتوانرێت پشتی پێببەسترێت بۆ كاری كشتوكاڵی بۆیە نەبوونی پلانێكی تەندروستی كشتوكاڵی ئەو دەشتە بەپیتە بەرفراوانەی لە دابین نەكردنی سەرچاوەیەكی دارایی پێویست بۆ حكومەتی هەرێم دابڕاندووە.

بەگوێرەی ئامارەكانی لە وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاوی حكومەتی هەرێم، لە هەرێمی كوردستان 14 دەشتی بەپیت وبەناوبانگ بوونیان هەیە كە كۆی روبەری سەرجەم ئەو دەشتانە دەگاتە سێ‌ ملیۆن و 500 هەزار دۆنم زەوی كشتوكاڵی.

بەشی بکە لە
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this