سەرەڕاى زۆربوونى لە بازاڕەکان نرخی کەلوپەلی خۆپارێزی بەرزە

0
614

SNN-هەوراز ئەحمەد

بازاڕى کڕینى کەلوپەل و پێداویستى پزیشکی لە سلێمانى بەهۆی بڵاوبوونەوەی کۆرۆناوە جمەى دێت و هاووڵاتیان عەوداڵى کڕینى باشترین کەلوپەلى پاکەرەوە و دەستکێش و دەمامکن، لەگەڵ ئەوەشدا بەهۆى خراپى دۆخى ئابووریانەوە نیگەرانى بەرزى نرخەکانیانن.

شیلان تاهیر، هاووڵاتیەکى تەمەن 31 ساڵ لە نزیک یەکێک لە فرۆشگاکانى کەلوپەلى پزیشکى سەرقاڵى سەودا کردن بوو لە بارەى کڕینى دەستکێشەوە، ئەو بە SNNی راگەیاند: “نرخى کەلوپەلە خۆپارێزیەکان بەراورد بە دۆخى ئابوورى هاووڵاتیان بەرزە و دەبێت رەچاوى ئەو قەیرانە بکرێت چونکە ئێستا پاکەتێک دەستکێش زیاترە لە 10 هەزار دینار کە ئەمە قورسە بۆ هاووڵاتیان”.

نرخی کەلوپەلەکانی خۆپارێزی بە پێی دۆخەکە دەگۆڕێت

وتیشى: “لەوەتەى ڤایرۆسى کۆرۆنا هەیە بەردەوام کەلوپەلى خۆپارێزى بەکاردەهێنم نرخەکانیش بە پێى دۆخەکە دەگۆڕێت، لە کاتى کەرەنتینەکەدا ئەگەرچى بە دەگمەن دەست دەکەوت لەگەڵ ئەوەشدا نرخى دەستکێش و دەمامک لە سەرووى 20 هەزار دینارەوە بوو، بۆیە لەم کاتەدا پێویستە حکومەت زیاتر چاودێرى بازاڕ و ئەو شوێنانە بکات تاوەکو نرخى کەلوپەلەکان لەگەڵ دۆخى ئێستای هاووڵاتیان یەکبگرێتەوە”.

فەرەیدون سەعید، خاوەنى فرۆشگاى کەلوپەلى پزیشکیە لە شارى سلێمانى لە بارەى خواست لە سەر کڕینى کەلوپەلی خۆپارێزیەکانەوە بە SNNی راگەیاند: “لەگەڵ هاتنى ڤایرۆسى کۆرۆنا هاووڵاتیان زیاتر روو لەم بازاڕە دەکەن خواست لە سەر دەستکێش و دەمامک و هۆیەکانى پاککەرەوە و ئامێرە پزیشکییەکان زۆر بووە بەجۆرێک لە کاتى کەرەنتینەکەدا ئەو کەلوپەلانە لە بازاڕدا نەما بەڵام دواتر لە چەند وڵاتێکەوە داوا کرا و هێنرایە بازاڕەوە و نرخەکانیش بە پێى جۆرى ئەو کەلوپەلانە دەگۆڕێت کە لە پێنج هەزارەوە دەست پێدەکات تاوەکو 10 هەزار دینار ئەمە بۆ دەست کێش و دەمامک”.

پێویست ناکات هاووڵاتیان بە بێ هۆکار ئامێری هەناسەدان و لێدانی دڵ بکڕن و ببنە هۆکاری نەمانی لە بازاڕەکاندا

ئاماژەى بەوەش کرد: “لە رابردوودا ئامێرى لێدانى دڵ و دیاریکردنى رێژەى ئۆکسجین کەمتر خواستى لەسەر بوو بەڵام بەهۆى کۆرۆناوە ئەو ئامێرە هێندە داواکارى لەسەرە ئێستا بە دەگمەن دەست دەکەوێت، لە بنەماشدا ئەو ئامێرە نابێت لاى هەموو کەسێک بێت چونکە کاتێک کەسێک بەکارى دەهێنێت ئەگەر دۆخى دەرونى جێگیر نەبێت و یان بە دروستى بە کارى نەهێنێت ئەو کات ئەنجامێکى جیاواز دەردەخات، ئەو کەسەش وا هەست دەکات نەخۆشە، بۆیە ئامێرى پێوانى رێژەى ئۆکسجین و لێدانى دڵە نابێت لاى هەموو کەسێک بێت”.

چاودێرى بازرگانى سلێمانى بە وردى چاودێرى ئەو شوێنانە دەکات کەلوپەلى خۆپارێزى دەفرۆشن و ئەگەر ببینن شوێنێک نرخى بەرزکردووەتەوە ئەوا دادەخرێت.

ئەو شوێنانە سزا دەدرێن کە نرخی کەلوپەلەکانیان بەرزدەکەنەوە

سۆران غەفور، بەڕێوبەرى چاودێرى بازرگانى سلێمانى و سەرۆکى لیژنە هاوبەشەکانى قایمقامیەتى سلێمانى بە SNNی راگەیاند: “ئێمە بەردەوام چاودێرى ئەو شوێنانە دەکەین و لە هەر فرۆشگا و دەرمانخانەیەک نرخى کەلوپەلی خۆپارێزیەکان بەرز بکرێتەوە راستەوخۆ ئەو شوێنە سزا دەدرێت و دادەخرێت و لەکاتى کەرەنتینەکەدا چەندین شوێنمان لەسەر ئەو بابەتە داخستووە”.

وتیشى: “کەلوپەلە خۆپارێزییەکان لە ئێستا نرخیان جێگیرە، چونکە زۆرێک لە بازرگانەکان لە چەندین وڵاتەوە هاوردەى هەرێمى کوردستانى دەکەن لەگەڵ ئەوەشدا چەند کارگەیەک لە ناوخۆى هەرێمى کوردستاندا دەمامک و کەلوپەلى پزیشکى دروست دەکەن”.

بەشی بکە لە
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this