گەڕاوەكەی خورماڵ، ئاوێكی سروشتی بۆ چارەسەری نەخۆشییەكانی پێست

0
556

عەلی حەمەسەعید-SNN

یەكێك لەو شوێنە گرنگ و گەشتیاریانەی كەدەكەوێتە سنووری پارێزگای هەڵەبجەوە، بە گەڕاوەكەی خورماڵ ناسراوە، لەپێكهاتەی ئاوەكەیدا چەندین ماددەیەکی وەك گۆگرد و كبیریت و چەند مادەیەكی دیكەی كیمیایی بونیان هەیەو گەشتارانیش وەك چارەسەری سروشتی بۆ نەخۆشیەكانی پێست سودی لێوەردەگرن، بەڵام بەوتەی لایەنە پەیوەندیارەكان نەتوانراوە سودێكی ئابووری زۆر لەم گەڕاوە وەربگیرێت.

مێژووی گەڕاوەكەی خورماڵ، دەگەڕێتەوە بۆ ساڵانی 1920 ی سەدەكانی ڕابردوو، كە ئاوەكەی پێكهاتووە لە چەند ماددەیەكی تێكەڵ بە گۆگرد و كبریت هەر ئەوەش وایكردووە كە هیچ زیندەوەرێك ناتوانێت لەو ئاوەدا بژی.

عەلی ئەحمەد، سەرپەرشتیاری گەڕاوەكەی ناحیەی خورماڵَ، بەSNNی ڕاگەیاند: ئاوی گەڕاوی خورماڵ، لە دوو جۆر ئاو پێك هاتووە، كە جۆرێكیان، گەرم و تاڵە سودی لێوەردەگیرێت بۆ چارەسەركردنی نەخۆشیەكانی پێست، هەروەها جۆرێكی دیكەیان لەڕووی تامەوە تاڵ و ساردە بۆیە بەهۆی ساردی ئاوەكەوە بەزۆری بۆ چارسەری نەخۆشیەكانی پێست بەكارنایەت، ئەو كەسانەشی كە تووشی نەخۆشی پێست بوون دەتوانن سودی لێوەربگرن، بۆئەومەبەستەش ژووری تایبەت بە چارەسەری پیاوان و ژنان دروستكراوە.

لەبارەی چۆنیەتی سود وەرگرتن لە ئاوی گەڕاوەكەی خورماڵ، عەلی ئەحمەد، وتی” ئەو كەسانەی كە دەیانەوێت سود لەو ئاوە وەربگرن دەبێت بۆماوەی 10 بۆ 15 خولەك بچنە ناو ئاوەكەوە و بمێننەوە دوای هاتنە دەرەوەشیان نابێت ڕاستەوخۆ بەئاوی ئاسایی خۆیان بشۆن بەڵكوو واباشترە بۆماوەی 30 خولەك پاشان خۆیان بشۆن بۆئەوەی ئەو ئاوە كاریگەریەكانی بەسەر لەشی كەسەكانەوە جێبهێڵیت ئەوەش بەهۆی ئەو مادە كیمیایانەی كە لەئاوەكەدا بونیان هەیە”.

سەرپەرشتیاری گەڕاوەكەی خورماڵ ئەوەشی وت، “لەلایەن سەرۆكایەتی شارەوانی خورماڵەوە كاری نۆژەنكردنەوە بۆ بینای گەڕاوەكە كراوە و كراوە بە بە سێ‌ حەوزی جیاوازەوە كە حەوزێكیان دەكەوێتە دەرەوەی بیناكەو هاووڵاتیان دەتوانن بەردەوام سودی لێوەربگرن، هاوكات دوو حەوزیشیان بۆ ژنان و پیاوان دروستكردووە ئەوانیش دەتوانن بەتایبەت سود لە ئاوەكەی وەربگرن.

عەلی ئەحمەد، باسی لەوەشكرد، ئەگەر ئەم سەرچاوە ئاوییە لە هەر وڵاتێكی دیكە بووایە زۆر گرنگی پێدەدارو دەكرایە سەرچاوەیەكی گرنگی بەدەستخستنی داهات چونكە دەكرێت وەك شوێنیكی گەشتیاری سودی لێوەر بگریت و هاوكات وەك چارەسەرێكی سروشتیش سود لەئاوەكەی وەربگیرێت بۆ نەخۆشییەكانی پێشت، بەڵام لە ئێستادا كاتێك گەشتیاران سەردانی دەكەن بەبڕێك پارەی كەم سود لەو ئاوە وەردەگرن، تا ئێستا نەتوانراوە بەشێوەیەكی فراوانتر سودی لێوەربگیرێت وەك سەرچاوەیەكی بەدەستخستنی داهات.

بەگوێرەی وتەی پزیشكان و لایەنە تەندروستییەكانی سنورەكە، ئەوەی تا ئێستا یەكلایی بوەتەوە كە لە ئاوی گەڕاوەكەی خورماڵدا بونی هەیە، ئەوەیە كە مادەی گۆگرد بونی هەیە كە بەكاردێت بۆ چارەسەری نەخۆشی ئەكزیمای پێست، هاوكات مادەی كبریتیش بونی هەیە، بەڵام تا ئێستا لایەنە پەیوەندیدارارەكانی حكومەتی هەرێم وەك پێویست نەیانتوانیوە كە پشكنینێكی ورد بۆ ئاوەكە بكەن و زیاتر سودی لێوەربگیرێت.

بەشی بکە لە
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this