“نزیكه‌ى 300 گوندى بادینان به‌هۆى بۆردومانه‌كانى توركیاوه‌ چۆڵبوون”

0
411
بۆردومانكردنى گوندێكى هه‌رێمى كوردستان له‌لایه‌ن سوپاى توركیاوه‌ | فۆتۆ: Shaho Qandili

SNN – مه‌ودا مستەفا
ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگەی حكومەتی هەرێمی كوردستان رایدەگەیه‌نێت: لە سێ بۆ چوار ساڵی رابردوودا دەوڵەتی توركیا 823 جار بۆردوومان و تۆپبارانی هەرێمی كوردستانی كردووە، بەوتەی شایەتحاڵێكی سنووری بادینانیش، “لە ساڵی 1996 تاوەكو ئێستا لەو سنوورە نزیكەی 300 گوند بەهۆی شەڕ و پێكدانی نێوان پەكەكە و توركیا چۆڵكراوە”.

جەبار یاوەر، ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگەی حكومەتی هەرێمی كوردستان بە SNNی راگەیاند: “لە 1ى كانونى دووه‌مى ساڵى 2016 تاكو 31ى كانونى یه‌كه‌مى 2018، دەوڵەتی توركیا 398 جار بە فڕۆكەی جەنگیی بۆردوومانی ناوچە سنوورییەكان و گوندەكانی هەرێمی كوردستانی كردووە، هەروەها 425 جار تۆپبارانی ئەو ناوچانەی كردووە، لە بۆردوومان و تۆپبارانه‌كانیشدا 288 گوند كراونەتە ئامانج”.

شایەتحاڵێكی سنووری ئامێدیش كە لەبەر دۆخی ئەمنی ناوچەكە نەیویست ناوی ئاشكرا بكات له‌و باره‌یه‌وه‌ به‌ SNNى راگه‌یاند: “لە ساڵی 1996 تاوەكو ئێستا نزیكەی 300 گوند و دێهات لە سنووری بادینان و زاخۆ بەهۆی هێرشی توركیاوە چۆڵكراون لە ماوەی سێ ساڵی رابردووشدا 26 هاووڵاتی مه‌ده‌نى لە ناحیەی شیلادزێ بەهۆی ناكۆكیيەكانی توركیا و پەكەكە بوونەتە قوربانی، بەهۆی ئۆپراسیۆنەكەی ئەمدوایيەش سێ هاووڵاتی سڤیل شەهید و بریندار بوون”.

لە ساڵی 2003  پەرلەمانی هەرێمی كوردستان بڕیاری ژمارە 37ی دەركرد كه‌ تایبه‌ته‌ به‌ دەركردنی سوپای توركیا، دەقی بڕیارەكە ده‌ڵێت: “ئەنجومەن داوادەكات، لە هێزی ئاشتیپارێز P.M.F (توركیا ئەو ناوەی لە هێزەكەی ناوە)، كۆتایی بە هەبوونی خۆی لە هەرێم بهێنێت و بگەڕێنەوە بۆ كۆماری توركیای دۆست، چونكه‌ ئەرك و مافی خۆی تەواوكردووە”.

لە ساڵانی رابردوودا چەندین جار، بە هەڵمەتی واژوو كۆكردنەوە، بە پێشكەشكردنی یاداشت لەلایەن هاووڵاتییان و رێكخراوەكان و پەرلەمانتارانەوە، داوای جێبەجێكردنی ئەو بڕیارە كراوە، بەڵام ئەو بڕیارە لەسەر كاغەز مایەوە پاش 17 ساڵ هێشتا جێبەجێ نەكراوە.

بەپێی ئامارێكی نافەرمی كە دەست SNN كەوتووە، ” لە ماوەی 10 ساڵی رابردوودا بەهۆی هێرش و بۆردومانەكانی دەوڵەتی توركیا زیاتر لە 170 هاووڵاتی مەدەنی شەهید و برینداربوون”.

بەشی بکە لە
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this