تەندروستی هەرێم: هەموو پارێزگاكان بە یەكسانی پێداویستی دارایی و پزیشكییان وەرگرتووە

0
268

SNN- مەودا مستەفا

دوای ئەوەی وەزیری تەندروستی عێراق رایگەیاند: بەشێکی زۆر کەمی هاوکارییەکانیان گەیشتووەتە سلێمانی، وتەبێژی تەندروستی هەرێم وتی: “لە دابەشکردنی پێداویستییە دارایی و تەندروستییەکاندا جیاوازییان لە نێوان پارێزگاکاندا نەکردووە”.

محەمەد خۆشناو وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی حكومەتی هەرێمی كوردستان بە   SNNی راگەیاند: لە سەرەتای هاتنی ڤایرۆسی كۆرۆنا بۆ هەرێمی كوردستان هەریەكە لە پارێزگاکانی هەولێر و سلێمانی و هەڵەبجە و دهۆك و ئیدارەکانی گەرمیان و ڕاپەڕین بەبێ جیاوازی پێداویستی تەندروستی و داراییان وەرگرتووە .

لای خۆشیەوە دیار ئیبراهیم  بەرێوبەری گشتی كۆگای سەرەكی دەرمان لە هەرێمی كوردستان وتی: هەر پێداویستیەكەی تەندروستی بۆ ئێمە هاتبێت بە شێوەیی یاسایی دابەشكراوە و هیچ كاتێكیش جیاوازی لە نێوان پارێزگاكان نەكراوە لە بابەتی پێداویستی دەرماندا .

ئەم وتانەی وتەبێژی تەندروستی هەرێم دوای ئەوەدێت، لە چەند رۆژی رابردوودا فراکسیۆنی یەکێتی کێشەکانی کەرتی تەندروستی لە سلێمانی و کەرکوک و دووزخورماتو و خانەقین گەیاندە وەزیری تەنـدروستی عێراق و رێزان شێخ دلێر پەرلەمانتاری ئەو فراکسیۆنەش رایگەیاند: ” تەنـدروستی عێراق هاوکاری سلێمانی کردووە، بەڵام لەهەولێر ئەو هاوکارییانە بڕدراوە و نەدراوە بە سلێمانی”.

هاوکات د. حەسەن تمیمی وەزیری تەندروستی عێراق جەختـیکردەوە لەوەی ئەوان بە گرنگی و وردییەوە چاودێری دۆخی سلێمانی دەکـەن و چەندینجار هاوکارییان ناردووە بۆ سلێمانی، بەڵام چونکە وەزیری تەندروستی هەرێم داوایکردووە ئەو هـاوکارییانە لەڕێگەی ئەوانەوە دابەشبکرێت، بەشێکی زۆر کەمی گەیشتۆتە سلێمانـی و لەماوەی ڕابردوو هاوکاری حکومەتی تورکیـاش هاتۆتە بەغدا و هەولێر، بەڵام نەگەیەنراوەتە سلێمانی.

بەشی بکە لە
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this