بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ بۆ تازە هاوسەرەکان بۆتە زەرەر

0
838

SNN-عەلی حەمە سەعید
جیاواز لەو كاڵا و شمەكانەی دیكە كە بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا تاڕادەیەك نرخەكانیان دابەزیوە، بەڵام لە ئێستادا نرخی زێر بەرزە، ئەمەش وای لەو هاووڵاتیانە كردووە كە خاوەن زێڕن ڕوو لە زەڕەنگەرەكان بكەن بۆ فرۆشتنی زێڕەكانیان، زەڕەنگەرەكانیش ئاماژە بەوەدەكەن دوو هەفتە دەبێت تەنها زێڕ دەكڕن و زۆر بەكەمی دەیفرۆشین.

لە ئێستادا نرخی یەك مسقاڵ زێڕی عەیارە 18 بە 267 هەزار دینارە و یەك مسقاڵ زێڕی عەیارە 21 بە 310 هەزار دینارە، ئەوە بەرزترین نرخە لەماوەی دوو مانگی رابردوودا تۆمار كرابێت، ئەمەش وای لەو هاووڵاتیانە كردووە زێڕیان هەیە بە دەرفەتی بزانن بۆ فرۆشتنەوەی زێڕەكانیان.

نەسرین عەبدوڵا، یەكێك لە هاوڵاتیانی هەڵەبجە كە لەگەڵ هاوسەرەكەی هاتبوون بۆ فرۆشتنی زێڕەكانیان بە SNNی ڕاگەیاند: ماوەی چەند ڕۆژێكە چاودێری ئەوە دەكەین كە نرخی زێر لە بازاڕەكانی جیهاندا ڕووی لە بەرز بوونەوەیە و لە هەرێمی كوردستانیش بەهەمان شێوەیە، بۆیە بڕیارماندا كە ئەو 20 مسقاڵ زێڕەی هەمانە و پێش ساڵێك هەر مسقاڵێك بە نزیكی 220 هەزار دینار كڕیومانە، بیفرۆشینەوە، چونكە لە ئێستادا نرخی زێڕ بەرزبووەتەوە و گەیشتووەتە 310 هەزار دینار.

بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ ئەگەرچی لەوانەیە لە سوودی ئەوانەدا بێت كە لەماڵەكانیاندا زێڕیان هەیە، بەڵام زیانی بۆ ئەو كەسانەش هەیە لە ئێستادا بەنیازی ئەنجامدانی هاوسەرگیرین.

نەسرین دەڵێت: “دەكرێت هەردوو هاوسەر ڕێكبكەون هەڵگرتنی مارەیی و كڕینی زێڕ دوابخەن تا ئەوكاتەی نرخی زێڕ نزمدەبێتەوە، بەڵام ناشزانرێت كە ئایا زیاتر بەرز دەبێتەوە یاخود جارێكی دیكە نزمدەبێتەوە”.

شوان محەمەد، یەكێك لە زەڕەنگەرەكانی هەڵەبجە بۆ SNNی ڕوونكردەوە، بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ بۆ ئەم ئاستەی ئێستا بە بەراورد بە دووساڵی ڕابردوو هاوشێوەی نەبووە، ئەوەش پەیوەندی بە بۆرسەی جیهانییەوە هەیە و بەرزونزمی نرخەكان لە دەسەڵاتی ئێمەدا نییە، بەجۆرێك لە ئێستادا نرخی مسقاڵێك زێڕی عەیارە 18 بە 267 هەزار و عەیارە 21 بە 310 هەزار و عەیارەی 24 بە 354 هەزار دینار دەفرۆشین، ئەمەش بەرزترین نرخە لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا كە ئەم بەرزبوونەوەیەش پەیوەندی بە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆناوە هەیە.

ئاماژەی بەوەشكرد، دەتوانین بڵێین نرخی زێڕیش هاوشێوەی نرخی نەوت پێشبینی بەرزبوونەوە یاخود نزمبوونەوەی ناكرێت، چونكە هیچ كات پێشبینی ئەوەمان نەكردبوو كە مسقاڵێک زێڕی عەیار 21 لە 230 هەزار دینارەوە بۆ 310 هەزار دینار بەرز بێتەوە، پێدەچێت زیاتریش بەرز بێتەوە، چونكە زیاد لە دوو هەفتەیە هیچ دابەزینێك تۆمارنەكراوە لە نرخی جیهانی بۆرسەدا.

ئەو زەڕەنگەرە ئەوەشی خستەڕوو، لە ئێستادا هاووڵاتیان ڕوویان لە فرۆشتنی زیڕەكانیانە وەك لە كڕین، چونكە دەزانن نرخەكەی بەرز بووەتەوە، من كڕیاری خۆم هەبووە، بەبڕی دوو هەزار دۆلار ئاڵتونی كڕیوە ئێستە هەمان ئەو ئاڵتونەی بە بڕی زیاد لە سێ‌ هەزار دۆلار پێفرۆشتوومەتەوە، بەڵام ژمارەیەكی كەمیش هەن زێڕ دەكڕن بەهیوای ئەوەی زیاتر بەرز بێتەوە ئەوانیش سودیان پێبگات، بەڵام نازاندرێت بازاڕەكە بەرەوكوێ‌ دەڕوات.

بەشی بکە لە
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this