چیرۆكی ئەو مامۆستایەی لەكەركوك بەقەرەوێڵەی ژنە مردووەكەیەوە بەسترابووەوە

0
1701

SNN- عیماد جەباری
لەدوای تەواوبوونی رێورەسمی ناشتنی تەرمی ژنەكەی لەگۆڕستانی پەنجاعەلی، محەمەد كەریم بەدیار گۆڕی (مونا)ی هاوژینیەوە دەگریا و هۆكاری گیانلەدەستدانیشی بۆ “كەمتەرخەمیی و بێباكیی پزیشك و كارمەندانی نەخۆشخانەی گشتی كەركوك گەڕاندەوە”.
مونا ئیسماعیل تەمەنی 44 ساڵ بوو، خۆی و هاوسەرەكەی هەفتەیەك لەمەوبەر دوای ئەوەی هەست بەنیشانەكانی ڤایرۆسی كۆرۆنا دەكەن، پشكنین ئەنجامدەدەن و دەردەكەوێت هەردووكیان تووشبوون، پێكەوە دەچنە نەخۆشخانەی گشتی كەركوك كە سەنتەری تایبەت بەتووشبووانی كۆرۆنایە و لەوێ (مونا) دەخرێتەژێر چاودێری پزیشكییەوە، بەڵام بەهۆی بەردەست نەبوونی ئۆكسجین لەدوای 5 رۆژ مانەوەی لەنەخۆشخانە، گیانلەدەستدەدات، ئەمە چیرۆكی گیانلەدەستدانەكەیەتی كە كەسوكارەكەی بۆ SNN گێرایانەوە.

محەمەد بەو قەڕوێڵەیەوە دەبستنەوە كە هاوژینەكەی لەسەرێتی و بە بەرچاویەوە گیانلەدەستدەدات بەبێئەوەی هیچ كارێكی لەدەستبێت بۆ رزگاركردنی، ئەحمەد برای هاوسەری ژنە كۆچكردووەكە وای وت.

كاتێك بەهۆش خۆم هاتمەوە لەبنكەی پۆلیس دەستبەسەرم

محەمەد كەریم بە SNNی وت: “مونا-ی هاوژینم تووشی كۆرۆنا ببوو، لەنەخۆشخانە دووچاری تەنەگەنەفەسی ببوو، چەند جارێك بەپارە ئۆكسجینم بۆ پەیداكرد، بەڵام دواتر هەر بەهۆی ئۆكسجینەوە لەگەڵ یەكێك لەپەرستارەكان بووە دەمەقاڵێم، كاتێك بەهۆش خۆم هاتمەوە لەبنكەی پۆلیسی قۆریە دەستبەسەرم، گوایە ئامێری نەخۆشخانەم شكاندووە!!.

دەشڵێت: “دوای نزیكەی چوار كاتژمێر مانەوەی لەبنكەی پۆلیس زانییان كە تووشبووی كۆرۆنام، جارێكیتر بەیاوەری پۆلیسێك گەڕانمیانەوە بۆ نەخۆشخانە، لەلایەن كارمەندەكەی پۆلیسیشەوە دەستم بەقەروێڵەكەی مونای هاوژینمەوە بەسترایەوە، تا ئەو ساتەی گیانی لەدەستدا هیچ كارمەندێك بەهانایەوە نەهات و خۆشم بەهۆی بەستنەوەی دەستم هیچم پێنەكرا”.

مونا ئیسماعیل دایكی دوو منداڵ، ئێوارەی رۆژی دووشەممە 13ی تەمموز لەنێو نەخۆشخانەی گشتی كەركوك گیانی لەدەستدا.

رۆژی پێش گیانلەدەستدانی ژنەكەش، فەرمانگەی تەندروستی كەركوك لەراگەیاندراوێكدا ئاماژەی بە شكاندنی ئامێرێكی زیرەكی هەناسەدان كرد لەلایەن هاوەڵی یەكێك لەتووشبووانی كۆرۆنا كە ئامێرێكی دەگمەن بووە، لەراگەیاندراوەكەشدا هەڕەشەی ئەوەی كردبوو كە توندترین سزا دژی ئەنجامدەری ئەو كارە دەگرنەبەر تاوەكو ببێتە عیبرەت.

بەڵگەیەكی ڤیدیۆییش لەتۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بڵاوبووەتەوە، ساتی كەلەبچەكردنی محەمەد بەقەڕوێڵەی هاوژینەكەیەوە كە گیانی لەدەستداوە، دەردەكەوێت كە داوا دەكات ئازادی بكەن تەنها بۆ ئەوەی تەرمەكەی بگوازێتەوە بۆ گۆڕستان.

بەبڕیاری دادگای كەركوكیش، محەمەد كەریم بەكەفالەت ئازادكراوە تاوەكو لەرێوڕەسمی ناشتنی هاوژینەكەیدا بەشدار بێت تا ئەو كاتەشی ڤایرۆسەكە تێئەپەڕێنێت، بەپێی زانیارییەكانی SNN دادوەری لێكۆڵینەوە داوایكردووە سبەی چوارشەممە فەرمانگەی تەندروستی كەركوك وەكو سكاڵاكار لەبەردەم دادگا ئامادە بن تاوەكو سكاڵا دژی ئەو هاوڵاتییە تۆمار بكەن و داوای قەرەبووكردنەوەی لێبكەن لەپای شكاندنی ئەو ئامێرە.

گیانلەدەستدانی مونا بە (هۆكاری كەمتەرخەمی و نەبوونی ئۆكسجین) لەسەنتەری تووشبووانی كۆرۆنا یەكەم حاڵەت نییە تۆماركرابێت، لەماوەی رابردوودا چەند حاڵەتێكی دیكەی گیانلەدەستدان بەهەمانشێوە لەهەردوو نەخۆشخانەی ناوچەی پیشەسازی و گشتی كەركوك كە كراونەتە سەنتەری تایبەت بەتووشبووانی كۆرۆنا تۆماركراوە.

نەجات رەشید محەمەد، 22 رۆژ لەمەوبەر گیانیلەدەستدا، كەسوكارەكەی هۆكارەكەیان بۆ كەمتەرخەمی كارمەندانی تەندروستی گەڕانەوە كە نەیانتوانیوە ئۆكسجینی پێویستی بۆ دابینبكەن، لەسەر ئەو بابەتەش وەزارەتی تەندروستی عیراق فەرمانگەی تەندروستی كەركوكی راسپارد لێكۆڵینەوە بكات، بەڵام لەدوای سەلماندنی كەمتەرخەمی كارمەندەكانیان بابەتەكەیان شاردەوە.

نەجات رەشید پێش گیانلەدەستدانی لەسەر زەوی نەخۆشخانە کەوتووە

نەجات رەشید، خۆی كارمەندی بەشی كارگێڕی بوو لەفەرمانگەی تەندروستی كەركوك و وەرزشكارێكی دێرینی شارەكەش بوو، كاتێك بەهۆی تووشبوونی دەگوازرێتەوە بۆ نەخۆشخانەی تایبەت بەكۆرۆنا لەناوچەی پیشەسازی كەركوك، شەوێك تاوەكو بەیانی بەهۆی نەمانی ئۆكسجین دەتلێتەوە، بەڵام هیچ كەسێك بەهانایەوە ناچێت تاوەكو گیانلەدەستدەدات.

بەپێی ئەو زانیارییانەی لەنێو لیژنە پێكهێنراوەكەی تەندروستی كەركوك دەستی SNN كەوتووە، لەدوای تەماشاكردنی ئامێرەكانی چاودێری نێو نەخۆشخانەكەی ناوچەی پیشەسازی دەردەكەوێت كە كارمەندە تووشبووەكەیان دەكەوێتە دۆخێكی دەرونی خراپەوە و خۆی روتدەكاتەوە و لەنێو رێڕەوی هۆدەكاندا دەكەوێت و دەتلێتەوە، چەند كارمەندێكیش بەسەریدا تێپەڕدەبن بەبێ ئەوەی گرنگی بەدۆخی بدەن تا دواتر كامەندێك بەهەردوو قاچی رایدەكێشێت تا دەیخاتە ژوورێكەوە و دواتر گیان لەدەستدەدات، كە بەوتەی پزیشكانی تایبەت بەهەناسە، هەركاتێك مرۆڤ رێژەی ئۆكسجینی دابەزێت دەكەوێتە دۆخێكی دەرونی خراپەوە و یەكەم هەنگاو پەنا بۆ داكەندنی كراس و جلەكانی دەبات تاوەكو لەخنكان رزگاری بێت، كە ئەو هەڵسوكەوتەی نەجات دەیسەلمێنێت ئۆكسجینی لێ بڕاوە.

بەڵام هەر ئەو كات ئەو پزیشكەی شەوی گیانلەدەستدانی كارمەندەكە دەوامی هەبووە روونكردنەوەیەكی بڵاوكردەوە و تێیدا نەجات رەشیدی وا نیشاندا كە لەڕووی دەروونییەوە تێكچووە و كەسوكارەكەشی ئامادە نەبوون چاودێری بكەن لەنەخۆشخانە.

هەردوو گروپی هەڵوێست و مامۆستایانی ناڕازی كە لەماوەی رابردوودا بۆ بەرگری لەمامۆستایانی كەركوك دروستبوون، دیمەنی بەستنەوەی قۆڵی مامۆستایەكی خوێندنی كوردی بەقەرەوێڵەی هاوژینە كۆچكردووەكەیەوە بە كارێكی نایاسایی و نا مرۆڤانە و سوكایەتیكردن بەمامۆستای ناودەبەن.

بۆ ئیدانەكردنی مامەڵەی تەندروستی كەركوك لەگەڵ هاوپیشەیەكیاندا، ژمارەیەك مامۆستای ئەو دوو گروپە چوونە بەردەم نەخۆشخانەی گشتی كەركوك و بۆ ماوەی كاتژمێرێك دروشم و هوتافی جۆراوجۆریان دژی فەرمانگەی تەندروستی وتەوە، هێزێكی سەربازی زۆریش وەكو فشارخستنە سەریان بۆ ئەوەی ناوچەکە چۆڵبكەن كۆكرابوونەوە.

مامۆستا لوقمان رۆستەم یەكێك لەمامۆستا بەشداربووەكانی گردبوونەوەكەی بەردەم نەخۆشخانەی گشتی كەركوك، بە SNNی وت: “مامۆستا محەمەد كەریم بۆ هاوژینەكەی هەستاوە بەكڕینی ژمارەیەك بوتڵی ئۆكسجین لەپێناو رێگریكردن لەگیانلەدەستدانی، بەڵام دەبینێت بوتڵە ئۆكسجینەكانی خۆشی لەلایەن كارمەندەكانەوە بردراون و هاوژینەكەی لەدۆخێكی تەندروستی خراپدا بەجێدەهێڵدرێت”.

گردبوونەوەی مامۆسان

سەجاد جومعە بەڕێوبەری نوسینگەی كەركوك لەكۆمسیۆنی باڵای مافی مرۆڤی عیراق بە SNNی وت: “بۆ بەدواداچوون لەبارەی بڵاوبوونەوەی ئەو گرتە ڤیدیۆییە دەستی هاوڵاتییەك بەقەروێڵەیەكەوە بەستراوەتەوە سەردانی نەخۆشخانەی گشتی كەركوكم كرد، بەبیانووی ئەوەی ئەمڕۆ پشووە دەرگای ئیدارەی نەخۆشخانەكە داخرابوو، تاوەكو دوو كاتژمێر چاوەڕوانی وەڵام درامەوە”.

ئەو بەرپرسەی كۆمسیۆنی مافی مرۆڤ باسی لەوەكرد، ئیدارەی نەخۆشخانەكە ئاماژەیان بۆ ئەوەكردووە كە لەلایەن پۆلیسەوە بەو شێوەیە بەستراوەتە و ئەو كارەش هیچ پەیوەندییەكی بەتەندروستییەوە نییە.
بەڕێوەبەری نوسینگەی مافی مرۆڤ لەكەركوك ئەوەشی خستەڕوو كە لەماوەی چوار مانگی رابردوودا سەرەڕای ئەو نیگەرانی و گلەیی و تۆمەتباركردنەی لەتۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا هەبووە، بەڵام هیچ كەسێك بەڕەسمی سكاڵای دژی ئیدارەی كەركوك و تەندروستی تۆمار نەكردووە.

تەندروستی كەركوك ئەو تۆمەتانە رەتدەكاتەوە كە باس لە بەستنەوەی قۆڵی هاوڵاتیەك دەكرێت بەدیار تەرمی هاوژینەكەیەوە، وەكو هەموو جارەكانی دیكەش كە كەمتەرخەمی و هەڵەیەكی پزیشكی روودەدات، لیژنەیەكی پێكهێناوە.

فەرمانگەی تەندروستی كەركوك لەبەیاننامەیەكدا دەڵێت: “بەهۆی خراپیی باری دەرونییەوە ئەو هاوڵاتییە هەستاوە بەشكاندنی ئامێرێكی دەگمەنی نەخۆشخانەكە كە لەئێستادا پێویستمان پێیەتی، بەهۆیەوە دەستگیركراوە و دوای كاتژمێرێكیش گەڕێندراوەتەوە بۆ نەخۆشخانە و لەبەشێكی دیكە دانراوە تاوەكو پشكنینی كۆرۆنا بۆ ئەویش ئەنجامبدرێت بەو پێیەی بەركەوتەی هاوژینەكەی بووە”.
دەشڵێت: “بۆ رۆژی دووەم هاوژینەكەی لەبەشی بووژانەوەی سییەكان گیانی لەدەستدا و لەلایەن كارمەندانی پۆلیسەوە رێگای پێدرا تەرمی هاوژینەكەی ببینێت لەو كاتەشدا كەلەپجەكەی دەستی بەقەڕەوێڵەی هاوژینەكەیەوە کراوە”.

بەشی بکە لە
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this