فڕۆکەخانەی هەولێر: گەشتی ناچاری بۆ دەیان هەزار هاووڵاتی هەرێم رێکخراوە

0
695

SNN- مەودا مستەفا

فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی ھەولێر رایگەیاند قەدەغەی گەشتەکانی فڕۆکەخانەکە تا 22ی تەمووز درێژدەکرێتەوە، وتیشی: لەماوەی راگرتنی گەشتەکاندا، گەشتی دیپلۆماتکاران، کارگۆ و سەربازی بەردەوام بووە.

تەلار فایەق بەڕێوەبەری گشتی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی ھەولێر، وتی: “دەسەڵاتی فڕۆکەوانی عێراقی راگرتنی گەشتەکانی تا 22ی تەممووز درێژکردەوە و راشیگەیاند کە دوای ئەو بەروارە رێککارەکان گۆڕانکاری بەسەردا دێت و ئەگەری دەستپێکردنەوەی گەشتەکان ھەیە”.

ئاماژەی بەوەشکرد: لەماوەی راگرتنی گەشتە ئاسمانییەکاندا، 44 ھەزار و 666 ھاووڵاتی لە رێگای فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی ھەولێرەوە گەشتی ناچارییان بۆ رێکخراوە کە بەشێکیان بۆ گەڕاندنەوەی هاووڵاتیان بووە بۆ هەرێم.

تەلار فایەق وتیشی: “لەمیانی راگرتنی گەشتە ئاسمانییەکاندا شەش ھەزار تۆن کەلوپەل لە رێگای فڕۆکەخانەکەوە ھاتووە و رۆیشتووە، ھەروەھا زیاتر لە ھەزار و 700 فڕۆکە لە رێگای 44 ھەزار گەشتەوە ھاتووچۆیان کردووە”.

لەبارەی چۆنیەتی ئەنجامدانی گەشتەکانیش دوای ئەو وادەیەی کە بۆی دیاریکراوە، تەلار فایەق باسی لەوەکرد: “رێنماییەکان بە فەرمیی دەرنەچووە بۆ ئەوەی بزانین رێنماییەکان چۆن دەبێت، خەڵکی کام وڵات رێگەپێدراو دەبێت، بەڵام ھەر کاتێک گەشتەکان کرانەوە، ئەوا ئێمە ھیچ کێشەیەکمان نیە و ئامادەکارییەکانمان تەواو کردووە”.

رۆژی 21ی شوباتی 2020 بەھۆی گیانلەدەستدانی چوار کەسی تووشبوو بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە وڵاتی ئێران، وەزارەتی ناوخۆی ھەرێمی کوردستان سەرجەم گەشتەکانی لە رێگای فڕۆکەخانە و دەروازە سنوورییەکان لەگەڵ وڵاتی ئێران داخست و دواتریش رۆژی 17 ئازاری 2020، دەسەڵاتی فڕۆکەوانی عێراقی، ئاسمانی عێراق و ھەرێمی کوردستانی بەڕووی گەشتیاران داخست و ئەم ھەنگاوەیشی وەک رێگەگرتن  بوو لە بڵاوبوونەوەی زیاتری ڤایرۆسی کۆرۆنا.

بەشی بکە لە
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this